خاڵی گۆڕانكاری

وارن بەفێت ئەڵێ کۆرسێکی ١٠٠ دۆلاری لە بواری وتاربێژی هۆکاری سەرەکی سەرکەوتنەکانمە. جا لەگەڵم بە و ئەم چەند دێڕە بخوێنەوە با شرۆڤەیەکی بابەتەکە بکەین. پێش هەموو شتێک ئەوە بزانە کە وارن باکگراوندێکی نایابی هەیە و لە چوار زانکۆی ڕاقی ئەمریکا خوێندوویەتی کە ئەمانەن: سکوڵی وارتۆن (زانکۆی پێنسڵڤانیا)، زانکۆی نبراسکا، سکوڵی بەڕێوەبردن (زانکۆی کۆڵۆمبیا)، و ئینستیتیوتی دارایی نیویۆرک 😁 شتێکی تریش گرنگە بزانی، وارن ڤالیو ئینڤێستەرە، زۆر بە کورتی ئیشی بە بەرزبونەوە و نزمبونەوەی ستۆک مارکێت نییە تا قسەی بێمانا و لابەلا بکا وەک ئیلۆن مەسک. ئەو بابەتە پێی ئەوترێ میم ستۆک، ئەگەر تاقەتتان هەبوو بیخوێننەوە. بۆ نموونە مەسک و زۆر ئینڤێستەری تریش بۆ یاریکردن بە ستۆکی سێکتەرێک و کۆمپانیایەک زۆرجار شتی بێمەعنا ئەڵێن. بێگومان خۆیان گێل نین، خەڵک گێل ئەکەن بۆ ماوەیەکی کاتی 😁 بەڵام ڤالو ئینڤێستەر ئیشی بەم شتانە ناڕوا، قەت وارنت بینیوە قسەی بێمانا بکا؟ من قەت نەمبیستووە. شتێکی تریش بزانە، بۆ نموونە من ئەتوانم بڵێم لە ماوەی یەک سمستەردا (٥ مانگ) رۆحی زانستی دارایی لە زانکۆی ڕۆتەردام فێربووم کە دەبێتە بەردی بناغەی کار و توێژینەوەی داهاتووم. بێگومان قسەکە ڕاستە بەڵام ئەگەر پێشتر دوو ساڵ لە زانکۆی ئۆسلۆ زانستی دارایی بەباشی فێرنەبوومایە ئەوەی ڕۆتەردام هەر هیچ واتایەکی نەئەبوو بۆم، هەر وەریش نەئەگیرام. جا کە کەسێک ئەڵێ کۆرسێک یان شتێک ژیانی گۆڕیم ئەبێ ئەوەی پێشترت لەبیر بێت. جا با بێینە سەر باسەکە: وارن ئەڵێ کۆرسێک دەربارەی هونەری وتاردان هۆکاری سەرەکی زۆرێک لە سەرکەوتنەکانمە چونکە بۆتە هۆی سەرکەوتنم لە فرۆشتن و بزنزدا. بێگومان ئەمە ڕۆڵی فێربوون و گرنگی کارامەیی دەرئەخات. نەک لە زانکۆی سلێمانی و سەلاحەددین، ئەگەر لە زانکۆی کۆڵۆمبیا و پێنسڵڤانیاش خوێندبێتت هەر ئەبێ بەردەوام ئەپدەیت بیت و لە رێگەی کۆرسەوە کارامەیی نوێ فێرببی. زۆرجار هەموو کەرەسەکانی سەرکەوتنت پێیە یەک دانە نەبێ، ئەکرێ ئەو دانەیە لە کۆرسێک فێرببی و کاروانەکەت بکەوێتە کار. بەڵام ئەمە لە گرنگی زانستەکانی پێشووت کەمناکاتەوە. ئەگەر وارن لە ڕاقیترین زانکۆکانی ئەمریکا نەیخوێندایە کۆرسێکی وتاردان نەیئەکرد بە هیچ هەر وەک چۆن هەزاران کەسیتر بەشداری ئەو کۆرسەیان کردووە و نەبوون بە وارن. کەمێک لادانە بەڵام حەزەکەم باسی شتێک بکەم بۆتان. لە ئامادەیی سەلاحەددین بووم، مامۆستا پشتیوان (خوا لێی خۆشبێ) وانەی عەرەبی و ئاینی پێئەوتین. جا هەموو کات پێنج دەققەی کۆتایی تەرخان ئەکرد (بە تایبەت لە وانەی ئاین) بۆ باسکردنی ژیان، دور لە مەنهەج، وە ڕێگەشی ئەیا چی پرسیارت هەیە بیکەیت. ڕۆژێک یەکێک لە خوێندکارەکان پرسی؛ باشە مامۆستا ئێمە هەموو ساڵێ حەوت دەرس ئەخوێنین، ئەو هەموو شعر و چیرۆک و ئینشا و حەدیس و ئایەتە، باشە ئێمە هەموویمان بیر ئەچێتەوە. بۆنموونە وەرە لەم تەلەبانە بپرسە بزانە چەند کەس بابەتەکانی ساڵانی پێشووی بیرە؟ مامۆستا پشتیوان زەردەخەنەیەکی کرد و وتی پرسیارەکەت زۆر جوانە باوکی من. مەبەست لە خوێندن ئەوە نییە کە وەک توتی شتەکان لەبەر بکەیت، بەڵکو وەگرتنی کرۆکی بابەتەکانە کە ئەچێتە سەر باڵانسی ڕۆشنبیریت. تۆ کە زمانەکان و زانستەکان ئەخوێنی بیرکردنەوە و خوێندنەوەت بۆ بابەتەکان فراوانتر و جوانترە، وە هەلی گەشەکردن و بەرەوپێشچوون و داهێنانت زیاترە. تۆ لەهەر چیرۆکێک و شعرێک و بابەتێکی زانستەکان وانەیەکی نوێ فێرئەبیت و ژیانت جوانتر ئەکات. لێرە بەدەر لە گەیاندنی پەیامەکەی مامۆستا پشتیوان ویستم بڵێم هەر بابەتێکت خوێندبێت ئیستا تۆ خاوەنی دنیابینیەکی جوانیت، ئەوەش ئەساسێکی باشە تا بینای لەسەربکەیت بە وەرگرتنی کۆرس و خوێندنەوەی کتێبی باش. ڕەنگە هێشتا نەگەیشتبیت بەو شوێنەی کە ئەتەوێت بەڵام بێگومان ئەگەر بەردەوامبیت ئەگەیت، ڕەنگە زۆر نزیکبێت. بیریشت نەچیت، جوانی ژیان لەم هەنگاوانەدایە کە ئێستە ئەیاننێیت. گابرێل گارسیا ئەڵێ هەموو ئەیانەوێ بگەنە لوتکەی چیا، بێئاگا لەوەی چێژی ژیان لە هەنگاوەکانی سەرکەوتندایە بەسەر چیاکەدا.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە