چۆن داهاتوو بنیات ئه‌نێیت؟

سه‌‌رچاوه‌ی مرۆیی له‌ سوید به‌ نموونه‌: ئه‌م چه‌ند ڕۆژه‌ میوانم له‌ سوید لای هاوڕێیه‌كم، جگه‌ له‌ بینینی هه‌ندێ دیمه‌نی جوان، باسی چه‌ند بابه‌تێكمان كرد. ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌وێ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ به‌شیبكه‌م و شایه‌نی زانینه‌ گرنگیدانی سویده‌ به‌ سه‌رچاوه‌ مرۆییه‌كان و هێزی كاری داهاتوو. ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ وریامان بكاته‌وه‌ له‌ دروستكردنی داهاتووی وڵات له‌جێگه‌ی چاوه‌ڕوانكردنی قه‌ده‌ری نادیار. هه‌موومان به‌ تیۆری ئه‌زانین كه‌ مناڵان داهاتووی وڵاتن، به‌ڵام با به‌كرداری تێبگه‌ین. له‌ سوید مناڵ موڵكی وڵاته‌، زیاتر له‌ دایك و باوكی، چونكه‌ هه‌ر پێش له‌دایكبوونی كۆی خه‌رجی و پێداویستییه‌كانی دابین ئه‌كرێت له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌. له‌گه‌ڵ بوونی حه‌مل، دایكه‌كه‌ پزیشك ئاگادار ئه‌كاته‌وه‌ و قۆناغ به‌ قۆناغ به‌پێی پێویست ڕێنمای پزیشكی وه‌ره‌گرێت تا كاتی مناڵبوون (هه‌موو تێچووه‌كان له‌ئه‌ستۆی حكومه‌ته‌). خه‌رجی مناڵبوونیش كه‌ نزیكه‌ی ٥٠٠٠ دۆلاره‌ دیسان له‌ئه‌ستۆی حكومه‌ته‌. پاش له‌دایكبوونی مناڵه‌كه‌، شه‌ش مانگ دایك مۆڵه‌تی به‌ موچه‌ی ٨٠% وه‌رئه‌گرێت تا خزمه‌تی مناڵه‌كه‌ بكات. پاشان باوكه‌كه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ مۆڵه‌تی شه‌ش مانگ وه‌رئه‌گرێت. پاش ساڵێك مناڵ ئه‌چێته‌ دایه‌نگه‌ و زۆربه‌ی كاته‌كه‌ی له‌وێ به‌سه‌ر ئه‌با. له‌ماوه‌ی دایه‌نگه‌دا مانگانه‌ بڕی ١٤٠ دۆلار وه‌ره‌گرێت بۆ شیر و دایبی. به‌م شێوه‌یه‌‌ تا سه‌رجه‌م قۆناغه‌كانی دایه‌نگه‌ و باخچه‌ی ساوایان و قوتابخانه‌ ته‌واو ئه‌كا له‌ كاتژمێڕ ٨:٠٠ – ٤:٠٠ له‌ ده‌وامه‌. پاش گه‌ڕانه‌وه‌ نزیكه‌ی چوار كاتژمێری هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ دایك و باوكی به‌سه‌ریببا چونكه‌ له‌ كاتژمێر هه‌شت ئه‌بێ بخه‌وێ. كه‌واته‌ هه‌ر به‌ڕاستی ئه‌م مناڵه‌ هه‌موو تێچوویه‌كی له‌سه‌ر حكومه‌ته‌، وه‌ زۆربه‌ی كاته‌كانی له‌ ده‌زگاكانی حكومه‌ت (دایه‌نگه‌، باخچه‌ی ساوایان، قوتابخانه‌) به‌سه‌ر ئه‌با. پرسیارێكی گرنگ هه‌یه‌ لێره‌، باشه‌ بۆچی؟ وه‌ڵامه‌كه‌ ئاسانه‌: چونكه‌ مناڵه‌كان داهاتووی وڵاتن، به‌ڵام به‌كرداری نه‌ك قسه‌. .............. جا پاش ته‌واوكردنی قوتابخانه‌، ئه‌كرێ كه‌سه‌كه‌ بچێته‌ زانكۆ و په‌یمانگا یان كاربكا. ئه‌گه‌ر درێژه‌ بدا به‌ خوێندن ئه‌وه‌ مانگانه‌ بڕی ١٣٠٠ دۆلار وه‌ره‌گرێ. بۆ؟ چونكه‌ ته‌مه‌نی گه‌شتوه‌ته‌ ١٨ ساڵ و نابێ ببێته‌ ئه‌رك بۆ دایك و باوكی. بڕی ٣٥٠ دۆلاری ده‌رماڵه‌یه‌ (ئه‌مه‌ بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت كه‌ وتی ده‌رماڵه‌ له‌دنیایا نییه‌). بڕی ٩٧٥ دۆلاره‌كه‌ی تریشی پاش ئه‌وه‌ی كه‌وته‌ سه‌ر كار مانگانه‌ بڕێكی زۆر كه‌می لێوه‌رئه‌گیرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی له‌هه‌ر زانكۆ و په‌یمانگایه‌ك بخوێنێ هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك نادات. ئه‌گه‌ر بیه‌وێ كارێك بدۆزێته‌وه‌، ئه‌وه‌ ئه‌چێته‌ ده‌زگای كار و ناو ئه‌نوسێت. راوێژكارێك ڕێنمای ئه‌كات هه‌ر له‌ دروستكردنی سیڤییه‌وه‌ تا دۆزینه‌وه‌ی كار. هانی ئه‌دا مانگانه‌ به‌لایكه‌مه‌وه‌ ته‌قدیمی نزیكه‌ی ١٥ كار بكه‌یت. ئه‌گه‌ر كاری نه‌دۆزیه‌وه‌ داوای لێده‌كه‌ن كه‌ یه‌كێك له‌و كۆرسانه‌ بخوێنێ كه‌ به‌پێی پێوسیتی بازاڕی سوید دانراون. له‌پاش سێ مانگ، له‌گه‌ڵ خوێندنی كۆرسه‌كه‌دا بڕێك پاره‌ش وه‌ره‌گرێ چونكه‌ خۆی به‌ره‌و پێش ئه‌بات و ئه‌بێته‌ كه‌سێكی به‌رهه‌مدارتر له‌بازاڕی وڵاتدا، تا ئه‌وكاته‌ی خۆیان كاری بۆئه‌دۆزنه‌وه‌. جا بابڵێین له‌وكاته‌یا كارێكی گونجاو نییه‌، ده‌زگای كار داوا له‌كۆمپانیایه‌ك ده‌كات كه‌ كه‌سه‌كه‌ وه‌ربگرن (بێگومان به‌پێی گونجاوی تواناكانی كه‌سه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وجۆره‌ كاره‌ی كه‌ كۆمپانیاكه‌ ئه‌یكات). ده‌زگای كار ڕێكده‌كه‌وێ بۆماوه‌ی ساڵێك خۆی موچه‌ی كه‌سه‌كه‌ بدا به‌ڵام كه‌سه‌كه‌ ببێته‌ كارمه‌ند له‌ كۆمپانیاكه‌. پاشان كۆمپانیاكه‌ ئه‌بێت كه‌سه‌كه‌ وه‌ربگرێت و وه‌ك كارمه‌ندێك ده‌ستبه‌كاربێت. جا ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌هه‌ر قۆناغێكدا بێ ئیش ببێ، ڕسته‌وخۆ بۆماوه‌ی ساڵ و نیوێك ئه‌چێته‌ سه‌ر ئینشورانس. ئینشورانس مانگانه‌ نزیكه‌ی ٣٠ - ٤٠ دۆلار له‌ موچه‌ ئه‌با، به‌ڵام له‌حاڵه‌تی بێكارییا فریای ئه‌كه‌وێ بۆ ماوه‌ی ساڵ و نیوێك كه‌ كاتێكی زۆر باشه‌ تا كاری داهاتوو بدۆزێته‌وه‌. .............. به‌پوختی، سه‌رچاوه‌ی مرۆیی بریتییه‌ له‌هێزی ئابوری. كاتێك ئابوری وڵاتێك هێزی كاری كه‌مئه‌بێته‌وه‌ به‌وردی حسابی ئه‌وه‌ ئه‌كات و هانی مناڵبوون ئه‌دا به‌ هه‌موو هانده‌ره‌ ماددی و مه‌عنه‌وییه‌كانه‌وه‌. وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان له‌ڕێگه‌ی زانكۆ و سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ و گه‌وره‌ كۆمپانیاكانه‌وه‌ كه‌سه‌ به‌تواناكانی وڵاتانیتر ڕائه‌كێشن تا ئابورریه‌كه‌یان به‌ره‌وپێش ببه‌ن. به‌ڵام ئێمه‌ نه‌فره‌تی سه‌رچاوه‌ وایلێكردووین كه‌ هێزی كار و كه‌سه‌ به‌تواناكانمان ڕاوبنێین. هیچ ئابورییه‌ك نییه‌ له‌دنیادا هێزی كاری ناچاری چوونه‌ده‌ره‌وه‌ بكا. ئه‌و ده‌ققه‌یه‌ كه‌ نه‌وت نه‌ما (كه‌ نامێنێ) ئه‌زانین له‌چ كاره‌ساتێكاین. ئێمه‌ ماڵێكین له‌شوشه‌، به‌رگه‌ی به‌ردێك ناگرین. .............. تێبینی: ١- زانیارییه‌كانم له‌هاوڕێیه‌كم وه‌رگرت و حه‌زمكرد له‌گه‌ڵ ئێوه‌ به‌شی بكه‌م. ٢- ئه‌و پارانه‌ به‌ كرۆنن و كردومن به‌ دۆلار، نزیكه‌یین. ٣- حكومه‌ت به‌پاره‌ی باج ئه‌و خه‌رجیانه‌ ڕائه‌گرێت كه‌ به‌لای كه‌مه‌وه‌ ٣٣% ی داهاته‌. ٤- له‌كاتی به‌راورددا بیرتنه‌چێ تێچوی ژیانی وڵاتی سوید حساب بكه‌ با به‌راورده‌كه‌ت واتاداربێ. ٥- ئه‌گه‌ر كه‌سێك زانیاری زیاتره‌ سوپاسی ئه‌كه‌ین كه‌ هه‌ڵه‌كانمان ڕاستبكاته‌وه‌.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە