فاینانشیاڵ مارکێت- بازاڕە داراییەکان

زۆر کەس فاینانشیاڵ مارکێت بە شوێنی سپێکولەیشن (جامبازی) تێگەیشتوون، لەکاتێکا کڕین و فرۆشتنەوەی خێرا تەنھا بەشێکی کەم و ناگرنگە لێی. لەوڵاتە پێشکەوتووەکان فاینانشیاڵ مارکێت - سەرەڕای ھەموو کەموکوڕییەکانی وەک ھەر بازاڕێکیتر - ھۆکاری گەشەی ئابووری و بازرگانییە. تۆ بڵێ چۆن؟ جەنابت بیرۆکەیەکت ھەیە و ئەتەوێ بیکەیتە بزنز و پارەت پێنییە، چی ئەکەی؟ ئەگەر لە کوردستان بیت ڕەنگە کەسێکت دەستبکەوێ و ڕەنگیشە نا، تا پشتگیری ماددی فکرەکەت بکا و ببێتە شەریکیت. بەڵام ھەمووومان ئەزانین کە چانست بەھێز نییە. ئەگەر لە ئەمریکا بیت بژاردەت زۆرە لە بازاڕە داراییەکان. ئەکرێ سەرەتا بچیتە لای پرایڤت ئێکویتی یان ڤێنچەر کەپیتاڵ فیرمێک، یان بانکێک تا پارە وەربگریت. ھەڵبەتە ئەشکرێ پارە لە خزم و ھاوڕێ و خێزان وەربگری لە قۆناغی یەکەمدا. لەقۆناغی پەبڵیک ئۆفەرینا ئیتر کۆمپانیاکە ئەبێتە موڵکی خەڵکێکی زۆر لەڕێگەی پشکەوە. ئایا ئەزانی مارک زۆکرەبێرگ ١٤٪‏ ی فەیسبووک و جێف بەیزۆز ١٠٪‏ ی ئەمازۆن و بیڵ گەیتس ١٪‏ ی مایکرۆسۆفتیان ھەیە؟ ھەر بەجدی وایە😏 بەڵێ، خەڵک لەجێی ئەوەی پارە لە ژێر سەرین دابنێ، وەبەرھێنانی پێوە ئەکات و پارە بەردەوام چالاکە و بەردەستە تا لەخزمەتی گەشەی ئابوریشدا بێت. ئەکرێ تۆ بڕوات بەمە نەبێ بەڵام سەیری گەشە و ژێرخانی ئابوری ئەو وڵاتانە بکە کە بازاڕە داراییەکانیان چالاکە و سەیری ئەوانیتریش بکە و خۆت بڕیار بدە. —————————— پرایڤت ئێکویتی: وەبەرھێنانە لەلایەن کەسانی دەوڵەمەند لە فکرەی بازرگانی باشدا و بوونە بەشەریک لەڕێگەی پشکەوە، بەڵام پرایڤت ئێکویتی تەنھا بۆ بزنزی تایبەتە و نایانەوێت ببێتە گشتی. پرایڤت ئێکویتی فیرم خاوەنی پارەیەکی زۆرە کە خێزانێکی دەوڵەمەند یان چەند وەبەرھێنەرێکی پارەدار خاوەندارێتی ئەکەن و خاوەنی تێڕوانینی خۆیانن بۆ گەشەپێدانی ئەو بیرۆکەیەی کە وەبەرھێنانی تیا ئەکەن. لەبەرئەوە بە پارەیەکی زۆر بەشداری لە فکرەکەیا ئەکەن و دەبنە خاوەن پشکێکی زۆر تا بتوانن خاوەنی بڕیاربن. ڤێنچەر کەپیتاڵ: خاوەنی پارەیەکی زەبەلاحە کە چەندین دەوڵەمەند و وەبەرھێنەر بەشیان ھەیە تیادا. ئەمان تارگێتیان زۆر جیاوەزە لە پرایڤت ئێکویتی. ھەر فکرەیەکی نوێ، یان کۆمپانیایەک کە پێشتر دامەزراوە و لەبارێکی باش دایە، یان ھەر دەرفەتێکی وەبەرھێنان کە بڕوایان وایە چانسی گەشەکردنی زۆرە بەشی لێدەکڕن (بەڕێژەی زۆر گەورە) و دەبنە خاوەن پشک. ڤێنچەر کەپیتاڵەکان خاوەنی بەشن لە نزیکەی ھەموو کۆمپانیا بەھێزەکانی جیھاندا. بانک: بانک تەنھا شوێنێک بۆ دانانی پارە و خەزنکردنی نییە. بانکە بازرگانییەکان و بانکە وەبەرھێنەرەکان ڕۆژانە خەریکی کڕین و فرۆشتی بەشن لە کۆمپانیا کۆنەکان و تازە لەدایکبووەکان. دوو ڕێگە ھەیە بۆ وەرگرتنی پارە بۆ بیرۆکەی بازرگانی: وەرگرتنی قەرز لە بانک و دانەوەی لەداھاتوودا، ڕازیکردنی بانک بە کڕینی بەش لە کۆمپانیاکەت و بەشەریککردنی.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە