لە کوردی ئەوروپا تێناگەم

ئاشکرایە وەرگرتنی ڤیزا بۆ خەڵکی ئێراق کارێکی ئاسان و سادە نییە. بە زەحمەتێکی زۆر خۆم گەیاندە ئەوروپا تا بتوانم لە زانکۆکانیانەوە فێربم. لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا لە پێنج دەزگای زۆر باشی ئەوروپاوە فێری دنیایەک شت بووم. ئەگەر فێربوونی ئەم ماوەیەم بکەمە سەد بەشەوە هەشتای لەو پێنج دەزگایەوە فێربووم و بیستی لە هاتنەکەم. ئەمە واتە بەتەنها لە ئەوروپا بوون شتێکی کەمت فێر ئەکا، شوێنی سەرەکی فێربوون دەزگا بەهێزەکانی وەک زانکۆ و کۆمپانیا و بانکەکانە. جا بەڕاستی ئەوەی سەیرە ئەو کوردانەی لێرەن زۆر گرنگی بە خوێندن و فێربوون نایەن. ئەوەندە گرنگی پێئەدەن کە ژیانیان بەڕێ ئەکا، بۆ نموونە زمانێکی سەرەتایی بازاری ئەزانن لەگەڵ هەندێک یاسا گرنگەکانی وڵاتەکە، ئیتر ئەچنە سێکتەری خزمەتگوزارییەوە کار ئەکەن. بۆیە ناتوانن هیچ جومگەیەکی گرنگی وڵات بگرنە دەست. بێگومان قسەم لەسەر زۆرینەیەکی ڕەهایە. جا بەگشتی ئەو کەمینەیەش کە ئەخوێنن ناچنە دەزگا زۆر بەهێزەکان، لە زانکۆکانی رۆتەردام و ئۆسلۆ تەنها دوو کەسم دۆزیەوە کوردبن. رەنگە چەند کەسیتر هەبن بەڵام زۆر زۆر کەمە بەراورد بە ژمارەی کوردەکان لەو ولاتانە. مەعقول چییە من لە سلێمانییەوە بگەمە ئۆسلۆ تۆ لە سانیدفیۆردەوە بڵێی وەڵا دورە ناچمە ئۆسلۆ، لەگەڕەکی خۆما ن زانکۆیەکی لێیە ئەچمە ئەوێ. ئێ بابە خۆ زانکۆ دوکانی ئایسکرێم نییە، سێ ساڵ دوربکەوەرەوە. بێگومان بۆ قۆناغێکی دیاریکراو ئەمە کێشە نییە. بۆ نموونە کاتێک کەسێک تازە یەتە ئێرە و هەوڵ ئەدا خۆی دابمەزرێنێ، تا ئەگاتە بارێکی هێمن. ئەی دوای ئەوە چی؟ هۆکاری سەرەکی نەبوونی ستراتیجی و کورت بینییە. ئێمە لە کوردستانیش هەر ئەوە کێشەکەمانە، قسەیەکی سەقەتی کوردی هەیە ئەڵێ، "ئەو نانە نانە ئێستە لەخوانە''. ئەمە لوتکەی کورتبینییە کە ئەتگەمژێنێ و تاهەتایە ناتکاتە خاوەنی هیچ. ئاخەر ناکرێ لە ئەوروپا بە لۆجیکی کوردستان بژیت. تۆ کە لێرە کەوتیتە سەر ژیانی خۆت ئیتر بۆ کەمێک دوربینانە بیرناکەیتەوە؟ هیوادارم کەس معجیبی ئەوروپا نەبێ وەک شوێن، بەڵکو وەک سیستم و دەزگای کارا. لەماوەی ڕابردوودا زۆر گەنجی کورد ئەوروپایان وەک براند بەکارهێنا بۆ ئەوەی خەلک گوێیان لێبگرێ بەڵام زۆربەیان هەگبەیان خاڵی بوو چونکە خۆیان فێرنەبووبوون تا بتوانن خەڵک فێربکەن. جارێ باسی زۆرینەکە ناکەم کە لە پەیجەکانیانەوە دەریانخستووە لەئاستی مناڵی لادێیەکی کوردستانا نین. بەهیوای بەخەبەرهاتن.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە