جەژن و نێتۆرکین

وا جوانترە جەژنە پیرۆزە لە ڕۆژی جەژنا بکرێت، بەڵام دەی، جەژنتان پیرۆز و بەهیوای بەسەربردنی کاتێکی خۆش 😊 #ڕۆبێرت_کیۆساکی ئەڵێ، هەموو کەس بەدوای کاردا ئەگەڕێن لەکاتێکا دەوڵەمەندەکان نێتۆرک دروست ئەکەن. #نێتۆرک بریتییە لە تۆڕی پەیوەندی، بەتایبەت لەژینگەی کاردا بریتییە لە دروستکردن و فراوانکردنی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی هاوشێوە و بەتوانا. بۆچی؟ چونکە #برایان_ترەیسی ئەڵێ، تۆ یەکسانی بە تێکڕای پێنج کەس کە زۆرترین کاتیان لەگەڵ بەسەرئەبەیت. وەک هەمیشە با #بەڵام یکی بۆ زیاد بکەین. کەمن ئەوانەی ئەم بابەتە بەباشی تێگەیشتوون. نابێ هەر خەریکی فراوانکردنی بازنەی پەیوەندی بیت، زیاتر ئەبێ خەریکی قوڵ کردنی بیت. بۆ نموونە، وا باشترە پێنج کەس بناسی کە ئامادەبن هاوکارت بن، بە بەراورد بە ١٠٠ کەس کە ناسینەکان ڕەمزین و هیچکات ناتوانی یارمەتی زانستی و مادی و مەعنەویان لێوەربگریت. لە ڕابردودا بە زۆر کەسم وتووە هەوڵی فراوانکردنی تۆڕی پەیوەندی بدەن بەڵام لە فەیسبووک هەندێک جار ئەبینم بە پۆستی کەسە بەتواناکانا یەنەخوارەوە، کۆمێنتی زۆر سادەی وەک "دەست خۆش زۆر جوانە" ئەنووسن. ئەمە نەک هەر بنیاتنانی پەیوەندی نییە بگرە خراپ کردنییەتی چونکە بەرامبەرت ئەزانێ کە تۆ زۆر سادەیت و هیچ گونجاونیت بۆ بوون بەبەشێک لە تۆڕێکی کوالیتی بەرزی ڕێکخراو. ئەمە پەیوەندی بە جەژنەوە چی بوو؟ تێنەگەیشتی؟ بڕۆ ئەو پەیوەندییانە گەرمبکەرەوە کە هەتە و ئیهمالت کردوون یان سارد بوونەتەوە. هەرکات ئامادەنەبووی بۆ بابەتێک داوای هاوکاری لە کەسێک بکەیت کە ئەیناسی ئەوە بزانە پەیوەندییەکەت ساردە یان کزە. دوو ساڵ بەر لە ئێستا تاقیکردنەوەیەکی قورسی فرۆشتنم کرد لە کۆمپانیایەکی ئەوروپی. خوا بەو سەرەوەیە زۆر لەوانەی لە کوردستان کۆرسی فرۆشتن ئەڵێنەوە تەپەی پیا نایەن. بەس بۆ دەرچوون لەو تێستە یەک کۆرسی تایبەتمەندی ٤٥ کاتژمێریم کڕی و تەواوم کرد. یەکێک لەلایەنە گرنگەکانی فرۆشتن، بە پێی کۆرسەکە، بریتیبوو لە گەرمکردنەوە و ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە کۆنەکان چونکە کاتی کەمتر ئەوێت و ئەگەری سەرکەوتنیشی زیاترە. هەر بۆ زانیاریتان پێویستتان بەوە نییە ئەوانەی ئەیانناسن وەک ئێوە بیربکەنەوە. ئەکرێ پەیوەندییەکی باشتان لەگەڵ هەموو جۆرە کەسێکدا هەبێت، وە ئەشکرێ پەیوەندییەکی خراپتان لەگەڵ کەسانێکی زۆر نزیکن و تەنانەت خۆشەویستەکانیشتان هەبێت. پەیوەندی و ئاڕاستەی بیرکردنەوە دوو شتی تەواو جیاوازن. بەس توخوا ئەمەش بچوک مەکەنەوە لە ناردنی دەنگێکی ڕیکۆردکراو و وێنەیەکی کۆپی و دوو کەلیمەی سارد و سڕ. دڵنیابە کاریگەری هیچ نابێ هەر وەک کۆمێنتی "دەست خۆش زۆر جوانە" دەرەچێ.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە