ئینتەرنشپ لە ئەوروپا

ئینتەرنشپ کاری خۆبەخشی نییە... لە ئەوروپا پاش تەواوکردنی زانکۆ کاتێک دەست ئەکەیت بە تەقدیمات بۆ کارکردن لە کۆمپانیا و بانکەکان، بە پڕۆسەیەکی چڕوپڕدا دەڕۆیت. سەرەتا بە ئۆنلاین تەقدیم دەکەیت، پاش سەیرکردنی دۆکۆمێنتەکان و سیڤییەکەت ئەگەر پێیان گونجاو بوو ئیمەیڵ یان تەلەفۆنت بۆ ئەکەن و کەمێک قسەت لەگەڵ ئەکەن. لەم قۆناغەدا زیاتر هەوڵئەدەن بزانن لەسەر کەسێتی و شارەزاییەکانت. ئەیانەوێت بزانن کە لەگەڵ تیمەکانی ئەواندا گونجاویت یان نا؟ زیاتر پرسیاری کارکردن بە تیم و چۆنیەتی چارەسەری کێشە و پلاندانان و ئەو بابەتانەت لێئەکەن تا بزانن لەگەڵ کلتوری ئەو کۆمپانیایەدا (کۆرپۆرەیت کەڵچەر) گونجاویت. ئەگەر بەسەلامەتی ئەمەت تێپەڕاند، داوات لێئەکەن کە ئامادەبیت بۆ چاوپێکەوتنی تەکنیکی (لەبواری پیشەکەی خۆتدا). بۆ نموونە ئەگەر داراییت خوێندبێت پرسیارەکانیان لەسەر دارایی دەبێت. هەندێک کەیس سیناریۆت بۆ دروستئەکەن و ئەتخەنە مەوقیفێکەوە کە جەنابت بڕیاردەری، لێت ئەپرسن چی بکەین؟ جا ئەگەر بروات بەخۆت نەبێ زۆر خراپە چونکە سێ بەڕێوەبەر بەرامبەرت دانیشتوون و لەسەر بڕیاری تۆ وەستاون. ------------------------------------- نموونە: لە بانکی <کرێدیت سویس> بانگکرام بۆ چاوپێکەوتن. پاش تێپەڕاندنی قۆناغی یەکەم (٢٠ خولەک پرسیارکردن) چومە قۆناغی دووەم کە بریتیبوو لە ٥ کاتژمێر ئەساینمێنت (ئەرک) کە پێکهاتبوو لە تیم ۆرک لەگەڵ ئەوانیتردا، پاشان بەیەکەوە ئامادەکردنی بابەتێک بەپێی داواکاری ئەوان، دواتر پرێزێنتکردنی کەیسێک کە بەم جۆرە بوو: << وا دابنێ تۆ سەرۆکی بەشی ئۆپەرەیشنی لە کارگەیەکی گەروەدا کە شەربەت و ئایسکرێم بەرهەم دەهێنێت. سەرۆکی بەشی کڕین پێتئەڵێت کە بۆ هاوینی ئەمساڵ ماددە خامەکانمان وەک پێویست پێناگات چونکە بەهۆی بەرزی پلەی گەرماوە هەموو کارگەکانیتر داوای زۆر ماددەی خامیان کردووە (ئەو ماددانەی پێویستن بۆ دروستکردنی شەربەت و ئایسکرێم). ئەمە وایکردووە کە نرخی ماددە خامەکان زۆر بەرزببێتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە کە جەنابت وەک سەرۆکی بەشی ئۆپەرەیشن چی ئەکەی؟>> جا بۆ ئەمە ١٥ خولەکت لەبەردەستە، پاشان هەستە لەسەر وایتبۆرد ڕونیبکەرەوە کە ستراتیجی تۆچییە بۆ ئەم کێشەیە؟ ٥ بەڕێوەبەر لەوێن لەگەڵ نزیکەی ٣٠ بەژداربوو. کەواتە لەماوەی ١٠ خولەکدا بۆمان باسبکە (لەبەرچاوی ٣٥ کەسدا) کە چۆن ڕوبەڕووی ئەم کێشەیە ئەبیتەوە. پاشانیش وەڵامی پرسیارەکانیان بدەرەوە. تێبینی: لە کۆمێنت چارەسەری کێشەکە بنووسە بە بڕوای خۆت. ------------------------------------- پاش ئەوەی لەم قۆناغە دەرچووم، بڵێن چی؟ بوەستە هێشتا کەس نەیوتووە کە وەرگیراوی. ئینجا بەپێی توانا و لێهاتووی کەسەکە (ئەگەر دەربچێ لە قۆناغی ڕابردوو) پێشنیار دەکرێ کە چاوپێکەوتنی کۆتایی لەگەڵ بکرێت لەلایەن سەرۆکی ئەو بەشەی کە گونجاوە بۆی. ئەم چاوپێکەوتنەش ٢٠ خولەک دەخایەنێت کە زۆر ورد دەبێتەوە لە لایەنی تەکنیکی کارەکە. لەکۆتایدا ئەگەر وەربگیرێیت ئەوە بۆماوەی ٢ مانگ بە ئینتێرنشپ دادەمەزرێیت (پارە وەردەگریت). ئەم دوومانگە ئاشنات ئەکەن بە کۆرپۆرەیت کەڵچەر، شێوازی کارکردنیان، هەروەها خۆشیان باشتر لە شارەزاییەکانی تۆ تێدەگەن تا دوای دوو مانگەکە بتخەنە شوێنی شیاو. بیربکەرەوە ئەگەر بەم جۆرە کارمەند وەربگریت ئەگەری زۆر کەمە کە لەگەڵ کۆمپانیاکەت نەگونجێت. ------------------------------------- بۆچی ئەم بابەتەم باسکرد؟ ١- کۆمپانیا ئەبێت نیەتی وەرگرتنی کارمەند بێت (ئەگەر لە پڕۆسەکە دەرچوو)، نەک بیەوێ کاری پێبکات و دواتر بڵێ خوات لەگەڵ. ٢- دامەزراندن بەشێوەیەکی باش و جوان تێچوویەکی زۆری هەیە لەسەر کۆمپانیاکان (بێگومان مەبەستم لەلای خۆمان نییە). وەرگرتنی کارمەندێک لە ئەمریکا نزیکەی ٤٠٠٠ دۆلار دەکەوێت و دوو مانگی پێدەچێت. ٣- ئەبێ کەسی وەرگیراو زۆر باش فێرببێ لە ئینتەرنشیپ. بەواتایەکیتر، ئەبێ ئینتەرنشیپ پڕۆگرامێکی کامل بێت و زۆر باش دیزاینکرابێ کە کارمەند پێبگەیەنێ. وایە کاک ئاراس؟ ٤- ئایا ئەزانی کە تەواوکردنی ئینتەرنشیپ لە کۆمپانیا و بانکە زۆر بەهێزەکان (کرێدیت سویس بە نموونە) زۆر لە بڕوانامەی زانکۆ گرنگترە لە ئەوروپا؟ بەخوا بەڕاستمە. ٥- وەرگیران ئاسان نییە، ئامادەکاری و کاتی دەوێت، کێبڕکێ زۆر بەهێزە. لەگەڵ ئەمانەشدا بیرت نەچێ کە خودی پرۆسەی بەدواداگەڕانی کار و پێشکەش کردن زۆر شتت فێر ئەکات. وایە کاک داروین؟ ٦- ئەوەی کە باسمکرد زیاتر تایبەت بوو بە بانکی کرێدیت سویس، بەڵام زۆربەی کۆمپانیا گەورەکان و بانکەکان شتێکی هاوشێوەی ئەمەیان هەیە.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە