دینار_بەرامبەر_دۆلار

نرخی دراوێک بەرامبەر بە دراوێکیتر لە چەند ئاڕاستەیەکەوە لەژێر کاریگەریەدایە: سیاسی: ١- جێگیری سیاسی ٢- ئابڵوقەی سیاسی ٣- قەرزی گشتی مێتۆد: فیسکاڵ پۆڵسی (باج و خەرجکردن) ئابوری: ١- هەڵاوسان ٢- سوڕی بازرگانی ٣- سپێکولەیشن بازرگانی نێودەوڵەتی: ١- تێرمی بازرگانی ٢- کەرێنت ئەکاونت پلانی ئابوری: ١- بیردۆزی ئابوری ٢- هەماهەنگی فیسکاڵ پۆڵسی ٣- بێلایەنی سیاسی مێتۆد: مۆنێتەری پۆڵسی (خەزێنەی دەوڵەت و ڕێژەی سود) ............. سیاسی جێگری سیاسی یەکێکە لە فاکتەرە سەرەکییەکان، ئەگەر بە وردی سەرنجتان خستبێتە سەر نرخی پاوەند بەرامبەر دۆلار لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەگەنە ئەو ئەنجامەکەی کە جێگیری سیاسی ڕەنگە لە جێگیری ئابوری گرنگتربێت. جا ئەگەر ئەمە بۆ بەریتانیا ڕاستبێت وەی بەحاڵی عێراق. کە سیاسەت و سیستمی بەڕێوەبردنی وڵاتێک ناجێگیربوو زۆر بە ئاسانی دراوەکەی دەکەوێتە ژێر مەترسیەوە، ئەوەی کە وایکردووە عێراق تا ڕاددەیەک باشبێت هەبوونی سەرچاوەی سروشتیە. ئابڵوقەی سیاسی (ئێران بە نموونە) وادەکات کە کڕین و فرۆشتن لەگەڵ ئەو وڵاتە نەکرێت و ئابوریەکەی دابتەپێت. ئاستی کاریگەری نەرێنی ئابڵوقەی سیاسی ئەکەوێتە سەر ئاستی پشت بەخۆبەستنی ئابوری وڵاتەکە، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا دەبێتە هۆی دابەزینی دراوەکەی بەرامبەر دراوەکانیتر. وڵاتێک کە قەرزێکی زۆری لەسەرە (یابان بە نموونە) بەردەوام لەژێر هەڕەشەی تێکشکانی ئابوریەکەیدایە. ئەمە وادەکات کە وەبەرهێنەرەکان سڵبکەنەوە لە هەڵگرتنی دراوی ئەو وڵاتە، تەنانەت کە بازرگانیشی لەگەڵ دەکەن تەنها بۆ ماوەی کورتخایەن و ئیش بەڕێکردن دراوی ئەو وڵاتە بەکاردەهێنن. حوکمەت مێتۆدێکی لەبەردەستدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی، پێی دەوترێ فیسکال پۆڵسی کە بریتییە لە یاریکردن بە باج و خەرجی. لە حاڵەتی ئابوری باشدا حوکمەت خەرجی کەمدەکاتەوە و باج زیاد دەکات (پارە کۆدەکاتەوە). بە پێچەوانەوە لە حاڵەتی سستی ئابوریدا خەرجی زیاد دەکات و باج کەمدەکاتەوە تا ئابوری زیاتر ببوژێتەوە. ............. ئابوری بەگشتی هەڵاوسان وادەکات نرخەکان بەرزببنەوە و توانای کڕینی خەڵک کەم ببێتەوە. ئەمە وادەکات ئەو دراوە بەرامبەر دراوەکانیتر لاواز ببێت. هەموو ئابورییەک بە سوڕێکدا تێدەپەڕێت کە کاتی باش (گەشە) و خراپی(سستی) تیادایە. لە حاڵە باشەکاندا ئابوری لەگەشەدایە و ئاستی دامەزراندن بەرزە بەڵام هەڵاوسان خراپە. تا ئەگاتە ئاستێک هەڵاوسان لە ئاستی ئاسایی دەرئەچێت، ئیتر بانکی ناوەندی هەوڵئەدا هاوکێشەکە پێچەوانە بکاتەوە. دواتر ئابوری ئەگاتە سوڕێک کە دامەزراندن و گەشە دائەبەزن و هەڵاوسان یەتەوە ئاستی خۆی. بەم جۆرە سوڕە بازنەییەکە بەردەوام ئەبێت. کەواتە لە کاتە باشەکاندا هەڵاوسان بەرزە کە دەبێتە هۆی خراپی نرخی دراوی وڵاتەکە بەرامبەر ئەوانیتر. بە پێچەوانەوە لە حاڵەتە خراپەکاندا هەڵاوسان نییە و نرخی دراوەکە بەرزە. وەبەرهێنەرەکان بەردەوام سپێکولەیشن بە دراوی وڵاتێکەوە ئەکەن کە ئەزانن لەوانەیە هاڕە بکات. جا سپێکولەیشن بە ڕێژەیەکی زۆر کاردەکاتە سەر بازاڕ و ڕەنگە بە لەناوبردنی دراوەکە کۆتای بێت. ............. بازرگانی تێرمی بازرگانی ڕێژەی نرخی ئەو بەرهەمانەیە وڵاتێک هەناردەی دەکات بەرامبەر بەو کاڵایانەی هاوردەی دەکات. کاتێک ڕێژەکە لە خوار یەکەوەیە وڵاتەکە زیاتر هاوردە دەکات وەک لە هەناردە، ئەمەش وادەکات نرخی دراوەکەی لاواز ببێت بەرامبەر دراوەکانیتر. ئەگەر پێچەوانەبوو ئەوە وڵاتەکە زیاتر هەناردە دەکات و نرخی دراوەکەی بەهێز دەبێت. کەرێن ئەکاونت جیاوزی نێوان خەزنکردن و وەبەرهێنانە. ئەگەر وڵاتێک خەزنکردنی زیاتر بوو لە وەبەرهێنان، لە ئەنجامدا وڵاتەکانیتر پشتی پێدەبەستن بۆ فاینانسکردنی پڕۆژە و کۆمپانیاکانیان. ئەمەش نرخی دراوەکەی بەرز ئەکاتەوە. بەپێچەوانەوە پێویستی بە قەرزی دەرەکییە تا کورتهێنانی خەزنکردن پڕبکاتەوە، لە ئاکامدا نرخی دراوەکەی دائەبەزێت. ............. پلانی ئابوری وڵاتەکان بۆچونیان دەربارەی شێوازی کارکردن و پلانی ئابوری جیاوازە. هەر وڵاتێک ڕەنگە پشت بە بیردۆزێکی ئابوری ببەستێت. ئەمانەش لێکەوتەی جیاوازیان هەیە لەسەر ئابوری وڵاتەکە، لەکۆتایشدا ئەم لێکەوتانە پێناسە ئەبن بۆ گۆڕینی نرخی دراوەکەی بەرامبەر بە دراوەکانیتر. بانکی ناوەندی بەدەست لایەنێکەوەیە و حوکمەت بەدەست سیاسیەکانەوەیە، ئەکرێ هەردوولا هاورکای یەکبن و یەک پلان و ئامانجی هاوبەشیان هەبێت. ڕەنگیشە وانەبێت و خوێندنەوە و پلانەکانیان جیاوازبن. دەرئەنجامی کۆتایی ئەمە هەرچیەک بێت لە نرخی دراوی وڵاتەکەدا ڕەنگ ئەداتەوە. ئایا بانکی ناوەندی بێلایەنە؟ نازانم، خوا خۆی ئەزانێ. ئەگەر بێلایەن نەبێ و بەدەست سیاسیەکانەوە بێت ئەوە نرخی دراوەکەی لەژێر هەڕەشەیەکی گەورەتردایە. ئەگەر نا ئەوە نرخی دراو تا ڕاددەیەک جێگیرترە، بە کورتی هەردوو هێلکەکە لە یەک سەبەتەدا نین. مێتۆدی دەستی بانکی ناوەندی مۆنێتەری پۆڵسیە کە یاریکردنە بە ڕێژەی سود، خەزێنە، دڵنیاکردنەوەی بازاڕ. لەحاڵەتی گەشەی ئابوریدا بانکی ناوەندی نرخی پارە (سود) زیاد دەکات و پارە (خەزێنە) کۆ ئەکاتەوە. لەحاڵەتی سستی ئابوریدا نرخی پارە (سود) کەم ئەکاتەوە و ئەو خەزێنەیەی هەیەتی بە شێوەی جیا جیا ئەیخاتە خزمەتی ڕاگرتنی دراو و بازاڕەوە. ............. جا لەکۆتایدا نرخی دراو لەسەر هەموو ئەمانە وەستاوە. ئایا ئەکرێ پێشبینی بدەینە دەست ئەندام پەرلەمانێک، سیاسیەک، ڕۆژنامە نوسێک، کاسبێک؟ وەڵامەکەی بۆخۆتان. تێبینی: ڕونکردنەوەکانم زۆر سادەن چونکە هەر یەکێک لەم زاراوانە خۆیان پۆستێکی باش هەڵئەگرن، ناشکرێ پۆستەکە لەوە درێژتربێت.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە