ڕۆژی جیهانی ژنان و کار

لەم ڕۆژەدا ئەم داوایانەتان لێئەکەم کە زیاتر پەیوەندی بە کار و ژینگەی کارەوە هەیە. جا ئەگەر ئەمانە بکەن بێگومان سودمەندی یەکەم خۆتان ئەبن. ١- کار بکە: کارکردن بۆ هەموو کەس باشە. بۆیە ئەگەر توانای کارت هەیە کاربکە و پێویستییەکانی خۆت پڕبکەرەوە بەلای کەمەوە. من ناڵێم هاوکاری لە خێزانەکەت وەرمەگرە، ئەو فکرەیە هەڵەیە. ڕاست ئەوەیە تا ئەکەویتە سەرپێی خۆت سود لە هەموو جۆرێکی هاوکاری و لەهەموو کەسیش وەربگریت. خراپ ئەوەیە کە ببیتە مەکینەی پارە سەرفکردن بەبێ دروستکردنی هیچ بەرهەمێک. ٢- خۆت بەرەو پێش ببە: بە وەرگرتنی شەهادەیەک مەوەستە و بەدەروام گرنگی بە توانای زانستی و فکری خۆت بدە هەروەک چۆن گرنگی بە ڕوخسار و دەرکەوتنت ئەدەیت. گەشەکردن ڕێگەیەکی بەردەوامە و پێوسیتی بە هەنگاوی بچوک و بەردەوامی هەیە. پێشنیار ئەکەم ڕۆژانە کاتێکت هەبێ بۆ خوێندنەوە، گوێگرتن لە بابەتێکی باش، وەرگرتنی کۆرسێک، یان هەرشتێک کە ئاستت بەرەوپێش ئەبا. ٣- مەهێڵە بەکەم سەیر بکرێیت: ئەگەر بەکەم سەیرکرایت تەنها لەبەر ڕەگەزت بەکار بیسەلمێنە کە کێیت. زۆرجار ڕەنگە خەڵکێک تێڕوانینێکی باشی نەبێت و واتێبگا کە تۆ کەم توانایت بەڵام ئەتوانی کەمێک هەوڵی زیاتر بدەیت و بە کار بیسەلمێنی بۆیان. پێموایە ئەم ڕێگەیە پەسەندترە لە وەڵامدانەوە بە قسە، لەهەندێک شوێنا ئەوەش پێویستە. ٤- مەبە بە بەشێک لە ستەم: ببورن توخوا بەس زۆرجار ئەبینم و ئەبیستم خۆتان ئەبنە بەشێک لە گەندەڵی و وەک ئامێر سوودتان لێوەرەگرن. ئەمە بۆ هەندێک کەسە، دادە گیان خراپی وەزعی ژن بە تۆ دائەپۆشن لەرێگەی گەورەکردنت و پیشاندانی تۆ بەشێوەیەکی خەیاڵی و لە ژیانێکی ناواقعیدا. لەم حاڵەتەدا تۆ بەشێکی سەرەکی لە ستەم، بۆیە بەخەبەر وەرەوە. ٥- بێدەنگ مەبە بەرامبەر ناهەقی: ناهەقی هەر کوشتن نییە و لە سۆشیال میدیا ئیدانەی بکەی. کاتێک لەسەرکاری لەشوێنێک و هەست ئەکەی خۆت یان هاوکارێکت ئیستیغلال ئەکرێ قبوڵی مەکە. ئەگەر خۆشت بەهۆی جوانیەکەتەوە کار و پلە و پارەت وەرگرت ڕەتی بکەرەوە چونکە لەویا ناوەستێ، جگەلەوەی خەڵکیتر ئەبێتە قوربانی. ٦- خێزانەکەت هۆشیاربکەرەوە: قەت لەگەڵ ئەوەنیم بچی ١٨٠ پلە دژی فکری خێزانەکەت بوەستی (ئەگەر فکریان سەردەمیانە نەبێت). بەم شێوە نە هیچ ئەگۆڕی، خۆشت ناشرین ئەکەی. گۆڕانکاری بە قۆناغ و لەکاتی پێویستا ئەکرێت. بزانە چۆن ئامادەکاری بۆ گۆڕانکاری ئەکەیت و ئەپدەیتی فکری خۆت و ئەوان ئەکەی (زیاتر لێرە مەبەستم رێگەدانە بە خوێندن و کار). ئینجا پیرۆزبێت ڕۆژی جیهانی ژنان.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە