کاریگەری کارمەندی باش

زۆرجار کارمەند خۆی بە نزم لەقەڵەم ئەیات و خاوەنکار بە بەرز. لەڕاستیا ئەوەی جێگەی سەرنجە ئێمە ڕۆژانە و بە ڕێژەیەکی یەکجار زیاتر بەرکەوتنمان لەگەڵ کارمەندەکان هەیە تا خاوەنکارەکان. کەواتە ئەگەر کۆی کارمەندەکان بە خۆشەویستی و دڵسۆزییەوە کارەکانیان بکەن، هەموومان کارەکانمان باشتر ئەڕوات و دڵخۆشتریش ئەبین. پێمخۆشە نموونەیەک باسبکەم. نزیکەی پێنج ساڵ لەمەوپێش، ماوەیەک بەهۆی زەختی کارەوە دڵم پەلەپەلی ئەکرد و هەستمئەکرد لێدانی دڵم باش نییە. سەردانی پزیشکی دڵمکرد، وتی پێویستت بەچەند پشکنینێکی دڵ هەیە. ڕاستی ئەوسا زۆر قەلەق بووم و هەستێکی زۆر ناخۆشم هەبوو. ڕۆژی دواتر بە ترس و بێتاقەتیەوە خۆمکرد بە نەخۆشخانەی تەوارییەکەیا چونکە یەکیک لە پشکنینەکانم لە بینایەکی ئەوێ بوو (ببورن ناوی بەشەکان نازانم). کە چوومە ژور بۆ گرتنی هێڵکاری دڵ کارمەندێکی ژن، تەمەنی ٥٠ ساڵێک ئەبوو، بەخێرهاتنی کردم بە گەرمی. پاش بینینی وەرەقەی پزیشکەکە بە زەردەخەنەوە وتی ئەمە هیچ نییە، پزیشکەکە هەر بۆ دڵنیایی داوای ئەمەی لێکردووی. ئیتر هەنێ پرسیاری لێکردم بە ڕوویەکی خۆشەوە، منیش کەوتمە وەڵام دانەوەی پرسیارەکانی کە هیچ پەیوەندی بە پشکنین و نەخۆشییەوە نەبوو. دەی بڕوا بکەن کە لەوێ تەواوبووم و هاتمە دەرەوە بە پێکەنین و ڕووخۆشیەوە رۆیشتم، هەر نەخۆشیم بیرچوەوە. جا بیربکەرەوە ئەگەر بۆ هەرکوێ بڕۆین لە دایرە و کۆمپانیا و مارکێت و دوکان، کەسەکان هەمووی ئاوابن لەگەڵمان. ژیان ئەبێ بە بەهەشتێک بۆخۆی. دەی کەواتە بەشێکی باش لەژیان نە بەدەست خاوەن کارە نە حکومەت. خۆمان ئەتوانین ژیانی خۆمان جوانکەین بە جێبەجێکردنی کارەکانمان بە جوانی و ڕێزگرتن لەخەڵک. توخوا با ئەم نموونەیەش بهێنمەوە چونکە ئەوانیش زۆر بەڕێزبوون. چوومە دایرەی ونبوون لە ناو مەحکەمەی کۆن. لە حەرەسەکەی دەرەوە تا بەڕێوەبەر کۆمەڵێک کەسی یەکجار ڕێکوپێک و بەڕێز، حەزمئەکرد سەرجەم کارەکانم لای ئەوانبێ. خۆ بەخوا من هیچیان ناناسم بەڵام مرۆڤی ڕێکوپێک جگە لەوەی کارەکانت بەجوانی بۆئەکا، وزەشت ئەیاتێ. ڕێز و خۆشەویستی بۆ هەموو ئەو کارمەندانەی بەجوانی و ڕوویەکی خۆشەوە کارەکان بۆ خەڵک ئەکەن. ئێوە بە کارە جوانەکانتان و ڕووەخۆشەکەتان ڕۆژانە خەڵک خۆشحاڵ و پر وزە ئەکەن. ئەگەر قارەمانی کاتی شەڕ سوپا بێت، قارەمانی کاتی ئاشتی ئێوەن.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە