ئارگومێنتە بێئەنجامەکان

جارێک تێکەوتم لەگەڵ هاوڕێیەک باسی بابەتێکی داراییمان کرد، ئەو ئەساسێکی کەمی دارایی هەیە، زۆر بە دڵنیاییەوە باسی شتەکانی ئەکرد. منیش هەوڵمدا خوێندنەوەکەی بۆ ڕاستبکەمەوە و دروستی بابەتەکەی تێبگەیەنم. وەڵا ئیتر بووم بەداوەکەوە، نزیکەی نیو سەعات بێنە و بردە هەر نەگەیشتینە ئەنجام. لە کۆتاییا وتم با وازبهێنین چونکە ئەوەی تۆ ئەیبینی منیش ئەیبینم بەڵام من هەندێک شتیتر ئەبینم کە تۆ ناتوانی بیبینی. ئیتر هەوڵیدا دیسان بچێتەوە ناو بابەتەوە، وتی بۆیە وائەڵێیت توانای بەرگری کردنت نەماوە لەسەر بیرۆکەکەت و ئەتەوێ بڵێی من زیاتری لێئەزانم. ئەیویست دەفعم بکات بەرگری بکەم 😁 منیش کە هیچ تاقەتی قسەم نەمابوو، وە ئەشمزانی گفتوگۆیەکی بێبەرهەمە نەچومەوە سەر بابەتەکە و وتم با بەدڵی تۆبێ. حەزمکرد لەم پۆستەدا باسی جیاوازی ئاستی قوڵبوونەوە بکەم. زۆرجار لە دیبەیتدا کەسە کەمزانەکان ئەیبەنەوە چونکە زۆر بەدڵنیاییەوە قسەئەکەن، خەڵکیش بەگشتی ئاستی قوڵبوونەوەیان کەمە و حەزیان لە ئارگومێنتی سەرنج ڕاکێشە لەکاتێکدا زۆربەی قسە نەستەقەکان هەڵەن. نموونەیەک ڕەنگە یارمەتیدەربێت. کەسی ڕەنگ کوێر توانای بینینی چەند ڕەنگێکی دیاریکراوی هەیە. بێگومان ئەو ڕەنگانەی ئەوان ئەیبینن ئێمەش ئەیبینین، بەڵام ئێمە ڕەنگیتریش ئەبینین کە ئەوان نایبینن. لەم بابەتەدا ئێمە لەوان قوڵترین، ئەکرێ ئەوان جیاوازی نێوان سور و پەمەیی بە قسەی هیچ بزانن چونکە نایبینن، لەبەرئەوە بۆ ئێمە قورسە قەناعەتیان پێبکەین کە ئێمە ڕاستین و جیاوازی نێوان سور و پەمەیی زۆرە. لەدنیای ئەواندا سور و پەمەیی یەک شتە و کەسێک جلی سور لەبەرئەکا و ئەویتر پەمەیی، وە ئەڵێن ئێمە هەمان ڕەنگمان لەبەرە، بەڵام بۆ ئێمە نەک هەر وانییە بەڵکو تا ڕادەی بێزاری ناکۆکین لەسەری. مەسەلەی زانستیش وایە، کەسێک هەندێک لە زانستێک ئەزانێت پێیوایە زۆر ئەزانێ، دوای خوێندنەوەی زیاتر و باشتر وردە وردە ڕەنگی زۆرتر ئەبینێت. تا بەرەو پێشیش بچیت کارەکەت قورسترە چونکە تازە ناتوانی بگەڕێیتەوە. قەناعەتکردن بە ئوانیتر زۆر ئاسان نابێت چونکە ڕەنگە زۆرەکان نابینن و لەهەندێک حاڵەتدا هەستەکەن تۆ سور و پەمەییت لەمێشکی خۆتدا دروستکردووە ئەگینا یەکشتن. وابزانم تا چەند ساڵێکیتر تاقەتی گفتوگۆ و ئارگومێنتم نامێنێ چونکە کەمتر و کەمتر لە بابەتە قوڵەکان تێئەگەن، هەندێجاریش هەست بە بێمانایی قسەکانت ئەکەن چونکە دیسانەوە لای ئەوان سور و پەمەیی هەر یەکشتن. جا لە مەرحەلە قوڵەکاندا سور ئەبێ بە دە ڕەنگیتر و پەمەیش بە دە ڕەنگیتر. جا وەرە بتوانە ئەمانە باسبکە و بەرامبەرەت بەشێتت نەزانێت! سەرنجێک لەسەر قوڵی و مەرحەلەکانی خوێندن: لە بەکالۆریۆسدا جێبەجێکردنی کاپیتاڵ ئەسێت پرایزین مۆدێل ئەخوێنی (با ئەمە نموونەی بیردۆزێک بێت)، واتە یاساکەت هەیە و نموونە شیکار ئەکەیت، ئیتر حەقت نییە لەکوێوە هاتووە. لە ماستەردا داتاشینی مۆدێلەکە ئەخوێنی، ئیتر پێویستە بزانی لە کوێوە هاتووە و لەسەر چ گریمانەیەک دامەزراوە. لە دکتۆرادا دێی باسی کەموکوڕییەکانی مۆدێلەکە ئەکەیت، بزانی ئەو گریمانانە ڕاستن یان نا، ئەگەر نا چی پێویستە تا مۆدێلەکە باشتر بکرێت. لەمەوە ئەزانین دەرچووی بەکالۆریۆس بێ دوودڵی مۆدێلەکە وەرئەگرێت و بەکاری ئەهێنێت، بۆیە بڕوا بەخۆبوونی سەد لە سەدە. دەرچووی ماستەر لە ئەساسی مۆدێلە و گریمانەکانی تێئەگات، بۆیە بڕوا بەخۆبوونی دائەبەزێت بۆ نەوەد لە سەد. ئاستی دکتۆرا ئیتر خۆی کار لەسەر چارەسەرکردنی مۆدێلەکە ئەکات، جگە لەوەش ناچارە هەموو توێژینەوەکانی پەیوەندیدار بە مۆدێلەوە بخوێنێتەوە، بۆیە ڕەنگە دڵنیای بۆ حەفتا لە سەد دابەزێت. تێبینی: نوونەی ڕەنگ کوێرم بەکارهێنا بۆ تێگەیشتنی زیاتر، نازانم کە ئەسڵی بابەتەکە چۆنە بەوردی. ببورن ئەگەر کەموکوڕی تێدابێت.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە