بیردۆزی پرۆسپێکت و ئینستاگرام

با دوو پرسیار بکەم: ١- کام لەمانە هەڵئەبژێری؟ ا- ٥٠ هەزار دۆلار بە ئەگەری ١٠٠% ب- شێروخەت: ئەگەر ڕاستت کرد ١٠٠ هەزار دۆلار، ئەگەر نا هیچ وەرناگریت. ٢- کام لەمانە هەڵئەبژێری ئەگەر خاوەنی یەک ملیۆن دۆلار بیت؟ ا- ٥٠ هەزار دۆلار بە ئەگەری ١٠٠% ب- شێروخەت: ئەگەر ڕاستت کرد ١٠٠ هەزار دۆلار، ئەگەر نا هیچ وەرناگریت. ڕەنگە لە پرسیاری یەکەم (ا) هەڵبژێریت و لە پرسیاری دووەم (ب). چونکە لە پرسیاری یەکەم هیچ زانیاریەکت نییە لەسەر بارودۆخی ئێستات. باردۆخی ئێستا (reference point) لە هەڵبژاردندا گرنگە. یەکەمجار لە بیردۆزی پرۆسپێکتدا (prospect theory) ڕەچاوکرا کە لەلایەن دانیاڵ کانەمان و ئامۆس تڤێرسکی لە ساڵی ١٩٧٩ گەشەی پێدرا. پێش ئەم بیردۆزە بیردۆزی یوتیڵیتی (utlility theory) هەبوو کە لە سەدەی هەژدەدا زانای بیرکاری سویسری دانیاڵ بێرنوڵی دایهێنا. کێشەی بیردۆزی یوتیڵیتی ئەوەیە گرنگی بە بارودۆخی ئێستا نادا. بەواتایەکی تر، یەک دۆلار هەر یەک دۆلارە، چیت هەیە و چیت نییە گرنگ نییە. بەڵام بیردۆزی پرۆسپێکت ئەڵێ یەک دۆلار ئەکرێ هیچ نەبێ و ئەشکرێ زۆربێت بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی ئێستات. وردبوونەوە لەم بیردۆزانە هەڵئەگرم بۆ داهاتوو ئەگەر دەرفەت هەبوو، حەزەکەم یەک نموونە لەبەر ڕۆشنایی ئەم دوو بیردۆزە شیبکەمەوە: فلتەری ئینستاگرام 😉 بەپێی بیردۆزی پرۆسپێکت کاتێ هەموو وێنەکانی ئینستاگرامت فلتەری لەسەرە کاریگەرییەکی زۆر نێگەتیڤ لەسەر چاوەڕوانییەکانی (expectations) ئەو کەسانە دروست ئەکەیت کە هێشتا نەیان بینیویت. ئەو کەسانەی پێشتر تۆیان بینیوە ئەزانن شێوەت چۆنە، لەبەرئەوە کاریگەری ئەوتۆ لەسەر چاوەڕوانییەکانی ئەوان دروست ناکەیت. بەڵام ئەوانەی سەرەتا لە ئینستاگرام ئەتبین، پاشان بە ڕاستی، چاوەڕوانییەکانیان لەدەوری ئەو وێنانەیە کە بە فلتەرەوە داتناون. ئەمە وائەکات کە زۆر زۆر کەمت بنرخێنن (undervalue) تەنانەت ئەگەر جوانیشبیت. ئەکرێ کەسێک تۆی بەدڵبوایە ئەگەر ڕاستەوخۆ بیبینیتایە، بەڵام هەر ئەوکەسە ناتوانێ قبوڵتبکا کە سەرەتا لە ئینستاگرامەوە (بە فلتەرەوە) بینیوتی. ڕێک ئەمە لێکدانەوەی بیردۆزی پرۆسپێکتە، ئەگەر بەدڵت نەبوو جنێوەکان بنێرە بۆ دانیاڵ و ئامۆس 😁 کەواتە ئەمەوێ بڵێم فلتەر پەیوەندی جدی و درێژخایەن کەم ئەکاتەوە یان ئەیگۆڕێ بە پەیوەندی کورتخایەن و لابەلا. بێگومان قسەکە لەسەر ئەو کەسانەیە کە بەدوای پەیوەندی جدی ئەگەڕێن و سەرەتا لە ئینستاگرام (یان سناپچات) کەسی بەرامبەر ئەبینن، بەتایبەتیش بۆ ئەو کەسانە ڕاستە کە فلتەری زۆر سەیر و سەمەرە بەکار ئەهێنن و جیاوازییەکەی گەورە دروست ئەکەن لەگەڵ واقعی خۆیاندا. لێرە مەبەستم نییە نەسیحەتی کەس بکەم، تەنها ئەمەوێت لەمە تێبگەیت لەبەر ڕۆشنایی زانستدا. لە حاڵەتی ئاسایشدا کە ڕەبتی بە پەیوەندیەوە نییە بەها و سەنگی تۆ کەمئەکاتەوە چونکە لەخوار چاوەڕوانییەکانەوەیت. ڕاستە جوانی بابەتی سەرەکەی نییە لە هاورێیەتی و ئیشدا بەڵام ناڕاستەوخۆ قبوڵنەکردنی خۆت و پیشاندانی وێنەیەکیتر پێناسەئەبێت بۆ ڕازی نەبوون و کەمی متمانە و ناواقعی بوون. با ئەوەش بڵێم کە زۆر بەدەگمەن فلتەر بەکارئەهێنم. بابەتەکە تەنها لەسەر کچ نییە، ئەمە بۆ هەموو کەسێک ڕاستە. پێم باش نییە جیاوازییەکی گەورە لەگەڵ واقعی خۆم دروستبکەم. هەمان هەستی نێگەتیڤم بۆ زۆر هاورێ و کەس هەبووە کە کوڕ بوون، بەهۆی زیاد بەکارهێنانی فلتەر و تەنانەت قورسی ناسینەوەیان لە واقعدا.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە