مەرگی "too big to fail"

مەیخوێنەوە، یان دوو جار بیخوێنەوە ئیفلاسبوونی سێ بانکی ئەمریکی دوای بەرزبوونەوەی ڕێژەی سود بەهۆی خراپی بەڕێوەبردنی مەترسیەوە (risk management) کاریگەری خراپی لەسەر دامەزراوە داراییەکانی ئەمریکا و ئەوروپا و جیهان دانا. بەتێکڕا نرخی پشکەکانی کۆمپانیا داراییە گشتییەکان (public) ی دابەزاند. لە پۆستی پێشتردا ئاماژەم بەوەدا کە ئەم زریانە ئاساییە و لەماوەی درێژخایەندا کارناکاتە سەر ئەوانەی بەڕێوەبردنیان باشە. لەو پۆستەدا خۆم لادا لە باسکردنی دامەزراوەیەکی زەبەلاح کە ماوەی ١٥ ساڵە لە قەیران و نادڵنیایی دایە. هەموو هەوڵێکی چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی بوو، ئەمەشی هاتەسەر و تا کەناری مەرگی برد. دەستەواژەیەک هەیە لە بازاڕە داراییەکاندا: too big to fail واتە ئەوەندە گەورەیە نامومکینە فەشەل بهێنێ. ئەم دەستەواژەیە بەگشتی بۆ ئەو بانک و کۆمپانیا داراییانە بەکاردێت کە ئەوەندە سەرچاوەی زۆریان لەبەردەستە، ئەگەر توشی کێشەش ببن بەئاسانی لێی دەردەچن. خەیاڵبکە لە دە سەرچاوەوە پارەت بۆ بێت، ئەگەر دوانیشیان نەمێنێ هێشتا هەشت سەرچاوەت لەبەردەستە و زۆر کێشەت نییە. بەگشتی بانکە گەورەکانی وەبەرهێنان ئەم زاراوەی too big to fail ەیان بۆ بەکاردەهێندرێت. جا ئەگەر سەیری لیستی دە گەورەترین بانکی وەبەرهێنان بکەین لە جیهاندا ئەبینین دوو دانەیان سویسرین: UBS و Credit Suisse. هەروەک چۆن کەلار بە تور و حیللە بە بامێ بەناوبانگن، سویسرا بە بانکین. لە داراییدا دەستەواژەی The Swiss Banker واتە بانکەرە سویسریەکە ئاماژەیە بۆ شارەزایی و ناوبانگی وڵاتی سویسرا لە بانکیندا. هەر بەڕاستیش وایە، وڵاتێکی بچوکی نۆ ملیۆنی چییە دوو بانکی لە لیستی زەبەلاحترین بانکە وەبەرهێنانەکانی جیهاندا هەبێت؟ کرێدیت سویس باسی گفتوگۆی ئەمڕۆمانە کە ئێستا لە کێشەی گەورەدایە. لە هەفتەی ڕابردوودا بانکەکە لە ڕاپۆرتە داراییەکانیدا ئاشکرایکرد کە لەچارەکی کۆتایی سالی ٢٠٢٢ دا بڕی ١.٥ ملیار دۆلار زیانیکردووە، بەمەش ساڵی پار کۆی زیانەکانی بوو بە ٧.٩ ملیار دۆلار، ئەمەش خراپترین ئاستە لەپاش قەیرانی دارایی ٢٠٠٨. دەرئەنجام نرخی پشکەکانی ١٦% دابەزی، ئەمە لەکاتێکدا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ٦٩% دابەزیوە. لە چارەکی کۆتای ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ١٢٠ ملیار دۆلار لە بانکەکە کێشراوەتەوە لەلایەن خاوەن پارەکانەوە، زیاد لە نیوەی لە مانگی ئۆکتۆبەردا بوو دوای ئەو دەنگۆیانە هات لە سۆشیال میدیا کە باردۆخی کرێدیت سویس ناتەندروستە. نەبوونی قازانج و کێشانەوەی پارە و دابەزینی نرخی پشک کێشەی کەمبوونەوەی کاش (liquidity) ی بۆ بانکەکە دروستکرد. بێگومان ئەمانە کاری کردەسەر کواڵیتی بانکەکە (credit rating) و توانای قەرزکردنی (issuing bond) کەمکردەوە بە تێچوویەکی کەم وەک پێشتر. لەهەمانکاتدا گرەنتیکردنی قەرزەکانی بانکەکەی (credit default swaps) گرانترکرد لە بازاڕی دێریڤەتیڤدا (derivatives). ئەمە وائەکات هەموو کەس ئامادەنەبێ قەرزی بداتێ، ئەگەر بشیدا زۆر گرانتر لەجاران ئەیدا. جگە لەمانەش، پرسیار لە بانکی نەتەوەیی سعودیە (Saudi National Bank) کرا کە گەورەترین خاوەن پشکە (stakeholder) لە کرێدیت سویس بە بڕی ٩.٨%، کە ئایا ئامادەن پشکی زیاتر بکڕن و کێشەی بانکەکە چارەسەر بکەن؟ لە وەڵامدا وتیان بە دڵنیاییەوە نەخێر. ڕاستە یەکێ لە هۆکارەکان یاسای antitrust ە کە مەرجی زیاتر ئەسەپێنێت بەسەر هەڵگرانی ڕێژەی زیاتر لە ١٠% بەڵام ئەوە تەنها هۆکار نییە بۆ ئەو وەڵامە ڕەق و توندە. پاش ئەم قەیرانانە، بانکی ناوەندی سویسرا بڕی ٥٤ ملیار دۆلاری وەک کرێدیت لاین (credit line) پێدا تا ئەم قۆناغە تێپەڕێنێ. هۆکاری ئەم یارمەتییە ئەگەڕێتەوە بۆ قەبارە و گرنگی کردێت سویس لە بازاڕی دارایی سویسرا و ئەوروپا و جیهاندا. کرێدیت سویس پێچەوانەی UBS بانکێکە بە ڕیسک کردن و هەڵپەکردن ناسراوە. لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا توشی چەندین کێشەبوون و ملیاران دۆلاریان لەدەستدا بەهۆی تێوەگلانیان لە چەندین گەندەڵی وەک پارە سپیکردنەوە و جێبەجێنەکردنی یاساکان (regulations) و کارکردن لە پڕۆژەی زۆر مەترسیداردا (risky). ئەمانە کاریگەری خراپیان کردەسەر ناوبانگی یەکێک لە ڕاقیترین بانکەکان کە ١٦٧ ساڵە ناوبانگ کۆئەکاتەوە. پێچەوانەی سلیکۆن ڤالێی بانک، کرێدیت سویس کەمتر ئیشی بە نرخی پشک و ڕێژەی سود هەیە چونکە بانکی وەبەرهێنان کارەکەی جیاوازە. بە پێناسەی دارایی، "بانک" دامەزراوەیەکە (deposit) وەردەگرێت و قەرز (loan) ئەدا، ئەسلەن بەم پێناسەیە بانکی وەبەرهێنان هەر بانک نییە چونکە (deposit) وەرناگرێ. بەکورتی بانکی وەبەرهێنان پرۆسەی بەگشتیکردن IPO و یەکگرتنی کۆمپانیاکان M&A و کڕینی لێڤێرج LBO و بەڕێوەبردنی سامان wealth management بۆ کۆمپانیاکان و خەڵکی پارەدار ئەکەن. کەواتە ئەوەی ئێستا بوەتە کێشە بۆ کرێدیت سویس مۆدێلی بازرگانییەکەیەتی (business model). بزنز مۆدێل بە زمانێکی سادە ئەوەیە بزنزەکەت چۆن پارە پەیدائەکات. لە ئێستادا کرێدیت سویس کێشە گەورەکەی ئەوەیە کە ناوبانگی خراپبووە بە تێوەگلان لە گەندەڵی، گۆڕانکاری لەسەر گۆڕانکاری، زوو لابردنی دەستەی بەڕێوەبەران، و زیانکردن لەجێی قازانج بۆ خاوەن پشکەکان.تەنانەت ئێستە وایلێهاتووە بانکەرە بەناوبانگەکان ناوێرن تەقدیمی ئیشبکەن لە کرێدیت سویس، ئەڵێن بۆ سی ڤی خراپە 😁 لە کۆتایی ساڵی پار خۆم تەقدیمم کرد، پاش ماوەیەک تەلەفۆنیان بۆ کردم و هەندێک پرسیاریان لێکردم تا ئامادەبم بۆ قۆناغی داهاتوو. هاوڕێیەکم پێشتر لەوێ کاری ئەکرد، تەلەفۆنم بۆکرد وتی وازی لێبهێنە و مەچۆ چونکە کێشەی گەورەیان هەیە: پارە کەم ئەیەن، ئیشت زۆر پێئەکەن، وە بەردەوام لەژێر سترێسا ئەبیت. بەهەرحاڵ، ئەم کێشانە هەر وایاننەکردووە کە بانکەکە زیان بکا، بەڵکو کێشە گەورەترەکە ڕۆیشتنی کۆمپانیا و خاوەن پارەکانە لە کرێدیت سویسەوە بۆ UBS و بانکەکانیتر. هەموو ئەم ڕووداوانە وایانکرد کە بانکەکە بێتە ڕیزبەندی ١٤٩ لە جیهاندا بە پێوەری کۆی بەهای پشکەکانی (market cap)، ڕۆژێک لەڕۆژان بانکی ژمارە هەشت بوو! جیاوزییەکە وازحە، وانییە؟ بێگومان بانکێک ئیدارەی پارەیەکی خەیاڵی بکا هەروا ئاسان لەناوناچێ، بەڵام چارەسەریش ئاسان نییە بۆ ئەو قەبارەیە. ئەوەی باشە کرێدیت سویس وازیان لە بیانوو هێنانەوە هێناوە و دانیان بە هەموو کێشەکاندا ناوە، هەوڵی چارەسەرکردن ئەدەن. ئێستا کەسێک کە پێشنیارکراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان مایکڵ کلینە. مایکڵ پێشتر پسپۆڕی M&A بوو لە سیتی بانک (Citibank)، لەماوەی کارکردنیدا چەندین دیەڵی (deal) زەبەلاحی بەسەرکەوتووی جێبەجێکردووە. بەبۆچوونی من ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت کە بۆردی کرێدیت سویس بیر لە یەکگرتنی بانکەکە دەکەنەوە لەگەڵ UBS دا. لە ئێستادا بلاک ڕۆکیش (BlackRock) لەسەر هێڵە و ئەکرێ چەندین لایەنی تریش هەبن کە هێشتا بۆ میدیا ڕوون نییە. لە ڕوی کۆی ئەسێتەوە کە بەڕێوەی ئەبات (asset under management) هێشتا کرێدیت سویس ٥٧٥ ملیار دۆلار بەڕێوە ئەبات، لەکاتێکدا UBS ١.١ ترلیۆن دۆلار بەڕێوە ئەبات. یەکگرتنی ئەم دوانە سامناکە و کاریگەری زۆری ئەبێت لەسەر ڕیسکی کۆی سیستمی دارایی ئەوروپا و جیهان (systemic risk). بەکورتی ڕەنگە بەشێک لە کرێدیت سویس بفرۆشرێت، وە بەشێکی گەورە لە ستافەکەی بنێردرێنەوە بۆ ماڵەوە. لەهەمان کاتدا بانکی ناوەندی سویسرا داوای لە UBS کردوەە ئامادەبێت بۆ کڕینی تەواوەتی (acquisition) کرێدیت سویس ئەگەر واباشبێت (بۆ کۆی متمانە و بازاڕی دارایی سویسرا و UBS). دەنگۆی تریش باس لەچەندین ئەگەریتر ئەکەن، وەک پارچە پارچەکردنی و فرۆشتنی بە ئەوانەی خوازیارن. لەم قۆناغەدا هەواڵەکان زۆر ڕاست نین چونکە کۆبونەوەکان گشتی نین و ژێربەژێر لەنێوان کۆمپانیا گەورەکان و بانکە وەبەرهێنە زەبەلاحەکاندا ئەکرێن. لەکۆتایدا کرێدیت سویس خەریکە یاریەکی گەورەی نزیک لە دوو سەدەیی ئەدۆڕێنێت بەهۆی خراپی بەڕێوەبردن تەنها لە ١٥ ساڵدا. خۆ ئەگەر نەیشی دۆڕێنیت براوەیەکی دەست و قاچ شکاو ئەبێت. قسەیەک هەیە ئەڵێ تەماح سەری نەخۆی سەرت ئەخوا. کرێدیت سویس لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بەهۆی لادان لە بزنز مۆدێکی ئاسایی بانکی وەبەرهێنان و تێکەڵبوونی بە گەندەڵی و ڕیسکی نائاسایی لە بانکێکی ڕاقیەوە خەریکە ئەبێتە بانکێکی بچوک، یان لەوانەیە بەتەوای بچێتە ژێر ڕکێفی منافسەکەی (UBS) کە لەسەر هەمان ڕێچکەی ئاسایی خۆی کاریکرد. لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا زیاتر دەزانین. ئەم تێکستەش تەنها خوێندنەوەیەکی سادەیە و وردەکارییەکانی ئەم بابەتە مەگەر بە کتێب باسبکرێ.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە