هەڵسەنگاندنی دروست: چۆن پرسیاری تاقیکردنەوەکان دادەنێیت؟

پڕۆفیسۆر ژیانگ جیا لە زانکۆی ئۆسلۆ ڕۆژێک وتی: قورسترین بەشی کارەکەم بریتییە لە دانانی پرسیارەکانی تاقیکردنەوە. ئەزانی زۆر قورسە پرسیارەکان بەجۆرێک دابنێی کە ئاست و توانای خوێندکارەکان بەباشی بپێوی. لەبەرئەوە هەر لەسەرەتای کۆرسەوە تا کۆتایی زۆر بەوردی هەوڵ ئەدەم تێبگمەم کە توانا و بەرەوپێشچوونی خوێندکارەکان چۆنە تا بتوانم پرسیاری گونجاو دابنێم. پرسیاری گونجاو: کێشەی دانانی پرسیار کێشەیەکی جیهانییە، هۆکارەکەشی ئەوەیە دانانی پرسیاری دروست کاری جدی و وردی ئەوێ. هیچ لەوە ئاسانتر نییە بۆ مامۆستا کە چەند پرسیارێکی ستاندارد لە کتێبەکە دەربهێنێ و تەنها ژمارەکان بگۆڕێ. جا بۆئەوەی بیسەلمێنێ کە مهیمە دێ شەڕی کاتت لەگەڵ ئەکا، یان شەڕی حسابات، یان شەڕی پرسیاری قورس. مامۆستای بەڕێز سەرکەوتنی تۆ کاتێکە کە خوێندکارەکانت فێرببن، بەشێکی باشیش لە فێربوون پەیوەندە بە توانای تۆوە لە دانانی تاقیکردنەوەی گونجاو کە بەڕاستی هەڵسەنگاندی ئاستی زانیاری خوێندکارەکانت بێت. ئەگەر پێتوایە شەڕی کات و حسابات و پرسیاری قورس تۆ مهیم ئەکا زۆر هەڵەی. یان ئەگەر پێتوایە پرسیاری ئاسان خۆشەویستت ئەکا لای خوێندکاری بەزۆر هێندراو بۆ زانکۆ و قوتابخانە هەر هەڵەی. تۆ کارێک و بەرپرسیارێتییەکت لەسەر شانە، ئەوەبکە کە ئەبێ بیکەی. ئەکرێ بڵێم بەشێک لەوەی وایکردووە کە خاوەنکار گرنگی بە بڕوانامە و نمرەکانت نەدا هەر ئەم کێشەیەیە. هەر چییەکت خوێندبێ نمرەی باش (ئەگەر پرسیار گونجاوبێت) دەرخەری توانای فێربوون و گەشەکردنی تۆیە . بەڵام کە پرسیار گونجاو نەبوو ئیتر نمرە هیچ واتایەکی نامێنێ، چونکە پێوەرەکە هەڵەیە. ئەزانن هەر ئەمەیە وایکردووە کە نمرە لە کۆلیجێکەوە بۆ کۆلێجیکیتر هیچ بەهایەکی بەراوردی نەمێنێ؟ پێموایە لەژێر تاقیکردنەوەی پرسیاری گونجاودا ئەو بەراوردکارییە بەهای بۆ ئەگەڕێتەوە. بۆ نموونە لە زانکۆ زۆر بەهێزەکاندا نمرەکەت پێوەرە بۆ زۆر شت، لەهەر کۆلێجێک بیت. وەلید عەزیز ئەم تێکستە پێشکەشە بە پرۆفیسۆر شمیت کە دوێنێ شەڕی حسابات و پرۆفیسۆر ڤغیز کە ئەمڕۆ شەڕی کاتییان پێفرۆشتین. ئەوەیباشە تێناگەن 😁 لەوەش باشتر کە ڕەخنەیەکیان لێئەگری ناڵێ ئەوە ئیتر لە دەرسی من دەرناچی 😅 ئەڵێ بەڕاست؟ نەمزانی کەوایە، بۆجاری داهاتوو پێشنیارەکەت ڕەچاو ئەکەم.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە