بێکاری

هێزی کار پێکهاتووە لەوکەسانەی تەمەنیان لە نێوان (١٨ – ٦٣) ساڵیدایە. ڕێژەی بێکاری (لەهێزی کاردا) (٤ – ٦)% ڕێژەیەکی ئاساییە، واتە ئابوری ولات تەندروستە لەبەر چەند هۆکارێک: ١- گۆڕینی کار: بەردەوام کەسانێک هەن کە کارەکانیان دەگۆڕن، پڕکردنەوەی شوێنەکانیان کاتی دەوێت، هەروەها خۆشیان کاتیان پێویستە تا کاری داهاتوو دەدۆزنەوە. ٢- گۆڕانی ئابوری: بەهۆی گەشەکردنی ئابوری و گۆڕانی فاکتەرەکانی بەرهەمهێنان، داواکاری بۆ هەندێک پیشە کەم دەبێت و بۆ هەندێکیتر زیاد. ئەم بارگۆڕانە شەپۆلێک لەگواستنەوەی هێزی کار دروستدەکات لە سێکتەرێکەوە بۆ سێکتەرێکیتر، لە ئاکامدا ڕێژەیەکی بێکاری نزم دروستدەکات لە ماوەی کورتخایەندا. ٣- بەرزو نزمی ئابوری: سوڕی ئابوری بەرزو نزمی بەخۆوە دەبینێت، بەمەش ڕێژەی بێکاری گۆڕانی بەسەردادێت. لەبەر ئەم هۆکارانە بەردەوام ڕێژەیەک لەخەڵکی بێکارن کەزیانێکی ئابوری ئەوتۆی نییە. بەڵام کاتێک دەبێت بەکێشە کە ڕێژەی بێکاری بەرزدەبێتەوە بەجۆرێک ڕێژەیەکی زۆر لە هێزی کار بەبەردەوامی بەدوای کاردا دەگەرێن و ناتوانن کار بدۆزنەوە. ............................................ هۆکار: هەندێک جار هۆکاری ڕێژەی بەرزی بێکاری پەیوەندی بە سستی ئابوری جیهانەوە هەیە وەک قەیرانی دارای جیهانی ٢٠٠٨ و قەیرانی یەکێتی ئەوروپای ٢٠٠٩. لە هەموو سیستمە ئابورییەکاندا، سوڕی ئابوری بەرزو نزمی تیادایە. هیچ ئابورییەک نییە کە بتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر بەیەک ئاست و بەردەوام بەرەو سەرەوە بڕوات. کەواتە سوڕی ئابوری بە بەرزو نزمییەکانیەوە شتێکی ئاساییە تا ڕادەیەک. بەڵام ئەوەی هەرێمی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێت (بەنموونە) شتێکی ئاسایی نییە. کۆی داهاتی وڵات پێکهاتووە لە خەرجکردنی کەرتی تایبەت (بەکارهێنەرەکان)، خەرجی کەرتی گشتی (حکومەت)، کۆی وەبەرهێنان، و جیاوازی نێوان هەناردە و هاوردە. هەرکات کۆی داهاتی وڵات دابەزی یەکێک لە لێکەوتە سەرەکییەکانی زیادبوونی ڕێژەی بێکارییە. بۆ نموونە بەهۆی قەیرانی سیاسییەوە (ئەوەی لە کوردستان ناویاننا قەیرانی دارایی)، خەڵک، بەتایبەت وەبەرهێنەکان، ترسیان لێنیشت. بەمشێوەیە لە ماوەیەکی کەمدا خەرجکردن و وەبەرهێنانی خەڵک بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزی. چارەسەر ئەوەبوو کە حکومەت خۆی ڕێژەی خەرجییەکانی زیادبکات و باج کەم بکاتەوە و دڵنیایی بدات بە هاوڵاتیان، بەڵام حکومەت ڕێک ئەوکارەیکرد کە هاوڵاتیان کردیان. بەمەش قەیرانەکە قوڵتربوەوە چونکە (ئەگەر هاوڵاتی و حکەموت بەیەکەوە خەرجی و وەبەرهێنان کەمبکەنەوە کۆی داهات زۆر کەمدەبێت و بێکاری زۆر زیاددەبێت. یەکێکتر لە هۆکارەکانی بێکاری کە ڕەنگە جێی باوەڕ نەبێت بەرزی ئاستی کۆمەڵایەتی خەڵکە بەجۆرێک کە هەر کەسێک داوا لەخزم و هاوڕێکانی دەکات هاوکاری بکەن لە دابینکردنی پێداویستییەکانیدا. بۆ نموونە کاتێک کەسێک خانوو دەکات زۆرینەی کارەکانی خۆی و خزمەکانی دەیکەن، بەمجۆرە هیچ ئاڵوگۆڕێکی ئابوری دروستنابێت. ئەمەش ڕێگە لە پارە و سەرمایە دەگرێت کە کارەکانمان بۆ بکەن و خۆمان دەیانکەین.لەبەرئەوە بەردەوام خەڵک کاتی کەمە و لەهەمانکاتیشدا بێئیشە. ئەگەر باوەڕت بە کاریگەری ئەم لایەنە نییە ئازادی، زۆرباشیش لێت تێئەگەم. ............................................ دەرەنجام: مرۆڤ جگەلەوەی پێویستی بەکارە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، پێویستی بە پێگەی کۆمەڵایەتی هەیە کە بەشێکی زۆری لەڕێگەی کارەوە دەستیدەکەوێت. مرۆڤ ناتوانێت هیچ نەکات لەماوەی درێژخایەندا تەنانەت ئەگەر سەرجەم پێویستییەکانی ژیانیشی هەبێت. بە داتا سەلمێنراوە لەو ویلایەتانەی ئەمریکا کە ڕێژەی بێکاری زیاترە، ڕێژەی تاوان و کێشە دەرونییەکانیش زیاترن. هۆکاری سەرقاڵبوونی تاکی کورد بە شتی بێکەڵک لەلایەکەوە، وە زیادبوونی کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەکیترەوە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە بەرزی ڕێژەی بێکارییەوە هەیە. ............................................ چارەسەر: ڕێژەی بەرزی بێکاری واتە سستی یان قەیرانی ئابوری، چارەسەر لای حکومەت و بانکی ناوەندییە. لەبەرئەوەی کوردستان وڵات نییە، خاوەنی بانکی ناوەندی خۆی نییە و کێشە ئابورییەکانی کوردستان بەتەنها نابێتە هۆی ئەوەی کە بانکی ناوەندی ئێراق هیچ شتێک بکات دەربارەی (گۆڕانکاری لە نەختینە و ڕێژەی فایدە). کەواتە تەنها حکومەت دەتونێت شتێک بکات بە کەمکردنەوەی باج و زیادکردنی خەرجییەکانی. لەکاتێکدا نادڵنیایی لەبازاڕدا هەیە، خەڵک خەرجکردن و وەبەرهێنان کەم دەکەنەوە و پارەکانیان هەڵدەگرن. حکومەت بۆ چارەسەری ئەمە دەبێت خۆی ڕاستەوخۆ وەبەرهێنان بکات و خەرجییەکانی زیاد بکات تا بازاڕ ببوژێتەوە و هەلی کار زیادبێت. بەمشێوەیە وردە وردە خەڵکیش دەستدەکەنەوە بە وەبەرهێنان و خەرجکردن تا دۆخی ئابوری وڵات ئاسایی دەبێتەوە.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە