ئایا بۆ گۆڕانکاری ئامادەین؟

کەم کەس هەیە نەزانێ کە حوکمڕانی کوردی لە لێواری مەرگایە، جا لێرە من باس لەوە ناکەم. باسی من شتێکیترە: با وادابنێین کە ئەمڕۆ ڕۆژی گۆڕینی ڕاستەوخۆی شێوازی حوکمڕانییە لەلایەن ئێمەوە، ئایا پێداویستییەکانمان هەیە؟ ئەگەر تاقەتت هەبوو لە ئینتەرنێت گەڕانێک بکە، بۆتدەرەکەوێ کە پێشکەوتووترین وڵاتەکانی جیهان خاوەنی باشترین زانکۆن، زۆر بە تایبەت باشترین سکوڵی ئابوری و زانستی سیاسی. چەند نموونەیەک: سکوڵی ئابوری پاریس، سکوڵی ئابوری و زانستی سیاسی لەندەن، سکوڵی حکومەتی جۆن کەنەدەی (زانکۆی هارڤەرد)، پەیمانگای ئابوری (زانکۆی ئۆسلۆ)، سکوڵی ئابوری ئیراسمەس (ڕۆتەردام)، سکوڵی ئابوری ۆرسۆ، سکوڵی ئابوری ستۆکهۆڵم، هتد. لەم سکوڵانە چی ئەخوێنرێ؟ پێش هەمووشتێک با بزانین زانکۆ تەنها شوێنی خوێندن نییە، بەڵکو شوێنی توێژینەوەشە. لەم سکوڵانە خوێندکار ئامادە ئەکرێت بۆ دوو سێکتەری زۆر گرنگ: سێکتەری تایبەت کە خۆی لە بازرگانی، بەڕێوەبردن، دارای و ئابوری، و کارسازی دا دەبینێتەوە. هەروەها سێکتەری گشتی کە خوێندکار ئامادەدەکات بۆ بوارەکانی ئابوری و دارایی گشتی، زانستی سیاسی، یاسا و ڕامیاری، پەیوەندی نێودەوڵەتی، پەبڵیک پۆڵسی، و کارگێڕی گشتی. بۆچی ئەمەت بۆ باس ئەکەم؟ ئەبێ دانبەوەیا بنێین کە گەورەترین کێشەی ئێمە قەیرانی سەرچاوەی مرۆییە. بۆئەوەی لە دۆخێک دەربچی سەرەتا ئەبێ لێی تێبگەیت و ئامرازەکانی ڕزگاربوون ئامادەکەیت ئەگینا ئەگەر چانسی ڕزگاربوونیش بێتە ئاراوە ناتوانی لێی دەربچی. ئێمە تا ئێستە هیچ زانکۆ و پەیمانگایەکمان نییە کە کادری کەرتی گشتی وەک پێویست ئامادەبکات، داتای دروست کۆبکاتەوە و توێژینەوە بکات لە سێکتەری گشتی و پێشنیاری گۆڕانکاییە پێویستەکان بکات. لە پۆستێکیتردا باسی قەیرانی داتا و کاریگەرییەکانی ئەکەم.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە