چۆن ئەبیتە کارساز؟

هەفتەی ڕابردوو چووم بۆ بینینی شانۆگەرییەک. لە بەشێکدا یەکێک لە ئەکتەرەکان چووە سەر کورسییەکی تەختەی لات. ڕاستەوخۆ تەرکیزم چووە سەر خراپی کوالیتی تەختەکە و لەدڵی خۆما وتم ئێستا ئەشکێ. کاتێک خەڵک چێژیان لە شانۆکە ئەبینی من ددانم جیڕکردبوەوە بۆ شکانی تەختەکە. هۆکارەکە ئەوەیە ئەندازیاری بینام خوێندووە، بۆیە کاتێک سترەکچەرێک ئەبینم، جا کورسییەک بێت، مێزێک، بینایەک، یان پردێک، ڕاستەخۆ مێشکم بەلای جێگیری و سەلامەتی سترەکچەرەکەدا ئەچێت. بەس نەشکا باشبوو چونکە هونەرمەندەکە لە کورسیەکە لاتتربوو (مەبەستم لاشەیەتی) 😄 کەواتە ناونیشانی پۆستەکە هەڵەیە، ڕاستیەکەی ئەمەیە: چۆن ئەبیتە هەر شتێک کە ئەتەوێ؟ با ئاوا وەڵامەکە بەمەوە. من بڕوام بە زیرەکی نییە، زۆر کەم نەبێ. جیاوازییەکە تەنها تەرکیزە. بۆنموونە چوار کەس سەیری یاری تۆپی پێ ئەکەن، هەریەکەیان بە جۆرێک ئەیبینێ. ڕەنگە هونەرمەندێک تەرکیزی لەسەر لایەنی هونەری یاریزانەکان بێت و لەو چوارچێوەیەدا لێکدانەوە بۆ شتە جوانەکانی یارییەکە بکات. بەڕێوەبەرێک سەیری کێشە ئیدارییەکانی یارییەکە ئەکات و باش و خراپ بەپێی ئەوە هەڵدەسەنگێنێت. دەرونناسێک زیاتر تەرکیزی لەسەر بارودۆخی دەرونی یاریزانەکانە. وە بازرگانێکیش بیر لە ئەنجامی یارییەکە ئەکاتەوە کە چۆن کاریگەری لەسەر لایەنی دارایی و ئابوری تیمە دەبێت. ئەو منداڵەی کە هەر لە بچوکیەوە حەزی لە قەڵەم و وەرەقە و وێنەکێشانە ئەبێتە نیگارکێشێکی باش، ئەوەش کە حەزی لە دروستکردنە ئەبێتە ئەندازیار، خۆش خۆرێکیش ڕەنگە ببێتە شێفێک، یان بەلای کەمەوە ئەزانێ خۆشترین خواردنەکانی شار لە کوێن. تەرکیز لە کوێبێ زانست و زانیاریت لەوێ چڕ ئەبێتەوە، جا بۆ بەدبەختی (ئەگەر تەرکیزت لە شوێنی باش نەبێ) مێشک ڕقی لە شتی تازەیە. ئەمە واتە دە کاتژمێر نیگارکێشان بۆ وێنەکێشێک ئاسانترە لە کاتژمێرێک خوێندنەوە چونکە مێشکی حەزی بەو شتانەیە کە ئاشنایە پێیان. کەواتە ئگەر ئەتەوێت ببی بە کارساز، ڕۆژانە لەسەر کاروباری کارسازەکان بخوێنەوە و گوێبگرە. بزانە کێشەکان چین و چۆن چارەسەر ئەکرێن. ئەگەر بۆماوەیەکی زۆر ئەوەتکرد ئیتر لەهەموو بابەتێک کار ئەخولقێنی. بۆنمونە ڕەخنەگرێک چونکە بەردەوام لە ڕەخنەیا ئەژی باسی ئەڵماسیشی بۆبکە ئەڵێ جا سودی ئەڵماس چییە؟ ئەبوایە هەرزان بوایە خۆ بۆ هیچ بەکارنایات. کارسازێکیش کاتێک ئەچێتە خواردنگەیەک ئەڵێ وەڵا ئەم بزنزە ئەکرا فڵانە خزمەتگوزاریشی هەبوایە، ئەوسا ناوبانگ و داهاتی باشتر ئەبوو. باسی هەر بابەتێکی بۆبکە ئەیباتەوە سەر کار و خزمەتگوزاری و سەرچاوەی داهات. کەواتە یەک ڕێگەی ڕاست و ڕەوان هەیە بۆ بونە کارساز. تەرکیزت کۆبکەرەوە، بخوێنەوە و گوێ بگرە، بزانە کارسازەکان چی ئەکەن و چۆن و بۆچی. هەرکات ئەم خوەت گەشەپێدا بۆ ماوەیەکی درێژ خایەن یەیتە ڕیزەوە. ڤیدیۆکەش بەشێکە لە شانۆگەرییەکە 😊

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە