بۆچی خوێندن گرنگە؟

لەماوەی ڕابردوودا زۆر کەس کەباسی گرنگی خوێندنم کردووە بۆیان وتوویانە جا خوێندنیش نەبێ ئەکرێ خۆت کار بکەیت و ژیانی خۆت دابین بکەیت. هەندێکیش وتوویانە خوێندن لەم وڵاتە ئەنجامی نیە و باشترە بڕۆی کارێک بکەیت. لێرە چەند لایەنێکی ئەم بابەتە ئەخەمە ڕوو. پێش هەموو شتێک خوێندن دوو بەشە: بنەڕەتی (پۆلی یەک بۆ دوانزە) ؛ زانکۆ (بەکالۆریۆس بۆ دکتۆرا). بنەڕەتی: لە قوتابخانە مناڵ فێری زمان و زانست و پەروەردە و هونەر و ژیانی کۆمەڵایەتی ئەبێت. خێزان و کۆڵان پێگەی خۆیان هەیە لە دروستکردنی مناڵدا بەڵام هەرگیز ناتوانن شوێنی قوتابخانە پڕبکەنەوە. ئەگەر ئەتەوێ باشتر لەمە تێبگەیت بەراوردێکی ئەو وڵاتانە بکە کە لە لیستی پێشەوەی جیهانن لە سیستمی پەروەردەدا. لە زۆربەی بوارەکانی وەک خۆش گوزەرانی و دڵ خۆشی و تەندروستی و سەلامەتی و تەمەن درێژی و هتد لە بەرزترین ئاستدان. بەگشتی مناڵی ئەم وڵاتانە کە قوتابخانە جێدەهێڵن لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا ئاستی زانست و زمان و پەروەردەیان زۆر بەرزە. ئەتوانن درێژە بە خوێندن بدەن و بچنە زانکۆ یان دەستبکەن بەکارێک، لەهەردوو حاڵەتەکەدا ژیانیان باشتر و خۆشترە لە هاوتەمەنەکانیان لە وڵاتەکانیتردا. زانکۆ: ئەو وڵاتانەی کە سیستمی خوێندنی باڵایان زۆر باشە جیلێکی باش پێئەگەیەنن کە توانای داهێنان و گۆڕانکاری و بەڕێوەبردنیان زۆر نایابە. زۆربەی بەرەو پێشچوونەکانی زانست و تەکنەلۆجیا و هونەر بەرهەمی زانکۆ باشەکانن. تەنانەت وڵاتە پێشکەوتوەکان بەخۆشحاڵییەوە کورسی خوێندن و کار ئەدەن بە گەنجی وڵاتەکانیتر تا ڕایانبکێشن بۆخۆیان و لە لوتکەی بەرەو پێشچووندا بن. لێرە زۆر گرنگە تێبگەین کە مەبەستی خوێندن تەنها بژێوی نییە. ئەگەر وا بیربکەیتەوە ڕەنگە لە هەندێک ئاستدا هاوڕاتبم بەڵام ژیانی مرۆڤ یەک ئاڕاستە نییە، بەڵکو هەشت ئاڕاستەیە. هەشت ئاڕاستەی دروستی (پێگی سواربریك): بۆئەوەی مرۆڤ ژیانێکی باشی هەبێ پێویستە ڕەچاوی هەشت لایەن بکات: جەستەیی، ڕۆحی، فکری، عاتفی، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی، دارایی، پیشەیی. بێگومان مرۆڤ پێویستی بە هەموو ئەم لایەنانە هەیە، لە غیابی هەر لایەنێک باڵانسی ژیانی تێک ئەچێت. کورتکردنەوەی ژیان لە کار و ماددەدا زۆر هەڵەیە و خەڵکێکی زۆری بە لاڕێدابردووە. کەم نین ئەوانەی کار و پارەی باشیان هەیە و ژیانێکی تا بڵێی خراپ ئەژین. زۆر کەسیش لەوانەی کە پارەیان كه‌مه‌ پێیانوایە ئەگەر پارەیەک بێتە دەستیان ئەزانن چۆن زیادی بکەن و دەوڵەمەند ببن بەلام لەڕاستیدا ناتوانن. بۆیە ئەگەر ژیانت کێشەی نییە هەموو تەرکیزت مەخەرە سەر لایەنی ماددی و کار. توێژینەوەی هاوبەشی هارڤەرد و ئێم ئایتی پێمان ئەڵێ ئەگەر کۆی پارەی دنیا بەیەکسانی دابەش بکەین بەسەر خەڵکدا پاش ماوەیەک دیسان دەوڵەمەند و هەژار دروست ئەبێتەوە. جا خوێندن هەوڵێکە تا مرۆڤ بتوانێ لەهەر هەشت ئاراستەکەی ژیان تێبگات و ژیانێکی باڵانسی هەبێ. هەر وەک وتیشم بە داتا ئەم هاوکێشەیە سەلمێنراوە لەو وڵاتانەی سیستمی خوێندنی باشیان هەیە. کوالیتی خوێندن لای ئێمە: کەس لاری لە خراپی کوالیتی خوێندن نییە لای ئێمە لە ئاستی قوتابخانە و زانکۆشدا. بەڵام چارەسەر واز لێهێنان و بەردباران کردن نییە. هیچ وڵاتێک نییە پێشکەوتووبێت و قوتابخانە و زانکۆکانی سوپەر نەبن. کەواتە تاکە هیوا چارەسەرکردن و بەرەو پێش بردنە. ئەگەر چویەتە زانکۆ و هیچ فێرنەبوویت بێگومان خەتاباری سەرەکی خۆتیت، بەدەر لە کەموکوری حوکەمەت و زانکۆ. ناکرێ تۆ تەنها شەوی ئیمتیحان بیری کتێبت بکەوێتەوە، کە تەواویشتکرد بڵێی وەڵا زانکۆ خراپە و نەخوێندن باشترە. ئەگەر تۆ ڕاستگۆبی لەگەڵ خۆت و کەسێکی جدی بیت یان لەزانکۆ زۆر بەباشی ئەخوێنیت و بە زانستێکی باشەوە یەیتە دەرەوە، یان ئەگەر واشناکەیت لەگەڵ خوێندندا لەدەرەوە هەوڵی کار ئەدەیت و خۆت فێری کار و هەندێک کارامەیی گرنگ ئەکەیت. ئەگەر هیچیانت نەکرد ئەوە کێشە خۆتی خۆت. جا هەیە پێنج ساڵە کولیەیەکی تەواو کردووە و هێشتا کاری نەکردووە، هێشتا ئامادە نییە واز لە فکرەکەی بهێنێت خۆی فێری کارێکیتر بکات، دیسانیش خەریکی گلەیی لە خوێندن و زانکۆیە. جا پێشنیار ئەکەم ئەگەر هێشتا هیچ نازانیت جگە لە پسپۆرییەکەی خۆت، واز له‌ گله‌یی له‌ زانكۆ بهێنه‌ و هەر لە ئێستاوە خۆت فێری زمان و بەکارهێنانی ئینتەرنێت بکە. ئا هەر زۆر بەجدیمە، گومانم هەیە بزانی ئینتەرنێت باش بەکار بهێنیت، هەر بەو پرسیارانەیا ئەزانم کە بە نامە بۆم یەت، ٩٠% پرسیارەکانتان بە سێرچێکی گوگڵ و بەئاسانیی ئەدۆزرێتەوە. بێگومان نامەوێ بڵێم پرسیار مەکەن، بەس پێمناخۆشە دەرچوویەکی زانکۆ نەتوانێ سێرچێک بکا و دە دەققە بەدوای شتێکا بگەڕێ تا ئەیدۆزێتەوە. ئینجا بڵێ وەڵا زانکۆ خراپە و خوێندن ڕۆڵی نییە. ئێ بەخوا بێی بۆلای منیش بەس بە شەهادەکەت ڕازی نیم، ئەمەوێ بزانم چۆن سێرچ ئەکەیت و ژیانی زانکۆ و دواترت چۆن چۆن تێپەڕاندووە. ئاساییە بەلامەوە شتێک نەزانی بەڵام تەممەڵی و حازرخۆری دەردیان گرانە و ئەبێ کەسەکە خۆی حەلیان بکات. ئەم نوسینەی منیش هەوڵێکە بۆ بەخەبەر هێنانەوەت. بێگومان خۆشم بەخەبەر ئەهێنێتەوە چونکە ئەزانم کە توانای زیاترم هەیە بەڵام کەمێک تەممەلی ئەکەم.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە