بۆچی نرخی خانوو گرانە (لە کوردستان)؟

وەڵامی پرسیارەکەی پێشوو بۆچی نرخی خانوو گرانە (لە کوردستان)؟ ١- کۆچی هاوڵاتیانی گوند و شارۆچکەکان بۆ سەنتەری شارە گەورەکان بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و دەست نەکەوتنی زۆرێك لە پێداویستیەکانی ڕۆژانە لەدەرەوەی شارەکان. ئەمە جگە لە کەمی ئیش و کار لە قەزا و ناحیەکان و ئیهمالکردنیان لەلایەن حکومەتەوە. ٢- حکومەت هاوکار نیە لە چارەسەری کێشەی نیشتەجێبوون بە پێدانی سلفەی عەقار یان هەر ڕێگەیەکی تر بەڵکو بە پێچەوانەوە کارەکەی گرانتر کردووە لەسەر شانی خەڵک. ٣- نەبوونی خزمەتگوزاری لە گەڕەکە تازەکان و ڕووکردنە کڕینی شوقە، وە زۆرێک لەو شوقانەی دروست ئەکرێن بە نرخی زیاتر لە دوو هێندەی تێچوەکەی دەفرۆشرێنەوە بە خەڵک. ٤- زیادبوونی نرخی مەوادی بینا، ئەمەیان هۆکارێکی جیهانییە و پەیوەندی هەیە بە کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و گرانبونی نرخی گواستنەوە لە پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە. ٥- نەبوونی چاودێرییەکی وورد لەسەر کەرتی خانووبەرە تا ئەو مەرجانەی پێویستن تێیدا جێبەجێ بکرێن. ئەمەش وادەکات بە نرخێکی کەم و بە کوالیتی نزم خانوو دروست بکرێت، پاشان بە نرخی زۆر زیاتر بفرۆشرێتەوە و لە ئاست ئەو بەهایە نەبێت. ٦- عقاراتەکان تاڕادەیەک نرخ دیاری دەکەن، هەوڵ ئەدەن نرخ زیاد بکەن ئەوەندەی بتوانن. ٧- خەڵکی وایدەبینن ئەگەر کاریشیان نەبیت و پارەکانیان بخەنە کارێکەوە لایان گونجاوترە بیدەن بەخانوویەك بۆ نیشتەجی بوون. بەمەش داواکاری لەسەر خانوو زیاددەبێت و دەبێتە هۆی زیادبوونی نرخ. خەڵکێکیش پارەی هەیە نازانێ پرۆژەی پێبکا و عەرز و خانووی پێ ئەکڕێ، ئەمەش کێشەی خواست و خستنەڕووی دروستکردووە. هۆکاری ئەم هەموو داواکاریە زۆرە لەسەر خانوو و عەرزە و شوقە بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە خەڵکی ئێمە تاقەتی ئیش و کار و بزنسی نیە. پارەکە ئەدات بە موڵک و هیچ عەزێت و ناڕەحەتی نیە و هەرکاتێک بیفرۆشێت پارەی خۆی ئەکاتەوە و زۆربەی خێریش ئەکات. ٨- جەنجاڵی شارەکان و کەمبوونەوەی یەکەکانی نیشتەجێبوون. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی فراوانبوون بە ئاسۆیی و کەمی ئاپارتمان و نەبوونی خواست لە سەری لەلایەن دانیشتوانەوە. ٩- نەبوونی سیستەمی بانقی، خەڵکێک پارەی هەیە هەر نازانێت لە کوێی دابنێت ناچار ئەچێت هەنێ موڵکی پێ ئەکڕێ. ١٠- بوونی ئەو هەموو پارە ناشەرعیەی دێتە دەستی خەڵکەوە، نازانێت چی لێ بکات. ئاسانترین و بێ سەرئێشەترین ئیش کڕینی موڵکە. ١١- خراپی دۆخی سیاسی و ئابووری کە کەم کەس ئەوێرێت بزنس بکات، باشترین شت کڕینی موڵکە. ١٢- کرێی موڵک پارەی باش دەهێنێ. ١٣- گیرفان پڕی بەشێکی دانیشتوانی ھەرێم. ئەمە ئەگەڕێتەوە بۆ نایەکسانییەکی خەیاڵی لە هەرێمێکی بچوکدا و لەماوەیەکی کەمدا. بەمەش خانوو و زەوی بە کەمترین ڕێژە بۆ ئامانجە سەرەکەییەکەی بەکاردەهێنرێت کە ژیان و کارکردنە، بەڵکو زیاتر بۆ مەبەستی وەبەرهێنان بەکاردەهێنرێت. ١٤- ناردنەوەی پارە لەلایەن ئەو کوردانەی لە دەرەوەی کوردستان ئەژین بۆ کڕینی خانوو و زەوی، ئەمەش جارێکیتری خواستی زیاد کردووە. ١٥- لەهەولێر هۆکاری سەرەکی نیشتەجێبوونی نەتەوەی عەرەبە بەڕێژەیەکی زۆر کە زۆربەیان خەڵکی دەوڵەمەندی باشورن بەهۆکاری سیاسی و ئەمنی هاتون. ١٦- پارە زۆری لەدوای ٢٠٠٣ وە. ھەرکات پارە زۆربێت کاڵاکان گران ئەبن. ١٧- لێرە ھیچ جێگەیەک نییە کە وەبەرهێنانی تیابکەن وەک(پشکی کۆمپانیا عالەمییەکان، بۆندە حکومییەکان، کریپتۆ کەرەنسی). خەڵ لێرە موڵک ئەکڕن بۆ ئەوەی سەرمایەکانیان بپارێزن، بەم شێوەیە نرخی خانوو و موڵک بە ڕێژەیەکی زۆر ڕووی لە بەرزبونەوە کردووە و وەک بەبڵێکی لێھاتووە ھاوشێوەی ٢٠٠٨ کە لە ئەمێریکا ڕویدا. ١٨- تەمەڵی و بێ حەوسەڵەیی بۆ خانوو دروستکردن. کابرا ئامادەیە دوانزە دەفتەر بدات بە خانوویەکی حازر و بچێتە ناوی، بەڵام ئامادە نیە ھەمان خانوو بە ھەشت دەفتەر خۆی دروستیبکات. ١٩- کلتورێک کە لەمناڵییەوە لە مێشکمانا ئەچەقێنن، ئەبێت پیاو خاوەنی ماڵ و موڵکی خۆی بێت. کەسێک بەخراپترین ستاندارد بژی لەخانووی خۆیا لامان باشترە لە کەسێک کە کرێچییە بەڵام ئەو پارەیەی لە ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەی سەرف ئەکات. ٢٠- نەبوونی هیچ بیمە و زەمانێک. بوونی خانوویەک ڕەنگە باشترین بێت لەتەمنی پیریدا چونکە تێچووەکانیتری ژیان بە ستانداری خۆمان کەمن ئەگەر خاوەنی خانوو بیت. ٢١- خەڵک قبوڵیکردووە کارتی پێنج هەزاری بە شەش هەزار بکڕێت، ئیتر چۆن ئەکرێ چاوەڕوانی یەکسانبوونی نرخ و بەها بکەین. ٢٢- نەبوونی سیستمی باجی ڕێکوپێک. تێبینی: من تەنها وەڵامەکانی ئێوەم کۆکردۆتەوە و ڕێکم خستووە، تەنانەت یەک خاڵیشم زیاد نەکردووە.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە