Economies of Scale

ئەم زاراوەیە واتە "کەمکردنەوەی تێچوو بە زیادکردنی بەرهەمهێنان." با بڵێین مەعمەلێکی کۆنکریتت هەیە، ئەگەر تێچووی دروستکردنی یەک تەن چیمەنتۆ ٣٠ دۆلار بێت لەکاتی بەرهەمهێنانی هەزار تەن چیمەنتۆ لە ڕۆژێکدا، ئەوا ڕەنگە بتوانی تێچووی تەنێک بگەیەنیتە ٢٠ دۆلار لەکاتی بەرهەمهێنانی دەهەزار تەندا. تێچووەکانی بەرهەمهێنان هەندێکیان نەگۆڕن، وەک کڕینی موڵک و سەرجەم ئامێرەکانی بەرهەمهێنان، وە ئەوانیتر گۆڕاون وەک بڕی ئەو شاخ بڕینەی کە پێویستە بۆ یەک تەن چیمەنتۆ، مەوادە پێویستەکانیتر، وە بڕی کرێکاری پێویست بۆ بەرهەمهێنای تەنێک. پاش دروستکردنیش ئەتوانین بزانین تێچووی تەنێک چەندە کە پێوسیتە بۆ گواستنەوە و مارکێتین و فرۆشتن و بەڕێوەبردن. بێگومان تا بەرهەمهێنان زیاد بکەین تێچووی هەر تەنێک کەم ئەکا. جا ئەمە لە تێچووی ژیانیشا ڕاستە بۆ خێزانێک. بۆ نموونە ئەگەر خێزانێکی دوو کەسی مانگێک بە ١٠٠٠ دۆلار بژی ئەوا خێزانێکی چوار کەسی ڕەنگە بە ١٤٠٠ دۆلار بژی چونکە هەندێک لە تێچووەکان ناگۆڕێن وەک شوێنی مانەوە و زۆربەی پێویستییەکانی ماڵ. بۆچی ئەمە باس ئەکەم؟ بزنزی گەورە کە ئەتوانێ هەم قازانجی خۆی زیاد بکات و هەمیش بە نرخێکی هەرزانتر بفرۆشێ کاتێک دروست ئەبێ کە بتوانێ بە قەبارەی گەورە بەرهەمبهێنێ. بۆئەمەش بازارێکی هاوتا (هۆمۆجینیەس) پێویستە. نموونەی بازاڕی هاوتا وەک ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، و چین. لەسەر ئاستی وڵاتیش تا بازاڕ هاوتابێت (هەموو شار و شارۆچکەکان یەک یاسایان بەسەرا جێبەجێکرێ) چانسی دروستبوونی بزنزی گەورە زیاترە. کارەسات ئەوساتە دروست ئەبێ کە بزنزی گەورە ببێ بە مۆنۆپۆڵی و تاکە بەرهەمهێنەر لەبواری خۆیا، ئەوسا لەجێی ئەوەی ببێتە ڕەحمەت ئەبێتە زەحمەت بۆ خەڵک. ئەمەش کاتێک دروست ئەبێ کە گەندەلی بەرزبێت یان یاسای ئەنتای ترەست (کاری هێشتنەوەی کێبڕکێیە لە بازاڕدا) کار نەکات. کەواتە، ئێمە لەوڵاتێکین کە بزنزی گەورە تیایا زۆر کەمە چونکە هەر شارە و یاسایەکی هەیە و وڵاتەکەش دابەشبووە بەسەر چەند هەرێمێکا. جگە لەوەش هیچ یاسایەکی کێبڕکێ نییە و ڕێک پێچەوانەکەی هەیە. ئەو بزنزە گەورانەش کە هەن بە توانا و کێبکڕێ دروست نەبوون بەڵکو بە پشتگیری حیزبی دروست بوون، تا ئێرە قەینا کێشەکە ئەوەیە کە نەک خزمەتی خەڵک ناکەن بەڵکو تا بەرهەمهێنان زیاد بکەن نرخیش زیاد دەکەن چونکە منافەسە نییە. سەد جاریتریش ئەیڵێمەوە بۆیە کارتی پێنج هەزاری بە شەش هەزارە و ئای کیو بە ٣٩ هەزارە. لە پۆڵەندا بە ٣٠ زلۆتی (١٠ هەزار) مانگانە نامە و تەلەفۆنی بێسنور و ئینتەرنێت (١٥ گێگا) ئەکڕم بەڵام لە کوردستان بە ١٠٠ دۆلاریش شتی وا ناکڕی لەکاتێکا ئاسیا و کۆڕەک و زەین هەموو مارکێتی عێراقیان بەدەستە بەڵام پۆلەندا زیاد لە ١٠ کۆمپانیا کێبڕکێی تیا ئەکەن. کەواتە: نرخی شتومەک بە گشتی لە پۆڵەندا گرانترە (سەیری ئیندێکسی نرخ بکە)، ژمارەی کۆمپانیاکان زۆرترە، ئاستی فرۆشتنیان کەمترە چونکە زۆرترن، ژمارەی دانیشتوانیان کەمترە (کەواتە دیسان فرۆشتن کەمترە)، سەرەڕای هەموو ئەمانە نرخیان زۆر هەرزانترە. بەخوای هەرچیتر بڵێم زیایەیە.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە