پرسیاره‌ هه‌ڵه‌كان

سەرکەوتن یان دڵخۆشی؟ ئیش یان خوێندن؟ پارە یان لەشساغی؟ ئەم دنیا یان ئەو دنیا؟ من یان دایکت (پرسیاری ژنەکەت)؟ کاتی خۆی مەتەڵێک هەبوو ئەیانووت حەلی نییە، ئیتر دەستیان لێشتبوو. جا بۆیەکەمجار لە زانکۆ بیستم، وابزانم قۆناغی یەک بووم. وتیان ئەمە تا ئێستا کەس حەلی نەکردووە. جا منیش زۆر حەزم لە بیرکاری و فیزیا و ئەو بابەتانەبوو ئەگەر پێتبوتمایە پرسیارێک هەیە و حەلناکرێ رێک وەکو ئەوەبوو جنێوم پێبەی 😄 وتم ئەدەی بابزانین ئەم فیلە چییە، ئەمە مەتەڵەکەیە: سێ کەس کۆئەبنەوە ڕادیۆیەک بکڕن (وامزانی ڕادیۆ و شتە 😉). ڕادیۆکە خۆی بە سی دینارە (پارەی سویسری). یەکی دە دینار کۆ ئەکەنەوە و ئەچن بۆ دوکان بیکڕن. لەوێ معامەلەی لەگەڵ ئەکەن و بە بیست و پێنج دینار ئەیکڕن. جا لەبەرئەوەی پێنج دینار بەسەر سێدا دابەش نابێ یەکەی دینارێک هەڵ ئەگرن و دوو دینار ئەمێنێتەوە. پرسیارەکە ئەمەیە: ئەم برادەرانە یەکی نۆ دیناریان داوە (چونکە یەکی دینارێکیان وەرگرتەوە)، سێ نۆیی ئەکاتە بیست و حەوت، دوو دیناریش ماوەتەوە ئەوە بیست و نۆ، ئەی کوا دینارەکەیی تر؟ ئاخەر ئەوان سەرەتای سی دیناریان پێبوو. لێرەدا تکایە کەمێک بیر بکەرەوە بزانە ئەتوانی لێی تێبگەی؟ جا ئەوسا بە لێکدانەوەی مێشک بۆم حەل نەکرا. ئێوارەکەی لەماڵی پورم بوو، وتم پرسیارێکی واهەیە با بزانین کێشەکە لەچیایە. هەندێک هێنامان و بردمان حەل نەبوو، دواتر وتمان وەرن با کەیسەکە بکەین بە ڕاستی. سێ کەس یەکی دە هەزارمان هێنا و ڕاڤەی کێشەکەمان کرد. وەڵا بە پێنچ دەققە حەل بوو. جا من حلەکەی ناڵێم؟ ئێوە لە کۆمێنت بینوسن بەڵام زۆر بە کورتی هەڵە لە پرسیارەکەیایە بۆیە لۆجیک بە ئاڕاستەیەکی هەڵەیا ئەڕوا و حەل ناکرێت. کەواتە، هەندێک پرسیار هەیە خۆی هەڵەیە، چەند بەدوای وەڵامدا ڕابکەی هەر زیاتر پەرێشان ئەبیت. پرسیاری هەڵە وەڵامی هەڵەی ئەبێت. هۆکاری پرسیاری هەڵە لاوازییە لە بیرکاری و لۆجیکدا. بۆ نموونە هەموو ئەو پرسیارانەی لە سەرەوە کردوومن هەڵەن چونکە ئاڕاستەی مێشک ئەکەن بۆ هەڵبژاردنی یەکێکیان. لە ئاماردا هەندێک ڕوداو هەن کە پێیان ئەوترێ میچوەڵی ئێکسکلوسیڤ (واتە قەت بەیەکەوە ڕوونادەن)، وەک شێر و خەت، یان یەک و دوو لە زاردا. کەواتە لۆجیکییە لە شێر و خەتدا بڵێی شێر یان خەت؟ یان لە هەڵدانی زاردا بڵێی یەک یان دوو؟ بەڵام ڕووداوەکانیتری ژیان زۆربەیان کراوەن. بۆ نموونە ئەکرێ جەنابت بخوێنیت و کاریش بکەیت، ئەکرێ هیچیشیان نەکەیت. ئەکرێ دڵ خۆش و سەرکوتوو بیت، ئەکرێ هیچیشیان نەبیت، وە هەروەها بۆ ئەوانیتریش. زۆرجار میدیاکارەکان کە بەس مایکیان بەدەستە ئەگینا چەنە ئاگایان لە محمودی بێزەوایە ئەوەندەش لە زانست و ئێسیکی میدیا، ڕاستەوخۆ تەرکیزی بەرامبەر ئەبەن بۆ یەک لایەنی بابەتێک بۆ بەرژەوەندی حیزبەکەیان. بۆ نموونە لێتئەپرسێ هۆکاری بێکاری گەنجان چییە؟ وەک ئەوەی یەک هۆکار هەبێت. یان ئەپرسێ بۆچی بارودۆخی گەنج لە هەلێر باشە و لە سلێمانی خراپ؟ وەک ئەوەی بارودۆخی گەنجی هەولێر (خەڵکی ئاسایی) وەک ئۆسلۆ و ستۆکهۆڵم بێت. پەیامی من ئەوەیە کە باشتر و وردتر لە پرسیارەکان بکۆڵینەوە، ئەو قسەیە بەگاڵتە نەکراوە کە ئەڵێ، "تێگەیشتن لە پرسیار نیوەی وەڵامە". هەندێک جار هەموو وەڵامەکە لە ناو پرسیارەکەدایە. مامۆستا توانا لە دواناوەندی وانەی زیندەوەرزانی پێئەوتین. پرسیاریکی هێنابوەوە: سەرچاوەی پەیدابوونى ئەمانە دیاری بکە؟ پێنج دانە بوو. سەرچاوەی پەیدابوونی یەکەم وەڵامەکەی لە دووەم پرسیارا بوو، دووەم لە سێیەمدا بوو، تا کۆتایی، وە هی پێنجەمیش لە یەکەمدابوو. واتە پێویستبوو تەنها کەمێک وردبیت هەموو وەڵامە لە پرسیارکەدابوو. کەواتە وردبە، دووبارە بیربکەرەوە.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە