له‌ نێوان خوێندنه‌وه‌ و كۆرسدا چ جیاوازییه‌ك هه‌یه‌؟

خوێندنه‌وه‌ به‌ هه‌موو شێوازێك و له‌سه‌ر هه‌موو بابه‌تێك سوودی خۆی هه‌یه‌. به‌ڵام جیاوازی له‌یزه‌ر و گڵۆپێك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تیشكه‌كانی له‌یزه‌ر له‌سه‌ر یه‌ك خاڵ كۆئه‌بنه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌توانن ماوه‌یه‌كی زۆر خه‌یاڵی ببڕن. ڕه‌نگه‌ كه‌سانێك هه‌بن به‌ به‌رده‌وامی بخوێننه‌وه‌ و نه‌شگه‌نه‌ ئه‌نجامێكی باش چونكه‌ خوێندنه‌وه‌كه‌یان وه‌ك ئاره‌زوویه‌كه‌ و هیچ پلان و ڕێكخستنێكی تیا نییه‌. بێگومان هه‌ر باشه‌، دنیابینی و ئه‌زموونی كه‌سه‌كه‌ زیاتر و فراوانتر ده‌كات. با لێره‌دا چه‌ند جۆرێكی خوێندنه‌وه‌ باس بكه‌م. ١- خوێندنه‌وه‌ بۆ چێژ بینین: ئه‌مه‌ ساده‌ترین جۆری خوێندنه‌وه‌یه‌، كه‌سه‌كه‌ له‌و كاتانه‌ی كاتی هه‌یه‌ ده‌ست ئه‌داته‌ كتێبێك وه‌ك ڕۆمان، چیرۆك، یان بابه‌تێكی زانستی ساده‌. لێره‌دا بۆ كه‌سه‌كه‌ زۆر گرنگ نییه‌ كه‌ چی فێر ئه‌بێت، به‌ڵكو هاوتای سه‌یركردنی فیلمێكه‌، چێژ له‌ ڕووداوه‌كانی ناو كتێبه‌كه‌ وه‌رده‌گرێت و چه‌ند وانه‌یه‌كیش فێرده‌بێت كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ داهاتوودا پێویستی پێیان بێت. ٢- خوێندنه‌وه‌ بۆ فێربوونی كارامه‌یی: لێره‌دا كه‌سه‌كه‌ چه‌ند كتێبێك هه‌ڵئه‌بژێرێت كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ بابه‌تێكی دیاریكراو، وه‌ك كاركردن به‌ تیم. كه‌سه‌كه‌ ڕه‌نگنییه‌ گرنگی بدا به‌ ورده‌كاری و چیرۆكه‌كان، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت بزانێت كه‌ باشترین میكانیزم چییه‌ كه‌ ده‌بێت تیمێكی سه‌ركه‌وتوو له‌سه‌ری دابمه‌زرێت و كاری پێبكات. به‌ گشتی كاتێك كه‌سێك بابه‌تێك هه‌ڵئه‌بژێرێت، ئه‌وه‌ دیاره‌ زۆر پێویستییه‌تی و كێشه‌ی هه‌یه‌ له‌و بابه‌ته‌دا، یان ده‌زانێ كه‌ ده‌توانێ له‌و كارامه‌ییه‌دا باشتر ببێت و له‌ ژینگه‌ی كاره‌كه‌یدا به‌كاری بهێنێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، بێگومان وه‌رگرتنی كۆرسێك پێویسته‌. ڕه‌نگه‌ خۆت نه‌توانیت باشترین كتێبه‌كان هه‌ڵبژێریت، جگه‌له‌وه‌ كه‌سێكی پسپۆڕ ماوه‌یه‌كی زۆر كاریكردووه‌ و خوێندویه‌تیه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌. پاشان هه‌ڵساوه‌ به‌ ڕێكخستن و كۆكردنه‌وه‌ی گرنگترین بابه‌ته‌كان كه‌ ده‌بێت كه‌سێك بیزانێت و جێبه‌جێی بكات له‌سه‌ر ئه‌و كارامه‌ییه‌. ڕه‌نگه‌ لێره‌دا وه‌رگرتنی كۆرسێكی ١٠ كاتژمێری له‌ خوێندنه‌وه‌ی ١٠ كتێب زیاتر سوودت پێبگه‌یه‌نێت چونكه‌ فێربوونی سكیڵ ته‌نها خوێندنه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو ڕاهێنان و فێربوونی دیوه‌ كرداریه‌كه‌شه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ كه‌سێكی به‌ئه‌زموونی لۆكاڵی له‌ماوه‌ی چه‌ند سالێكدا گه‌یشتبێت به‌و ئاسته‌. ئه‌مانه‌ هه‌مووی له‌ كتێبه‌كاندا ده‌ست ناكه‌ون. ٣- خوێندنه‌وه‌ بۆ بوون به‌ توێژه‌ر: له‌ مانگی یه‌كی ئه‌مساڵدا چوار توێژینه‌وه‌ی تایبه‌تم خوێنده‌وه‌، بێگومان خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌كی باش له‌ خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند كتێبێك ئاڵۆزتره‌، پێویستی به‌ زانیاری زۆر ورد هه‌یه‌ له‌و بابه‌ته‌دا. جگه‌ له‌وه‌ من خۆم ئه‌و توێژینه‌وانه‌م دیاری نه‌كردن به‌ڵكو پرۆفیسۆره‌كه‌م بۆی دیاری كردم. ئه‌گه‌ر خۆم بمكردایه‌ ڕه‌نگه‌ چوار توێژینه‌وه‌ی ترم بخوێنده‌وایه‌ كه‌ زۆر كه‌متر له‌مانه‌ سوودی ده‌بوو. له‌به‌رئه‌وه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ڕه‌نگه‌ كۆرسیش فریات نه‌كه‌وێت به‌ڵكو پێویستت به‌ وه‌رگرتنی پرۆگرامه‌ تا ئه‌گه‌یته‌ ئاستێكی باڵا. بێگومان ئه‌مه‌ پێویستی هه‌موو كه‌س نییه‌، به‌ڵام جار جار خوێندنه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ خه‌به‌رت ئه‌كاته‌وه‌ و زانیاریت له‌بواری خۆت زۆر زیاد ده‌كات. تێڕوانینی من: باشتر وایه‌ كه‌ ساڵانه‌ به‌لای كه‌مه‌وه‌ دوو سكیڵ فێر ببی، جا له‌ڕێی خوێندنه‌وه‌وه‌ یان وه‌رگرتنی كۆرس. بێگومان زۆر باشه‌ ئه‌گه‌ر زیاتر بكه‌یت. ئه‌مه‌ هیچ ڕێگریت لێناكات له‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێب بۆ چێژ بینین. ئه‌توانی هه‌ر بۆ خۆشی مانگی كتێبێك بخوێنیته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌سه‌ر زیادبوونی مه‌هاره‌ حساب مه‌كه‌. هاوڕێیه‌كی زۆر خۆشه‌ویست ڕۆژێك پێی وتم من خۆم ئه‌توانم هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی ماسته‌رێكا هه‌یه‌ بیخوێنمه‌وه‌ و ئیتر هیچ پێویستم به‌ پرۆگرام نییه‌. ده‌ بڕوا بكه‌ن وانییه‌، چونكه‌ دیزاینكردنی پرۆگرام به‌ مێشكی یه‌ك كه‌س و ده‌ كه‌سیش نه‌كراوه‌. به‌ڵكو له‌هه‌ر زانكۆیه‌كی باش لیژنه‌یه‌ك هه‌یه‌ كه‌ خه‌ریكی هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ دیزاین و ئه‌پده‌یتی پرۆگرامه‌كان. جگه‌ له‌وه‌ش، وه‌رگرتنی كرێدیت و كاركردن به‌ تیم له‌گه‌ڵ چه‌ند خوێنكارێكیتردا و هاوكاری پرۆفیسۆره‌كان واتلێئه‌كه‌ن كه‌ به‌سه‌ر كۆسپ و چاڵنجه‌كاندا زالبی.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە