مارکێت ئیکۆنۆمی و مارکێت سۆسایتی

شتێکی سەیر کە ڕەنگە قەت بیرت لێنەکردبێتەوە ئەوەیە کە ڕێژەی سەربازەکانی کەرتی تایبەت لە جەنگی ئەمریکا لەگەل عێراق و ئەفغانستان زیاتر بوو لە ڕێژەی سەربازەکانی حکومەتی ئەمریکی. ئەروەڵا هەر بە ڕاست، ئەمەش بە مقاوەلاتە، تەندەر لێبە بزانە چەند سەرباز و چەند پێداویستی جەنگت بۆ دەرەچێ 😁 ئەمە ئیتر کۆتا وێزگەی بەکۆمپانیاکردنە (پرایڤتایزەیشن). وەتە بەڵێ، هەموو شتێک بۆ فرۆشتنە و پارە حاکم و سەردارە. لە سەردەمی فریدمان و نۆزاکەوە کە بانگەشەی جدییان بۆ بازاڕی ئازاد و لیبراڵیزم کرد مارکێت ئیکۆنۆمی زۆر بە خێرایی هەنگاوی نا بەرەو مارکێت سۆسایتی. جیاوازیەکە ئەوەیە کە مارکێت چیتر بەتەنها شوێنی بڕیاردانی کاڵاکان نییە بەڵکو هەمووشتێکە. بەواتایەکیتر ئیتر هیچ نامێنێتەوە کە پارە نەیکڕێ. ئێستا ئەمریکا نمونەیەکی وازحی مارکێت سۆسایتییە کە تەقریبەن پارە هەموو شتێک ئەکات بەڵام هێشتا سکەندەنەیڤیا نزیکە لە مارکێت ئیکۆنۆمیەوە. ئەمریکا لەدەست دەرچووە چونکە هەموو جومگەکانی بڕیاردان بە ناڕاستەوخۆ لای دەوڵەمەندەکانن. دەربازبوون لە مارکێت سۆسایتی بە کۆبوونەوەی خەڵک ئەکرێ تا دیبەیت بکەن و بڕیار بدەن چی کاڵایە و چی کاڵا نییە. جا ئەمە لە ئەمریکا ناکرێ بەڵام لایخۆمان هێشتا مەجالی تیاماوە چونکە بەهێزی پەیوەندی کۆمەڵایەتی خەڵک و نەبوونی مەتریاڵیزم لە ڕابردوودا دەلاقەیەکی بچوکی لە دەرگاکە بە کراوەی جێهێشتووە. بەڵام ئێمە لەجێی کردنەوەی دەللاقەکە خەریکین دایئەخەین بە لاسایی کردنەوەی وڵاتە پێشکەوتوەکان لە شتە خراپەکانیاندا. کێشەکانی مارکێت سۆسایتی: مارکێت سۆسایتی بەنزینی نایەکسانییە. جا کە وڵات بەدەست دەوڵەمەندەکان بوو بە هەموو ئاڕاستەیەک سامانەکەیان زیاد ئەکەن چونکە یاساکانی ئەنتای ترەست (ڕێگریکردنی کێبڕکێی بازاڕ) لاواز ئەکەن و ئۆلیگۆپۆڵی و مۆنۆپۆڵی دروست ئەکەن، هەروەک ئەیبینین. ئەمەش وائەکا کە زۆرینەی کۆمەڵگا ببنە خزمەتکاری کەمینەیەکی دەوڵەمەند. جا کێشەکە تە نها ئەمە نییە، مارکێت سۆسایتی هەڵسوکەوتی مرۆڤ ئەگۆڕێت و وای لێئەکا هەموو شتێک بە عەقڵیەتی ژمارە و پارە لێکبداتەوە. لە هەڵبژاردنی خواردن و ژیان و هاوسەر و هاوڕێ و سەرجەم لایەنە نامادییەکاندا پارە حوکم ئەکات و هیچ بەهایەک بۆ هیچ شتێک نامێنێتەوە جگە لە پارە. چارەسەر: ئەوەی ئێستا لە کوردستان ڕووئەدا ڕێک بە مارکێتکردنی کۆمەڵگایە. میدیاش ناڕاستەوخۆ خەریکی هەمان شتە. تەنها دە ساڵ بەر لە ئێستا خەڵک شەری قیەمی ئەکرد ئێستا موچە. بێگومان خۆیان وەزعەکەیان والێکرد تا خەڵک زەلیل بکەن بەڵام چارەسەر هەر لای خەڵکە، ئەگەر هیوایەک مابێت. ئەبێ خەڵک بیتە هۆش و سنور بۆ بە بازاڕکردنی شتەکان دابنێ.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە