هەڵبژاردنی کۆلیج و بەش

ساڵانە لە نەرویج لەڕێگەی جیاجیاوە دەرچووانی ئامادەیی ئاگادارئەکرێنەوە کە چ بەشێک هەڵبژێرن بۆ خوێندنی پیشەی و بەکالۆریۆس. شیکارێکی بازاڕ ئەکەن، بەپێی خواستی کۆمپانیاکان و خستنەڕووی هێزی کار دیاریئەکەن کە کورتهێنان لە چ سێکتەر و پیشەیەکدا هەیە. بێگومان زانکۆکانیش بەردەوام ئەپدەیتی خۆیان ئەکەن و ژمارەی کورسی کەم و زیاد ئەکەن بە پێی پێویستی. تاڕاددەیەک ئەمە بۆ هەموو وڵاتە پێشکەوتووەکانیتریش ڕاستە. جا لەبەرئەوەی لە کوردستان حوکمەت و لایەنی پەیوەندیدار ئەمە ناکات، تۆی دەرچووی ئامادەیی ئەبێ خۆت بیکەیت. چۆن؟ ١- مەچۆرە بەشێک کە ئێستا پێویستی بازاڕە چونکە زانکۆکانی کوردستان زۆر نەزانانە پەنجا بەشی بۆ ئەکەنەوە، تا ئەوکاتەی تۆ زانکۆ تەواو ئەکەیت لایەکی هێزی کاری کوردستان بڕوانامەکەی تۆی هەیە. لە ڕابردوودا زانکۆکان چەندین بەشی پزیشکی و ئەندازیارییان کردەوە بێ هیچ تێگەیشتن و خوێندنەوەیەکی داهاتوو، ئێستا بازاڕی کاریان زۆر ناهاوسەنگە و لەداهاتوودا خراپتریش ئەبێت. ٢- جۆرێک لە هاوسەنگی لەنێوان حەز و بازاڕدا بگونجێنە، واتە مەچۆرە بەشێک کە هیچ حەزت بۆی نییە تەنها لەبەرئەوەی دائەمەزرێیت و ئەبی بەشەحنی حوکمەتەوە. ئاگاداربە حەزیش ئەبێت واقعی بێت، ئەگەر ئەتەوێ تێستی حەزت بکەیت ئەم پرسیارە لەخۆت بکە: ئایا من ئامادەم ڕۆژی هەشت کاتژمێری خۆم بدەم بەم پیشەیە تا کۆتایی ژیانم؟ مەرج نییە وەڵامەکەت سەد لە سەد بەڵێ بێت چونکە لەداهاتوودا دەرفەتی گۆڕانکاری هەیە بەڵام بەلایکەمەوە با لە بوارێکی پەیوەندیداردابێت. بۆ نموونە ئەکرێ بازرگانی و ئابوری و دارایی ئاڵوگۆڕ پێبکەیت بەڵام ناکرێ یاسا بگۆڕی بە کیمیا. بیریشت نەچێت پێویستە بزانی پیشەکە چۆنە نەک خوێندنەکەی، بۆ نموونە پیشەی ئەندازیاری بینا ئەوەیە لە سەر پرۆژەیەک کاربکەیت و ئاگات لە دیزاین و ستاف و لایەنی پەیوەندیداربێت نەک بیر لە چوار ساڵی زانکۆ بکەیتەوە. ٣- سەیرێکی داهاتووی بازاڕ بکە و بزانە بەرەو کوێ ئەڕوات، ئەو پیشانە دیاریبکە کە هەستەکەی گرنگن و لەبازاڕدا کەمن. خەمت نەبێ کە ئێستا دەرفەتی کارکردنیان کەمە چونکە تۆ چەند ساڵێکت لەپێشە. ئەبێ لەوە تێبگەی کە بازاڕ داینامیکە، بە قەولی کاکە حەمە: داینامیکە، هەر داینامیک بووە و هەر بە داینامیکی ئەمێنێتەوە 😁 بەڵێ بەردەوام شیفت لە تەکنەلۆجیا و ویستەکانی مرۆڤ و سیاسەتدا ڕووئەدات، لە کۆتایشدا ئەم گۆڕانانە خۆیان ئەخزێننە بازاڕیشەوە بەشێوەی جیاجیا. ٤- پرسیار لە چوار ڕاوێژکار، خاوەن کار، بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان بکە بە ناڕاستەوخۆ، بزانە چییان پێویستە و لە بازاڕدا دەستیان ناکەوێت. ئەمە باشترین ئامۆژگارییە ئەگەر لێم وەربگریت، بپرسە بازاڕی کار چۆنە و کێشە و کەموکورتییەکانی چین (لەڕووی هێزی کارەوە). ٥- سەیرێکی دەوروبەری خۆت بکە بزانە ئەوانەی لە ڕابردوودا خوێندنیان تەواو کردووە کێ کاری باشی هەیە و هۆکارەکەی چییە. هەڵبەتە ئەبێت نموونەیەکی تۆزێک گەورە وەربگری، بۆ نموونە سەد کەس لەبواری جیاجیادا. ئەگینا بە چوار پێنج کەس ئەنجامەکەت نادروست ئەبێت. ئەم بابەتە تاڕاددەیەک لە هەڵبژاردنی ماستریشدا ڕاستە. ئەگەر بەکالۆریۆسەکەت باش نییە یان بەدڵت نییە خۆ دنیا کۆتایی نەهاتووە، جارێکیتر دەرفەتی هەڵبژاردنت هەیە. ئەگەر تەمەنت چل ساڵیشبێت هێشتا ئەتوانی پێنج ساڵ لە بوارێکی نوێدا بخوێنیت، بخوێنیتەوە، کاربکەیت. تەواو لە چل و پێنج ساڵیدا پیشەیەکی نوێت هەیە کە بەدڵی خۆتە.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە