قه‌یرانی بانكی سلیكۆن ڤاڵێی

ئەزانم نایخوێنیتەوە 😏 بانکە بازرگانیەکان خەریکی پڕۆسەیەکن وەک یاریکردنە بە ئاگر، پێی ئەوترێ maturity mismatching. بەکورتی ئەوەیە قەرز ئەدەن بۆ ماوەی درێژخایەن تا پارەیان دەستبکەوێ لەکاتێکا ئەو پارەیە دانراوی خەڵکە (deposit) کە ئەکرێ لەهەر کاتێکا بیکێشنەوە. کەواتە بانکەکان یاری بە کات ئەکەن، ئەم مەترسییە پێی ئەوترێ liquidity risk. کێشە ئەوکاتە سەرهەڵئەدات کە خاوەن هەژمارەکان لەماوەیەکی کەمدا بیانەوێ پارەیەکی زۆر بکێشنەوە. بەم پرۆسەیە ئەوترێ bank run، واتە ڕاکردن لە بانک. ڕاستە بانک پارەکەی نەخواردووە بەڵام بڕێکی کەم پارەی کاشی لایە، ئەوەیتری داوە بە قەرزی درێژخایەن، یان بۆند و ستۆکی کڕیوە و ترەیدینی پێوە ئەکا. ئەمانە لەماوەیەکی کورتدا ناکرێن بەپارە مەگەر ئەوەی بە زیانێکی زۆر بیاننفرۆشێت (fire sale). بەمەش لایەبیڵیتی (liabilities) بانک لە ئەسێت (assets) تێدەپەڕێت و بانک ناچارە ئیفلاس بوون (bankruptcy) ڕابگەیەنێت. لە ڕابردوودا و بەدیاریکراوی پاش قەیرانی دارایی ١٩٢٩ تا ڕادەیەک ئەم کێشەیە چارەسەرکرا، بە دانانی بیمەی هەژمار (deposit insurance) بەناچاری لەهەموو بانکەکاندا. فکرەکە هاوشێوەی بیمەی تەندروستیە، مانگانە یان ساڵانە پارەئەدەیت و کە نەخۆشکەوتیت بەبەلاش چارەسەر وەرئەگری لەسەر حسابی کۆمپانیای دڵنیاییەکەت. لێرەش بۆ هەموو هەژمارێک بانک ئەبێ بیمە بدات تا لەکاتی ئیفلاسبووندا خاوەن هەژمارەکان پارەکەیان وەربگرنەوە. تا ساڵی ٢٠٠٨ لە ئەمریکا ئەو بڕەی کە بەتەواوی وەرئەگیرایەوە بۆ هەر هەژمارێک ١٠ دەفتەر بوو، پاش قەیرانی دارایی کرایە ٢٥ دەفتەر. ئینجا با باسیبکەم چی ڕویدا لە بانکی سلیکۆن ڤاڵێی. ناوچەی سلیکۆن ڤاڵێی لە کالیفۆرنیایە و یەکێکە لە بەهێزترین بازاڕەکانی دارایی لە جیهاندا هاوشێوەی نیویۆرک و لەندەن و تۆکیۆ. هەروەک دەزانن کالیفۆڕنیا، بەدیارکراویش سلیکۆن ڤاڵێی جێی لەدایکبوون و گەورەبوونی نزیکەی هەموو کۆمپانیا تەکنەلۆجیەکانی ئەمریکایە. بەکورتی سلیکۆن ڤالێی واتە تەکنەلۆجیا و دارایی. جا وەرە بانکێکی بازرگانی لەم ناوچەیە بێت و ناویشی بانکی سلیکۆن ڤاڵێی بێت. فکرت بۆچی ئەچێ؟ ڕێک جێی متمانەی سەرجەم خاوەن بزنزەکانی ئەو ناوچەیەیە، هەروەک چۆن "بانکی ئەمریکا" پێش قەیرانی دارایی ١٩٢٩ بوبووە جێی متمانەی سەرجەم تازە هاتوەکان و تەنانەت بزنزەکانیش، بەشێکی بەهۆی ناوەکەیەوە کە خەڵک وایئەزانی ئەمە ڕێک لەژێر دەسەڵاتی حکومەتدایە. ئەوەی جێی سەرنجە بانکەکان کێبڕکێیەکی زۆر ئەکەن تا بتوانن قەناعەت بە خەڵک و خاوەن بزنزەکان بکەن هەژمارەلانیان لای ئەوان بکەنەوە تا پارەکانیان دابنێن و کاری پێوەبکەن. بەڵام ئەم هاوکێشەیە لای بانکی سلیکۆن ڤاڵێی پێچەوانە بوو، بەجۆرێک لەساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١ ئەوەندەیان دیپۆزت بۆهات نەیانئەزانی چی لێبکەن. زۆر لەوە زیاتر بوو بتوانن بیدەن بە قەرز بەتایبەتیش بزنزەکانی ئەو ناوچەیە (گەورەکان نا کە هەر پێویستیان نییە) مافیان نییە قەرزبکەن چونکە کۆمپانیای تەکنەلۆجی لە سەرەتاوە چی هەیە (collateral) تا بڵێ لەحاڵەتی نەدانەوەی قەرزدا وەرن دەستی بەسەرابگرن؟ هەیە و نییە چوار کۆمپیوتەر و شەش ستاف و کۆمەڵێک کۆدە کە بەس خۆیان لێی تێئەگەن 😁 کەواتە چیبکەن باشە؟ ڕێژەیەکی زۆر بۆندی درێژخایەنیان کڕی لەو سەردەمەی کە ڕێژەی سود زۆر کەمبوو (١.٦٥%). جا بانکەکان کە بۆند ئەكڕن ئەبێ دیاریبکەن کە بۆ فرۆشتنە (available for sale) یان هەڵگرتنە (held to maturity). هەردوکیان زۆر حەساسن بۆ گۆڕانی ڕێژەی سود. ئەوەی دووەمیان باشترە تا ڕادەیەک، هەر زەرەرە بەڵام زەرەری سەر وەرەقە (paper loss) بەڵام ئەوەی یەکەم هەر لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی سود وێران ئەبێ. هۆکارەکە ڕونە، ئەگەر تۆ بتوانی لە بازاڕدا دوای بەرزبوونەی ڕێژەی سود بۆ ٤% بۆند بکڕی، بۆچی ئەبێ بۆندێک بکڕیتەوە کە ڕێژەی سودەکەی ١.٦٥% بەتایبەتیش ئەگەر درێژخایەنبێت کە دوای ١٠ ساڵ پارەکە وەربگریتەوە؟ تا ئێرەش قەینا چونکە هەموو بانکێک بەشێکی هەیە بەناوی بەڕێوەبردنی مەترسی (risk management). لە بازاڕی دێریڤەتیڤ derivatives ئەتوانن خۆیان بپارێزن بە دوو ڕێگە. یەکەمیان خۆلادان لە مەرتسیەکانی گۆڕانی ڕێژەی سود (hedging) بە کڕینی ئۆپشن (options) ڕێک پێچەوانەی ئەوەی بەرکەوتەیان لەگەڵی هەیە (ئەمە لێرە باسناکرێ). دووەم کڕینی بیمە بۆ قەرزەکانی کە دراون بە کۆمپانیاکان لەئەگەری ئیفلاسبونیاندا (credit default swaps). تۆ بڵێ چی؟ ئەو بانکە کە بانکی ژمارە ١٦ یە لە ئەمریکادا هیچکام لەمانەی نەکردووە! منیش نازانم بۆچی بەڵام تەنها یەک هۆکاری لۆجیکی هەیە بۆ ئەوە، ئەوەی ڕەنگە قەناعەتیان وابووبێ کە تا ١٠ ساڵیتریش بانکی ناوەندی (Fed) دەستکاری ڕێژەی سود ناکات و ئەمان توشی ئەم کێشەیە نابن. ئەزانم تابڵێی گەمژانەیە بەڵام هیچ هۆکارێکیتر لەئارادا نییە باسیبکەم. بەهەرحاڵ پاش بەرزبوونەوەی ڕێژەی سود نرخی بۆندەکان یەکجار دابەزی و باڵانس شیتی (balance sheet) بانکەکە توشی کێشەبوو، هەوڵیاندا پارە زیاد بکەن لەڕێگەی فرۆشتنی پشکەوە بەڵام نرخی پشک هاڕەیکرد. ڤێنچەر کاپیتاڵەکان (venture capital)دوایان لە ستارتئەپ و کۆمپانیاکان کە شەیریان هەیە تێیاندا کرد سەرجەم پارەکانیان بکێشنەوە لە بانکی سلیکۆن ڤالێی. ئەمە بووە یەکەمین بانک ڕەنی ڕێکخراو لە مێژووی ئەمریکادا بەسەرکردایەتی ڤێنچەرەکان. تا کار گەیشتە ئەوەی باڵانس شیتی بانکەکە نێگەتیڤ بوو، بە سادەیی بڵێین ئیفلاسی کرد. ئیتر لەم قۆناغەدا ڕێکخەری کۆمپانیاکانی ئەمریکا (Securities and Exchange Commission) یەتە ناو یارییەکەوە و دەستدەگرێ بەسەر بانکەکەدا تا هەڵسەنگاندنێکی بێلایەن بکات بۆ بارودۆخەکە. یەکێک لە هۆکارەکانی ڕودانی ئەم بانک ڕەنە ئەگەڕێتەوە بۆئەوەی ئەمریکا بانکە لۆکاڵەکانی لەچەند مەرجێکی ڕێکخستن لادا. سەرجەم بانکە ئەوروپییەکان و بانکە ئەمریکییە گەورەکان ئەبێ چەند مەرجێک جێبەجێبکەن بەپێی ڕێکستنی بازڵ سێ (Basel III) کە لەلایەن بانکی ڕێکخستنی نێودەوڵەتییەوە دانراون (Bank of International Settlements). بانکە ئەمریکییەکان بەهۆکاری ئەوەی زۆر بەهێزن و ئەمریکا سیستمێکی باشی هەیە ئەم مەرجانەیان نەسەپێندرا بەسەردا. مەرجەکان بریتین لە چەند ڕێژەیەک وەک liquidity covergae ratio، ئەم ڕێژەیە بۆ ئەوە دانراوە کە بانک ئەوەندەی سەرمایەی وشک هەبێ کە بەرگەی ٣٠ ڕۆژی سەخت بگرێت لە داواکردنی پارەی بەردەوام لەلایەن خاوەن هەژمارەکانەوە. هەروەها net stable funding ratio یارمەتی بانک ئەدا لەماوەی درێژخایەنتردا توشی قەیرانی بێپارەیی نەبێ. وابزانم بانکی سلیکۆن ڤالێی و دواتر سیگنیچەر دەریانخست ئەمریکا و شت ناخوا، ئەبێ بەسەر هەموو لایکدا جێبەجێبکرێ. هێشتا باسی ئەوەم نەکردووە کە بەشێکی باش لە هەژمارەکانی بانکەکە بیمەیان نییە، وە داوا ئەکەن لە حکومەت قەرەبوویان بکاتەوە، هەروەها خاوەن پشکەکانیش هەمان داوائەکەن. پێش قەیرانی ٢٠٠٨ حکومەت و ڕێکخەرەکان (regulators) ئەم داوایانەیان جێبەجێ ئەکرد. دواتر یەکێ لەکارەکانی Dodd–Frank Wall Street Reform and Consumer Protection Act ئەوەبوو ئەم باباتە نەهێڵێ، تەنها لەحاڵەتی زۆر خراپا نەبێ کە کارئەکاتە سەر کۆی سێکتەری دارایی (systemic risk). ئێستا گفتوگۆ گەرمە لسەر ئەم بابەتە، زۆرێک پێیانوایە ئەگەر قەرەبوو کردنەوە هەبێ ئەوە ئەبێ هەموو ساتێک چاوەڕوانی ڕوداوی هاوشێوەبن. فکرەکە ئەوەیە ئەگەر بۆ هەر حاڵەتێکی بچوک (بەگوێرەی قەبارەی بازاڕی دارایی ئەمریکا) حکومەت و بانکی ناوەندی و ڕێکخەرەکان بێنە سەرخەت و یارمەتی دارایی بدەن ئەوە بۆ سەرجەم بانک و کۆمپانیاکانی دارایی ئەلوێ بەئارەزوی خۆیان ڕیسک بکەن و یاری بکەن بەپارەی خەڵکەوە، خۆ ئەگەر کارەسات ڕویدا کێشەیان نییە چونکە هەموولا یەنە سەرخەت و چارەسەری کێشەکە ئەکەن. لەبیرمان نەچێ دەرکەوتنی ئەم حاڵەتە لە چەند بانکێکدا کاریگەری خراپی کردە سەر پشکی سەرجەم بانکەکان نەک هەر لە ئەمریکا بەڵکو لە ئەوروپا و ئاسیاش. ئەگەر بانکێک کێشەی بەڕێوەبردنی دارایی و ڕیسکی نەبێ ئەم شۆکە ئاساییە، ئەگەرنا ئەوانیش هەڵئەتەکێنێت. ئەگەر تا ئێرەت خوێندۆتەوە حەقە دەعوەتێکت بکەم، با چا و قاوە بێت گرنگ دەعوەتەکەیە. هەوڵی زۆرمدا سادەکردنەوە بکەم تا پەیامەکە بگات، ڕەنگە کەموکوڕیش هەبێت، بۆیە ببورن.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە