کارسازی و قوتابخانە گشتییەکان

لەنێوان هەموو ئەو کەسانەی کە ڕەخنە لە قوتابخانە گشتییەکان دەگرن، هەمیشە وابیرمکردۆتەوە کە ڕەخنەکان ئاراستەی دروستکەر وەربگرن و هەوڵی چاککردن بدەم. ڕوخاندن ئاسانە و زۆر کەس ئەتوانێ بیکا، دروستکردن لێهاتووی دەوێ. هەموو کەس ئەزانێ کە قوتابخانەکان و پرۆگرامی خوێندن کێشەی تیایە، ئەوە گرنگە کە پێشنیاری دروست بخەیتە ڕوو بۆ چارەسەری کێشەکان. یەکێک لەو کەموکورییانەی لە قوتابخانە گشتییەکاندا هەیە نەبوونی وانەی کارسازی و ئابورییە. لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا بەشێک لەخوێندکاران پاش ئامادەیی واز لە خوێندن ئەهێنن و دەست ئەیەنە کارێک. بێگومان لێرە ئەم حاڵەتە زۆر زیاترە چونکە یاسایەک نییە خوێندکار ناچاربکات کە هیچ نەبێ ئامادەیی تەواو بکات. کەواتە زۆر گرنگە کە ئەم کەسە بزانێت چۆن کاری خۆی دائەمەزرێنێت و بەسەرکەوتووی دەگاتە ئەنجام. بهێنە پێشچاوت کە وانەی کارسازی لە پۆلی ١٠ و ١١ ئامادەیی دەخوێندرێت. لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا خوێندکار فێری بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی دەرفەتی کار دەبێت، وە مارکێتین و بزنز پلان و خزمەتگوزاری کڕیار و بەڕێوەبردنی بزنزی بچوک دەخوێنێت. پاش ئەمە هەرکات ویستی شتێک دابمەزرێنێت زانیارییەکی تاڕاددەیەک باشی هەیە و ئەتوانێ هەڵسەنگاندنی دروست بکات. زۆربەی کێشەی فەشەلی بزنزی بچوک نەبوونی مارکێت ڕیسێرچ و بزنز پلان و فاینانشیاڵ پلانە. ئەگەر هەمووکەسێک لە ئامادەیی لەپاڵ جوگرافیا و مێژوو و کیمیا و فیزیا ئەمانەش فێرببێ قەت ناڵێ قوتابخانە بێسوودە. توخوا با شتێکیتر بڵێم. لەوە ناخۆشتر نییە کەسێکی خاوەن پارە (کە بەس خوا ئەزانێ چۆن پەیای کردووە) بە کەسێکی خاوەن شەهادە کە کارمەندیەتی ئەڵێ بەخوا هیچ نازانێ. ئێ خۆ تا ڕاددەیەک ڕاست ئەکا. هۆکارەکە ئەوەیە ئەم شەهادەدارە (ئەندازیار، دەرمانساز، یاساناس، هتد) ڕاستە یەک دنیا شت ئەزانێ لە بوارەکەی خۆی، بەڵام لە کار و بەڕێوەبردن و فرۆشتن و هەڵسوکەوت لەگەڵ کڕیار هیچ نازانێ. ئێ خاوەن کارەکە ئەم شتانە ئەبینێ، خۆ لەوە نازانێ و بەلاشییەوە گرنگ نییە کە ئەم دەرمانە یان مەتریاڵە چۆن دروست ئەکرێ و چۆن کار ئەکا. کەواتە ئەم بابەتە تەنها بۆ ئەو کەسانە گرنگ نییە کە ئەیانەوێ ببنە خاوەن کار بەلکو بۆ هەموو پرۆفێشنەکانیتر گرنگە. با چیتر پێتنەڵێن کە هیچ نازانێ، با تێبگەی کە بزنەکەش بەقەد زانستەکە گرنگە. کەواتە، پێویستییەکی بنچینەیی کە هەموو کەسە لەپاڵ بیرکاری و زیندەوەرزانی کارسازی و ئابوری بخوێنن. ئێمە نزیکەی نۆ ساڵ زانستە کۆمەڵایەتی و زانستە سروشتییەکان ئەخوێنین، ئێ با دوو سێ ساڵیش ئابوری و کارسازی بخوێنین. من نامەوێ لە گرنگی هیچ زانستێک کەمکەمەوە بەڵام دڵنیاتان ئەکەم لە زۆرێک لە زانستەکان زیاتر پێویستمان بە کارسازی و بزنز هەیە. ئەزانم خەڵک بزنز بە دزی و گزی تێگەیشتووە و لەگەڵ ناوهێنانی هەندێک خەڵکی گەندەڵیان بیرئەکەوێتەوە. بەڵام دانانی چاخانەیەک و عارەبانەیەکی لەفە و دووکانێکی لاکۆڵان و کافتریایەکیش هەر بزنزە و پێویستی بە زانیاری و خوێندنەوەی بازاڕ و کڕیار هەیە. بۆیە پێویستی هەوومانە. تەنانەت کڕینیش لێزانینی ئەوێ. بۆ نموونە ئەگەر ئێمە خەوتوو نەبوینایە ڕێمان نەئەدا کارتی پێنج هەزاریمان بە شەش پێبفرۆشن، کۆمپانیا گەندەڵەکانمان سزا ئەدا، نرخمان پێ دائەبەزاندن، وامان لێئەکردن ڕێزمان بگرن نەک منەتمان بەسەرابکەن. شتی زۆرم ماوە بۆوتن، بەس.... با بمێنێ.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە