بەڕێوەبردنی کات: بەرهەم گرنگە نەک کات

کاتێک باس لە بەڕێوەبردنی کات دەکرێت زۆرێک وابیردەکەنەوە مەبەست لە دانانی خشتەی کاتی (schedule) ڕۆژانەی وورد و خۆبەستنەوەیە بەو خشتەیەوە. هەمیشە دژ بەدانای پلانی کات بووم لەلایەن کەسانی ترەوە، تەنانەت کاتێک لەپۆلی شەشی ئامادەیی بووم تەنها یەک ڕۆژ لەسەر ئەو پلانە ڕۆیشتم کە لەلایەن یەکێک لەمامۆستاکانەوە دانرا بۆمان. کاتێک بەڕێوەبردنی کات واتا دەدات بەدەستەوە کە ئامانجەکەی زیادکردنی بەرهەم بێت، نەک ڕێکخستنی بێمەبەست. لەڕاستیا ڕێکخستنی کات دەبێتە پێویستی کاتێک کەسێک کارەکانی لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت و ناتوانێت لەکاتی کارکردنی ئاساییدا سەرجەمیان تەواوبکات. چونکە مەبەست لەبەڕێوەبردنی کات زیادکردنی بەرهەمە، پێویستە کارەکان ڕیزبەندیان (priority) بۆبکرێت لەسەر بناغەی گرنگی (importance) و پەلەیی (urgency). گرنگی: سەرەتا پێویستە لە وشەی “گرنگ” تێبگەین. بەپێی یاسای ٢٠/٨٠ ی پاریدۆ، ئەو کارانەی ٨٠٪ ی بەرهەم پێکدەهێنن نزیکەی ٢٠٪ ی کۆی کارەکانن. بەڵێ، کەمێک لەکارەکان زۆرترین بەرهەمیان هەیە و زۆرێک لە کارەکان (٨٠٪) کەمێک بەرهەمیان هەیە (٢٠٪). پەلەیی: هەندێک لەکارەکان پێویستە زوو بکرێن جا گرنگبن یان نا، ئەمە پێچەوانەکەشی ڕاستە بۆ ئەوکارانەی کە دەکرێت دوابخرێن. دەرەنجام: ئەوکارانەی کە گرنگ و پەلەن دەبێت ئێستا بکرێن بەڵام ئەوکارانەی ناگرنگ و پەلەن دەکرێت بسپێردرێن بەکەسێکیتر. کارە گرنگە ناپەلەکان دەبێت دوابخرێن و کارە ناپێویستە نا پەلەکان شایەنی پشتگوێخستنن. بەمشێوەیە دەکرێت ئاستی بەرهەمی کەسێک زیادبکات چونکە کارە گرنگ و پەلەکان پێشەدەخات و ڕێگەنادات کارە ناپێویستەکان کاتی لێبگرن.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە