مرۆڤ چۆن مۆنۆپۆڵی (قۆرخكاری) دروست ده‌كات؟

مۆنۆپۆلیست (قۆرخكار) تاكه‌ دابینكه‌ری به‌رهه‌مێك یان خزمه‌تگوزارییه‌كه، واته‌ هیچ كێبركێیه‌ك له‌ئارادا نییه‌‌. ده‌رئه‌نجامی ئه‌مه‌ دانانی نرخێكی زۆر زیاتره‌ له‌ تێچوون و مانه‌وه‌ی قازانجێكی بێشوماره‌. به‌م قازانجه‌ مۆنۆپۆلیست توانای به‌رهه‌مهێنان زیاتر ده‌كات و تێچوون كه‌م ده‌كاته‌وه‌، له‌كاتێكدا نرخ هه‌ر به‌رز ده‌كاته‌وه‌. پاشانیش به‌م داهاته‌ وه‌به‌رهێنان له‌ به‌رهه‌م و خزمه‌تگوزاری ترداده‌كات و هه‌وڵده‌دات ببێته‌ مۆنۆپۆلیست له‌ دابینكردنیاندا. له‌كۆتاییا هه‌وڵده‌دات هه‌موو سێكته‌ره‌كانی ئابوری داگیربكات، ته‌نها خۆی به‌رهه‌مهێنبێت و هه‌موو خه‌ڵك ببنه‌ كارمه‌ندی ئه‌و. بۆ كڕیاری ئاسایی دروستبوونی مۆنۆپۆڵی واته‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی بژارده‌ و ناچاربوون به‌ قبوڵكردنی به‌رهه‌می مۆنۆپۆلیست له‌ لایه‌كه‌وه‌، وه‌ برزبوونه‌وه‌ی نرخ له‌سه‌ری له‌لایه‌كیتره‌وه‌. به‌مشێوه‌یه‌ كڕیار مافی هه‌ڵبژاردنی كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و توانای كڕینی كه‌م ده‌بێته‌وه‌. له‌كۆتاییا بێئه‌وه‌ی بیریلێبكاته‌وه‌ ده‌بێته‌ كۆیله‌ی مۆنۆپۆلیست. ئه‌وه‌ی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا هێزی كار به‌ده‌ستی خۆی مۆنۆپۆڵیست دروست ده‌كات به‌ گه‌وره‌كردنی گه‌وره‌كان و له‌ناوبردنی بچووكه‌كان. كڕیار له‌ پێشبڕكیی كۆمپانیاكان قازانج ده‌كات به‌ڵام ئه‌و تێناگا له‌ هاوكێشه‌كه‌. مۆنۆپۆلیستی ته‌واو بوونی نییه‌ به‌ڵام ئۆلیگۆپۆڵیسته‌كان هه‌ن كه‌ چه‌ند كۆمپانیایه‌كن سێكته‌رێكیان داگیر كردووه‌. بۆ نموونه‌، كاتێك كێبڕكێ گه‌شه‌ ئه‌كات كه‌ كڕیار له‌جێی ئایفۆن و گالاكسی ماركه‌ بچووكتره‌كان بكڕێت به‌ نرخێكی زۆر كه‌متر تا ئه‌وانیش به‌نرخه‌كانیانا بچنه‌وه‌ به‌ڵام مرۆڤی ساده‌ نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ ناكا به‌ڵكو شانازی به‌ به‌كارهێنانیانه‌وه‌ ئه‌كات. تا ئێره‌ قسه‌ له‌سه‌ر كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنان بوو، با سه‌رنجێكی لایه‌نه‌كانیتر بده‌ین. هانده‌رانی تۆپی پێ حه‌ز به‌ گه‌وره‌بوون و بردنه‌وه‌ی یانه و یاریزانه‌‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ده‌كه‌ن، به‌وهۆیه‌وه‌ گه‌وره‌تر و ده‌وڵه‌مه‌ندتر ئه‌بن له‌كاتێكدا بچووكه‌كان چانسی گه‌وره‌بوونیان كه‌مده‌بێته‌وه‌. هه‌وادارانی هونه‌ر و میوزیك به‌ گوێگرتنیان له‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ده‌وڵه‌مه‌ندتریان ده‌كه‌ن و پێشبڕكێ كه‌م ئه‌كه‌نه‌وه‌. له‌ كوردستان خه‌ڵك فۆڵۆوی كچه‌مۆدێل و پێشه‌كشكاره‌كان ده‌كات و چاوه‌ڕوانیشه‌ خوێنكارانی به‌شه‌ زانستییه‌كان داهێنانی بۆبكه‌ن، یان گله‌یی ئه‌كا كه‌ بۆ ناتوانن بیكه‌ن. ده‌رچووان و خوێندكارانی زانكۆ شانازی به‌ زانكۆی تایبه‌ته‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌كاتێكا ئه‌وان نازانن كه‌ شایه‌نی ئه‌وه‌ن له‌زانكۆی گشتی بێدانی پاره‌ بخوێنن، له‌وه‌ش بێئاگان كه‌ چ یارییه‌كی ترسناك ده‌كه‌ن به‌داهاتووی خوێندن و زانكۆوه‌. زۆر به‌ كورتی كۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆ پاداشتی كه‌سانێكی ناشایسته‌ ده‌داته‌وه‌ و گوێی له‌ شایسته‌كان خه‌واندووه‌ پاشانیش گله‌یی هه‌یه‌ له‌ به‌ره‌و پێشنه‌چوونی كۆمه‌ڵگا. كۆمه‌ڵگا سێوی ناشتووه‌ و ئه‌یه‌وێ پرته‌قاڵی بۆبگرێ. ئه‌مانه‌ كه‌ باسمكردن كاری حوكمه‌ت و ده‌سه‌ڵات نین به‌ڵكو كاری كۆمه‌ڵگان. گه‌وره‌ترین كێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تاك له‌كۆمه‌ڵگایه‌كی باش په‌ره‌وه‌رده‌نه‌كراودا به‌های خۆی نازانێ. ئه‌و پێیوایه‌ زۆر بچوكه‌ وبه‌رده‌وام چاوه‌ڕوانی كه‌سانێكه‌ كه‌ ده‌ستپێبكه‌ن و ئه‌ویش له‌گه‌ڵ شه‌پۆله‌كاندا مه‌له‌بكات. بێئاگا له‌وه‌ی كه‌ ده‌سپێكردن بریتییه‌ له‌ لایكی په‌یج و پۆستی باش له‌ سۆشیال میدیا، كڕین له‌ دوكانه‌ بچووكه‌كان، خواردن له‌ چێشتخانه‌ ساده‌كان، دروستكردنی نه‌وه‌یه‌كی به‌رپرسیار، لابردنی كۆسپی سه‌ر ڕێگای كه‌سێك، خوێندن بۆ فێربوون نه‌ك شه‌هاده‌ و خۆگۆڕین، ڕێزگرتن له‌ داهێنه‌ره‌كان نه‌ك ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە