كه‌سی باش یان سیسته‌م؟

شتێکی باشە کە کەسی ڕاست هەڵبژێری بەڵام ئەوە چارەسەری کێشەکان ناکات. شێوازی چارەسەرەکە ئەوەیە وابکەیت کە لەبەرژەوەندی کەسە هەڵەکان بێت بڕیاری ڕاست بدەن. جا #میڵتن_فریدمان لە ساڵی هەشتاکانا ئەم قسەیەی کردووە. تۆ ناتوانی بەردەوام کەسی باش و شیاو هەڵبژێری، چارەسەر ئەوەنییە بەردەوام هیواخوازبیت کەسی شیاو بێتە شوێنی شیاو. چارەسەری فعلی ئەوەیە خەڵک واز لە دەموچاوەکان بهێنن و بیرێک لە چاککردنی سیستم بکەنەوە. ڕەنگە هەموو بژاردەکان خراپ بن، ئەو بیردۆزە هیچ بنەمایەکی نییە کە ئەڵێ ئەممان تاقیکردەوە با ئەویش تاقیبکەینەوە لەوانەیە باشتربێت. دوو چارەسەر هەیە. یان کەسێک دێت و سیستمی پێیە، یان کەسێک هەیە و سیستم دائەنێت. ئەم قسەیە لەسەر ئاستی حکومەت و کۆمپانیاش ڕاستە. زۆرێک لە کۆمپانیا گەورەکان کۆمپێنسەیشن پاکێج بۆ بەڕێوەبەرەکان دائەنێن بەجۆرێک کە باشی و خراپی وەزعی کۆمپانیا تەریب بێت لەگەڵ ئەوەی وەریئەگرن. بۆ نموونە بەشێکی زۆر لە مووچەکەیان بە شێوازی ئۆپشن ئەدەنێ. بابڵێین پشکی کۆمپانیای تێسلا ئەمڕۆ هەزار دۆلارە، ئۆپشن کۆنتراکت ئەنووسن لەگەڵ بەڕێوەبەردا کە لەماوەی پێنج ساڵا بەسەر ئەچێت. ئەگەر هاتوو لە کۆتایی ساڵی پێنجەمدا نرخی پشککەکان لە خوار هەزار دۆلارەوە بوو ئەوە هیچ وەرناگرێ. بۆیە بەڕێوەبەرەکان هەموو هەوڵێکی خۆیان ئەدەن تا ئاستی کۆمپانیا بەرەو سەر ببەن و نرخی پشکەکانی زیاد بکات. ئەگەر نرخی پشک بگاتە هەزار و سەد دۆلار لە کۆتایی ساڵی پێنجەمدا، وە کۆمپانیا دە ملیۆن ئۆپشن کۆنتراکتی بۆ بەڕێوەبەر کردبێت ئەوا بڕی ١٠٠ × ١٠،٠٠٠،٠٠٠ کە دەکاتە یەک ملیار دۆلار وەرئەگرێت. جا بۆ زانیاریتان هۆکاری سەرەکی خێرا دەوڵەمەندبوونی مەسک ئەمەبوو لە تێسلا. ئەم بابەتە زۆر هەڵەگرێ تەنها لێرە بەلامەوە پێویست بوو بڵێم کۆمپانیا بە چەند ڕێگایەک هەوڵ ئەدا وا لە بەڕێوەبەرەکان بکات خەمی کۆمانیا بکەنە خەمی خۆیان. ڕێگەیەکیتریش ئەوەیە کە بەرێوەبەر دەبێ لایەنی کەم رێژەیەکی باش پشکی کۆمپانیاکەی هەبێت تا دڵی بە وەزعی خۆی بسوتێ. هەموو ئەمانە وا ئەکەن خاوەن پشکەکان تا ڕاددەیەک بێخەمبن لە بەڕێوەبەری باش و خراپ (لە ڕووی دڵسۆزییەوە نەک تەکنیکی و هونەری). کەواتە چارەسەر لە سیستمی سیاسیشا هەر ئەوەیە. هەرکەس خۆی هەستی بە ئازار نەکرد لە هەر جێگەیەکدا ئەوا بێخەم ئەبێت و یاری بە چارەنوسی ئەوانیتر ئەکا. ئەمە تەنها کێشەی بەڕێوەبەرەکان و خاوەن دەسەڵاتەکان نییە، بەڵکو لە ئاستی بەکاربەریشا ڕاستە. بۆ نموونە بابەتێکمان هەیە بەناوی مۆراڵ هازارد، خەڵک کە ئەزانن لەسەر ئەوان ناکەوێ، لەحاڵەتی هەبوونی دڵنیایی تەندروستی و ئۆتۆمبێل، زۆر گوێنایەن بە تەندروستی خۆیان و بەریەککەوتنی ئۆتۆمبیلەکانیان. جا کۆمپانیاکانی دڵنیایی ئەڵێن ئەبێ کەمێک پێستی خۆشت بە بابەتەکەوەبێت، بۆ نموونە ئەڵێن ٨٠% پارەی چارەسەرکە لەسەر ئێمەیە تا خۆت نەیەی بە دارو بەردا بڵێی خۆ لەسەر من نییە 😁کۆمپانیاکانی بیمەی ئۆتۆمبێلیش داواتلێئەکەن جی پی ئێس لە سەیارەکەتدا دابنێن تا تراکی شێواز و خێرایی لێخوڕینت بکەن و دواتر بەپێی ئەوە پاکێجی دڵنیاییت پێبفرۆشن. لەکۆتاییا هیوادارم لەوە تێبگەین کە چاوەڕوانی کەس نەکەین تا هیچ شتێکمان بۆ بگۆڕێ. پشت بەستن بە هەر کەس نیشانەی تێنەگەیشتنمانە. وادابنێ کەسێکی باشیش هات، ئەتوانێ چی ئەتوانی بکا لەناو سیستمێکی خراپ و دنیایەک کەسی گەندەڵا؟ ئەبێ سیستەم گەشەپێبدەین. هیچ سیستمێک لە دنیادا بە گەورەیی لەدایک نەبووە بەڵکو وردە وردە گەشەی پێدراوە. ئەوروپییەکان لە خراپترین حاڵدابوون کاتێک ڕۆژهەڵاتییەکان سیستمیان هەبوو، ئەوان هەنگاویان ناوە و ئێمە وەستاوین بۆیە حاڵمان خراپە. ئێستا ئێمە پێویستمان بەهەنگاوە نەک شەخس.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە