وەبەرهێنانی خراپ

وەبەرهێنانی خراپ ئەوە نییە لە پرۆژەیەکی خراپا وەبەرهێنان بکەیت، بەڵکو ئەوەیە کە لەپرۆژەیەکی جوان و باشا ئەیکەیت بەڵام حساباتت نەکردووە و بیرت لەوە نەکردۆتەکەوە کە کۆی ئەوەی دەستت ئەکەوێت لەم وەبەرهێنانە چییە، وە ئایا زیاترە لە کۆی تێچووەکەی یان نا. ئەم بابەتە کەمێک وشکە، حەزەکەم نموونەیەکی سادە بهێنمەوە و پاشان گفتوگۆبکەین. با بڵێین مەعمەلێکی ئاسنت هەیە، پێویستت بە جیهازێکە کە هەندێک کارت بۆ ڕائەپەڕێنێت. ئەم جیهازە بۆ ماوەی ١٥ سەڵ توانای کارکردنی هەیە و بەپێی حساباتی ووردی شەریکەی دروستکەر، توانای کارکردنی ١٢ سەعاتی هەیە لە ڕۆژێکدا. چۆن بڕیار ئەدەی کە ئەم جیهازە بکڕی یا نا؟ بێگومان پێویستە حسابی ئەوەبکەی کە داهاتی سافی هەر سەعاتێکی ئەو جیهازە چەنە، پاشان حسابات ئەکەیت بۆ ڕۆژێک و پاشانایش سەرجەم ژمارەی ڕۆژەکانی کارکردنی ئەو جیهازە لە ١٥ ساڵی داهاتوودا. بێگومان حسابکردنی داهات نزیکەییە چونکە لە ١٥ ساڵی داهاتوودا نرخەکان گۆڕاون. بە هەندێک ڕێگای بیرکاری ئەتوانی کۆی داهاتی ئەو جیهازە بە نرخی ئەمڕۆ بدۆزیتەوە. پاشان پێویستە بەراورد بکەیت لەگەڵ تێچووی کڕینەکەی و سیانەکەی و کارپێکردنی (سەرچاوەی وزە بە نموونە). لەکۆتاییدا بە نزیکەی کۆی دهاتی چاوەڕوانکراو و تێچووت لایە و ئەتوانی بزانی کە ئەم جیهازە شایەنی کڕینە یان نا. ئەم شیوازە بۆ هەموو وەبەرهێنانێک ڕاستە، پێویستە بزانی کە هەردوولای هاوکێشەکە چۆنە پاشان بڕیار بدەیت. جۆن پێرکینس لە کتێبی [ددانپێدانانەکانی بکوژێکی ئابوری] باس لەوە ئەکات کە وڵاتە دواکەوتووەکانیان قەناعەت پێکردووە (بەهۆی تێنەگەیشتنیان لەم بیرۆکەیە) بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنانی گەورە تا کۆمپانیا ئەمریکییەکان بێکار نەبن، بەڵام لە کۆتایدا ئەو وەبەرهێنانانە جگە لە قەرزی زۆر هیچیتری بە دیاری بۆ وڵاتەکان نەهێناوە. هەر لەسەر بناغەی ئەم فکرەیە، کۆمپانیا گەورەکان بەڕێوەبەری ئابوری یان ستراتیجیان هەیە کە شیکاری دەرئەنجامەکانی هەر پرۆژەیەک ئەکەن کە ئەیانەوێت ئەنجامی بدەن. هەرکات گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە پرۆژەکە بەئەگەری زۆر سود بۆ کۆمپانیاکەیان ئەهێنێت ئینجا بڕیار لە جێبەجێکردنی ئەدەن. هەبوونی پرۆژەی زۆر بێپلان و بیرکردنەوە هۆکاری پێشکەوتن نییە هەر وەک چۆن بەشێک لە پرۆژەکانی هەولێر بەبێ پلانی ئابوری پێشوەخت زیانیان زیاتر بوو، وە لەکۆتایشدا کاریگەری خراپیان دەبێت لەسەر کۆی گەشەی ئابوری شارەکە. لە ماوەی ڕابردوودا ئێڤەگراندی گەورە کۆمپانیای خانووبەرەی چینی توشی گەورەترین قەیرانی قەرزبوو بەهۆی ئەنجامدانی وەبەرهێنانی خراپ کە تێچووی قەرزەکانی زیاتر بوو لەو داهاتەی لە پرۆژەکانی دەستی ئەکەوت، ئەمە جگە لەوەی نرخی یەکەکانی نیشتەجێبوونی لە چین فڕاند. لەسەردەمی ئۆردوگاندا تورکیا هەمان هەڵەی ئەنجامدا، بە گشتی ئەم یاریانە داهاتوویان پووکانەوەیە و هیچ ڕێگەیەکی دەربازبوونیان نییە، ئەمانە هەمووی مینی پۆنزی سکیمن بەشێوەیەکی جیاواز و هەستپێنەکراو. کەسانێکی کەمی لێزان لە هاوکێشەکان ئەگەن بەڵام کەس گوێیان لێناگرێ تا قەیران ڕوونەدات. بۆ نموونە سالی ٢٠١٢ ئەندریو لێفت پەیپەرێکی بڵاو کردەوە لەسەر ئێڤەگراند و ئاماژەی بەوەدا کە کۆمپانیاکە لە حالەتی ئیفلاسیدایە بەڵام پاش ئەوە مەحکەمە کرا، وە بۆماوەی پێنج ساڵ بانکرا لە ستۆک مارکێتی هۆنگکۆنگ. ساڵی ٢٠٢١، پاش نۆ ساڵ خەڵک بۆی دەرکەوت کە ئێڤەگراند لە قەیراندایە. پەیامم لەم پۆستە ئەوەیە کە هەموو پرۆژەیەک هەر کەسێک و لەهەر کوێیەک بیکا بە هەڵسەنگاندنی ئابوری و بیرکاری ئەپێورێت نەک بە هیچ شتێکیتر. ئەگەر بڕوات بەمە نەبێ ئەوە ئەڵتێرنەتیڤەکەی بڕوابوونە بە ئەفسانە.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە