وەبەرهێنان ئاسانترنیە لە کارکردن

ڕەنگە زۆرجار بەرگوێت کەوتبێ کە پارەت هەبوو ئیتر پارە کارت بۆئەکات و ئەتوانی بۆخۆت دۆمینە بکەیت. لەڕاستییدا ئەم قسەیە زۆر لە وەهمەوە نزیکە، وەبەرهێنان هەرگیز لە کارکردن ئاسانتر نییە. پێش هەموو شتێک بۆ ئەوەی ببیتە وەبەرهێنەر، زانست و زانیاری زۆر باشت پێویستە لە بوارەکانی ئابوری، دارایی، وەبەرهێنان، ژمێریاری، و بازرگانی. هەرگیز بەوجۆرە نییە کە پارەکەت بخەیتە بزنزێک و بڕۆی خەریکی تاوڵەبیت. هەر لەسەرەتاوە هەڵبژاردنی بزنزێک یان ستارتئەپێک کە وەبەرهێنانی تیادا بکەیت لێکدانەوەیەکی ورد و لێزانانەی پێویستە. نرخاندنی کۆمپانیا کارێکی یەکجار ئاڵۆزە، پێویستت بە خوێدنەوەی ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی بزنزەکە هەیە. بێگومان لەهەموو حاڵەتێکدا هەر ڕیسکی تیایە بەڵام وەک ئەڵێن "کالکولەیتید ڕیسک"، واتە ڕیسکێک کە حساباتی وردی بۆکراوە. پاش ئەوە ئاگاداربوون لە ئەدای کۆمپانیاکە و دیراسەی دۆکۆمێنتە داراییەکانی لێزانین و وردبینی زۆری ئەوێت. بەشێکیتر لە پرۆسەی هەڵسەنگاندن بریتییە لە ئاگاداربوون لە وەزعی ئابوری و سیاسی ئەو ناوچەیەکەی بزنزەکە کاری تیادائەکات لە ئێستا و داهاتوودا. نیازم نییە زۆر لەسەر ئەمە بڵێم، وردبونەوە لەم بابەتە وەرگرتنی کرۆس و پرۆگرامی پێویستە. ویستم بیرتبخەمەوە تەنها هەبوونی پارە بەس نییە. وەبەرهێنان کارێکی ئاسان نییە و لەهەندێک حاڵەتدا زۆر لە کارکردن قورسترە. وارن بەفێتیش ئەڵێ، "وەبەرهێنان سادەیە، بەڵام ئاسان نییە."

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە