جەردەیی لە سۆشیاڵ میدیا

وابزانم دزی لە شۆشیاڵ میدیای کوردی وازحە و پێویست بە باسکردن ناکات، ئەمجارە باسی جەردەیی ئەکەین. عادەتەن پەیجە بێخاوەن و سێبەرەکان پۆستی پەیجەکانیتر دەهێنن و دایئەنێنەوە بێ ئاماژەکردن بە سەرچاوە و خاوەنی پۆستەکە. بڕوابکەن هەندێکیان تۆزێک ڕۆشنبیربوون و ئاماژە بە سەرچاوەکەشی ئەکەن. بەڵام هەندێک ئینفلوێنسەرمان هەیە کە هێشتا بەردەوامن. ئاخەر بیهێنە بەرچاوت پەیجی بێخاوەن فێری شتێک بووبێت تۆی دیار، ڕوشنبیر لەبەینی دوو کەوانەیا، هاندەر و ڕاهێنەر فێری نەبووبیت! خوا ئەزانێ ئەم کوردستانە هەموو شتێکی سەراوقنە (عەیب نەبێ). جا ڕاهێنەر و هاندەرەکانی کورد بەگشتی لەسەر پەیج و ئەکاونتی سۆشیاڵ میدیای ئینفلوێنسەرە جیهانییەکان ئەژین، بڕوابکەن لە دە پۆست هەر دەیی هی ئەوانە و وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و ترش و خوێی پێکراوە. ئەمە پێی ئەوترێ #دزیحازرخۆر کە چەند دەرەجەیەک ئاست نزمترە لە #دزیئەکادیمی، کە هیچ نەبێ دزیەکە لەسەر توێژینەوەی زانستیە نەک پۆستە حازرکراوەکەی سۆشیاڵ میدیا. کاکە تا ئێرەش وتمان ئێ، ئێستا تاقەتی ئەوەشیان نەماوە، ڕێک یەن لە ئێمەی ئەبەن، ئەمەیان #جەردەیی ە چونکە هیچ بەهایەکت بۆ زیاد نەکردووە بە بەرچاوی خۆمەوە ئەبەیت و ئەچی لایخۆت دایئەنێیت بێ ئاماژەکردن بە سەرچاوەکەی. لێرە مەبەستم لە دزینی کۆپی پەیست نییە بەڵکو دزینی ئایدیا و کۆنسێپتی پۆستەکە و جارێکیتر داڕشتنەوەی بە زمانی خۆت. جا بچۆ دەمی ئەمانە بکەرەوە بەجۆرێک قسە ئەکەن تۆ هیچ نازانی و ئەوان پرۆفیسۆر. قیاسەکەشیان بۆ سەرکەوتن ژمارەی لایک و فۆلۆوەرە. لای ئەوان پرۆفیسۆری هارڤەرد و ئۆکسفۆرد هیچ نیە چونکە ژمارەی فۆلۆوەرەکانی کەمە بەڵام هین (با نەیلێم) مهیمە چونکە دنیایەک فۆلۆوەری هەیە. ئای چەنە چیپن. جا بەڕاستی لێرەش جێیخۆیەتی گلەیی لە خوێنەر بکەین کە ناتوانن پۆستی کۆپی و ئۆریجیناڵ، زانستی و وەهمی، پرۆفیشناڵ و بازاڕی، واقعی و ئەفسانەیی لێک جیابکەنەوە. ئێمەش وەک خوێنەر (دور لەخۆمی تیا نییە) پێویستە وردبین و بزانین کێ چی پێشکەش ئەکات. هەرچەندە لێرە ئەنووسم بەڵام بڕوابکەن واملێهاتووە خۆشم لە سۆشیاڵ میدیا ناخوێنمەوە ئەوەندە پۆخڵەوات یەتە بەردەمم. جاریوا هەیە کە یەمە فەیسبووک ئەڵێم دەی یەڵڵا با گوێ لە ڤیدیۆیەکی هین (با نەیڵێم) بگرم چونکە عادەتەن خۆم فاینانشیاڵ تایمز ئەخوێنمەوە بۆ بابەتی جدی، ئەڵێم با فەیسبووک بۆ جەو بێت. ئەمە کەمێک بێ هیوابوونمە لە خوێنەری کورد نەک نوسەرەکان چونکە دڵنیاتان ئەکەمەوە خوێنەرەکان دیاری ئەکەن نوسەرەکان چی بنووسن.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە