ئابڵوقەی سەر وزەی ڕوسیا

بابەتێکی شیکاری پاتریک بۆیڵ، پرۆفیسۆری دارایی لە کینگکس کۆلێج لەندەن، بە سود وەرگرتن لە بڵاوکراوەکانی فاینانشیاڵ تایمز و زە ئیکۆنۆمیست. ئەگەر تاقەتی خوێندنەوەی هەموویت نەبوو گوێ لە ڤیدیۆ شیکاریەکانی پەیجەکان بگرە 😁 لەساڵی ١٩٧٣ ئۆپێک ئابڵوقەی خستە سەر ئەمریکا و بەهۆیەوە نرخی نەوت یەکجار بەرزبویەوە، بەهۆی پێویستیەکی زۆر بە سەرچاوەی وزە لەبەرهەمهێنان، وە کەم توانای بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ئەمریکاوە. پاش ئەوە، ئەمریکا بیری لە سەربەخۆی نەوت کردەوە و بڕیاریدا کاری زیاتر و جدیتر لەسەر بەدواداگەڕانی نەوت بکات تا نەهێڵێت کێشەی بەوجۆرە لە داهاتوودا دوبارە ببێتەوە. لەهەمان کاتدا ئەوروپا زۆر پشتی دەبەست بە ڕوسیا بۆ دابینکردنی وزە. با بزانین بۆچی ئەوروپا ئەوەندە پشت بە ڕوسیا دەبەستێت بۆ دابینکردنی وزە، وە چی ڕودەدات لەئەگەری ئابڵوقەی یەکێتی ئەورپادا بۆسەر نەوت و گازی ڕوسیا. یەکێتی ئەوروپا گەورەترین هاوردەکەری وزەیە لە جیهاندا، ٦٠% وزەی پێویست لە دەرەوە هاوردە ئەکەن بە بڕی نزیکەی ٣٥٠ ملیار دۆلار لە سالێکدا (یەک ملیار دۆلار لە ڕۆژێکدا). زیاد لە ٤٠% گاز و ٢٥% نەوت لە ڕوسیاوە هاوردە ئەکات. لە ١٩٦٠ - ١٩٧٠ ئەوروپا ئەوەندەی گاز بەهەم ئەهێنا کە پێویستیبوو بەڵام بەرهەمهێنان لاواز بوو پاش ئەوەی گاز لە دەریای باکور بەرەو کۆتایی چوو، هۆڵەندا یەکەکانی بەرهەمهێنانی گازی داخست. لەماوەی بیست ساڵی دوایدا ئەوروپییەکان پشتبەستنیان بە خەڵوز کەمکردەوە تا بگەن بە ئامانجە ژینگەییەکانیان، تەنانەت ئەڵمانیا یاسای دەرکرد کە واز لە وزەی ناوکی بهێنێت. کۆتا سێ وێزگەی ناوکی وزەی ئەڵمانیا لەکۆتایی ئەمساڵ دادەخرێن. هەریەکە لە بەلجیکا و سویسرا و بەریتانیاش پشتبەستنیان بە وزەی ناوکی کەمکردوەتەوە. ئەوروپییەکان ڕویانکردوەتە گازی ڕوسیا تا ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە کە لە دورکەوتنەوەیان لە خەڵوز و وزەی ناوکی دروستبووە. ٢٥% سەرچاوەی وزەی یەکێتی ئەورپا گازی سروشتییە کە لە ڕوسیاوە هاوردە ئەکرێ، ئەمەش واتە پشتبەستنێکی زۆر بە ڕوسیا. گەورەترین ئابورییەکانی ئەورپا ئەوانەن کە زۆرترین پشتیان بەو سەرچاوەیە بەستووە، بۆ نموونە ئەلمانیا ٩٠% وزەکەی لە دەرەوە هاوردە ئەکات. یەکێک لە کؽشە گەورەکان ئەوەیە سەرچاوە نوێبوەوەکانی وزە خاون، وا زوو ناتوانن جێگەی سەرچاوە کۆنەکانی وزە بگرنەوە. ڕوسیا خاوەنی گەورەترین یەدەگی گازە لە جیهاندا و هەناردەکەری گازە لە ساڵی ١٩٤٠ ەکانەوە. تەنانەت لە لوتکەی جەنگی ساردیشدا گازی ڕوسیا ئەکرا پشتی پێببەسترێ. ئەوروپا لەماوەی ساڵی ڕابردوودا کێشەی وزەی هەبوو، بەهۆی زستانێکی یەکجار ساردی ساڵی پێشتر بە یەدەکێکی گازی کەمەوە چووە وەرزی زستانی ئەمساڵەوە. هەروەها بەرهەمهێنانی وزەی با کەمیکرد بەهۆی کەمی خێرایی باوە، پارساڵ یەکێک بوو لە کەمترینەکان لەماوەی ٦٠ ساڵی ڕابردوودا. زیادبوونی داواکاری ئاسیا بۆ وزە، کێشەی چاکسازی و نوێکردنەوە لە پاوەر پلانتەکانی فەڕەنسا، لەگەڵ کۆی فاکتەرەکانیتر نرخییان ئەوەندەیتر فڕاند. دواتر ڕوسیا هەناردەی کەمکردوە تا زەخت لە ئەوروپا بکا نۆرد سترینی دوو قبوڵ بکەن. نرخی گاز زیاتر لە سێ قات بوو لە ساڵی ٢٠٢١، ماڵی ئاسایی نرخی گاز لەسەری نزیکەی ٥٥% بەرزبووەوە. کاتێک سەرکردەکانی ڕۆژئاوا دەستیانکرد بە ترساندی پوتین بە ئابڵوقە خستنە سەر ڕوسیا، جۆری ئابڵوقەکانیان بەوریاییەوە ڕێکخرابوو بەجۆرێک کە خۆیان لادا لە ئابڵوقەی ڕاستەخۆی سەرچاوەکانی وزەی ڕوسیا کە خوێنی ئابوری یەکێتی ئەوروپایە بەقەدەر ئەوەی هی ئابوری ڕوسیاشە. کاتێک واشنتۆن ڕایگەیاند کە بانی بانکە گەورەکانی ڕوسیا ئەکەن، بە ئەنقەست بانکی گازپڕۆمی نەکردە لیستەکەوە کە کارە داراییەکانی کۆمپانیای وزەی گازپڕۆمی ڕوسی ئەکات. ئەو بانکانەی پرۆسەی پارەدانی سێکتەری وزەی ڕوسیا ئەکەن لە لیستی ئەو بانکانە نین کە بڕەزڵس (پایتەختی بەلجیکا) بڕیاریدا لە سیستمی نامەی سویفت دەریانبکات. هەوڵ هەن کە داوائەکەن ڕۆژئاوا بێدەنگ نەبێت و گوشارەکانی زیادبکات لەسەر مۆسکۆ، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا داوا دەکات کە ئابڵوقەی سەد لە سەد بەسەر گاز و نەوتی ڕوسیا بسەپێنرێت. بەشێکی گەورەی پارەی دەرەکی ڕوسیا ڕاگیراوە، بەڵام هەتا ناردنە دەرەوەی وزە لەکارابێ ڕوسیا پارەی وشکەی دەستئەکەوێت، وە ئەمجارە مۆسکۆ ئەو هەڵەیە ناکا لە ژێر دەستی وڵاتە ئەوروپییەکان بەجێیبهێڵێ تا ڕایبگرن. بەنرخی ئێستای وزە، پوتین رۆژانە بە ئاسانی نزیکەی یەک ملیار دۆلاری یەتە دەست لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوت و گازەوە. ئابوریناسەکان بڕوایان وایە لەژێر ئەم بارودۆخەدا ڕوسیا ئەکەوێتە ژێر پاشەکشەیەکی ئابوری قورسەوە، وە هەڵئاوسان زیاتر بەرەو سەر ئەڕوات کە ئێستا لەڕوداندایە. بەڵام چاوەڕێی ئەوە ناکەن کە ئابوری ڕوسیا لەکار بکەوێت. ئەمریکا کێشەیەکی گەورەی لە نەکڕینی نەوتی ڕوسیا نییە کە تەنها ٧% هاوردەی لەسەر نەوتی ڕوسیایە. ڕێک پێش کۆرۆنا ئەمریکا گەیشتە سەربەخۆیی تەواو لە دابینکردنی سەرچاوەی وزە. ئێستاش ئاسانە بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو بارودۆخە پاش هاتنەوە سەرهێڵی بەرهەمهێنان لە تکساس و باکوری داکۆتا. بەرزی نرخی نەوت هانی سێکتەری تایبەتیدا لە ئەمریکا کە بەرهەمهێنان زیاد بکەن. گەورەترین کێشەی ئەمریکا سەرچاوەی وزە نییە، بەڵکو دانەبڕانە لە هاوپەیمانە ئەوروپییەکان. وەزیری ئابوری ئەڵمانیا وتی دژی هەموو ئابڵوقەیەکین لەسەر وزە چونکە ئەڵمانیا پێویستی پێیەتی بۆ جێگیرکردنی نرخ و ڕاگرتنی ئاسایشی وزە. دیپلۆماتەکانی بڕەزڵس وتیان تەنها قسە و باسی نافەرمیان کردووە لەسەر ئابڵوقەی وزەی ڕوسیا. لەڕاستیا زۆرێک لە بانکە ڕۆژئاواییەکان، پاڵاوگەکانی نەوت، و خاوەن کەشتییەکان وا هەڵسوکەوت ئەکەن وەک ئەوەی نەوتی ڕوسی نەمابێ، خۆیان نایەن لەقەرەی. پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ڕوسیا کاڵبونەوە لەلایەن زۆربەی کۆمپانیا گەورەکانەوە. هەناردەکەرانی نەوتی ڕوسیا توشی بڕێکی زۆر لە ڕەتکردنەوەی کڕین و گواستنەوە بوون لەلایەن بانکەکان و کۆمپانیاکانی دڵنیایی و کۆمپانیاکانی گواستنەوەوە. بەپێی ڕاپۆرتێکی فاینانشیال تایمز ٧٠% نەوتی ڕوسی کێشەی دۆزینەوەی کڕیاری هەیە لە ئێستادا. ئەمە ئەکرێ لە نرخی نەوتی ڕوسیادا ببینێرت کە لە بازاڕا بە نرخی ١٨ دۆلار خوار نرخی خۆی مامەڵەی پێوە ئەکرێت. لەئێستەدا هیچ یاسایەک ڕێگری ناکا لە کڕین و فرۆشتنی نەوتی ڕوسی بەڵام بازاڕ و کۆمپانیاکانی گواستنەوە بە نادڵنیاییەوە لێی ئەڕوانن چونکە ئەکرێ لەهەر ساتێکا ئەمە بگۆڕێ. کاتێک ئەم نادلنیاییە هەیە گوازەرەوەکان دوودڵن لە گواستنەوەی نەوتی ڕوسی و پاڵاوگەکانیش بەدوای بەدیلی تردا ئەگەڕێن. ئەمە ئەوە ئەگەیەنێ کە بازرگانەکانیش زۆر بەئاگاییەوە مامەڵە ئەکەن لەگەل نەوتی روسی. کەواتە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئابڵوقە هەیە لەسەر کۆمپانیاکانی نەوتی ڕوسیا. هەموو لایەنەکان وا هەڵسوکەوت ئەکەن کە ئابڵوقە هەیە و ناوێرن گرەوی لەسەر بکەن بەلام بە تیۆری و فەرمی هیچ ئابڵوقەیەک تا ئێستا نییە. بە نرخی ئێستا ڕوسیا ڕۆژانە لەڕێگەی بۆرییەوە بڕی ٤٥٠ ملیۆن دۆلار گاز ئەنێرێت بۆ ئەوروپا، زۆربەی ئەچێت بۆ ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و هۆڵەندا. بەپێچەوانەی نەوتەوە، ئەوروپییەکان بەردەوامن لە کرینی گاز، تەنانەت زیادیشیان کردووە لەژێر ڕێککەوتنی درێژخایەن لەگەل گازپرۆمدا چونکە هەرزانترە لە نرخی بازاڕ. کادری سمسن، دەسەڵات پێدراوی وزەی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند کە یەدەکی وزەی یەکێتی ئەوروپا بەسە بۆئەوەی ئەم زستانەی پێ بەڕێکەن بەڵام پەلەماردانی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە لەمەترسیدابوونی ئەوروپای دەرخست (لەڕووی وزەوە). وتیشی هەفتەی داهاتوو، کە ئەکاتە ئێستا، پرۆپۆزەڵێک پێشکەش ئەکەن دەربارەی بەهێزکردنی سەربەخۆبوونی یەکیتی ئەوروپا لەڕووی وزەوە، بەتایبەت سەربەخۆیی لە ڕوسیا. بەڵام زیادبوونی نرخی وزە لەم دواییەدا لەگەڵ هەڵئاوسان ئەم ئامانجە یەکجار قورس ئەکات. ئەوروپا هەناردەی گازی سروشتی زیادکردووە لەئێستەوە و هەندێک لە مەخزەنەکانی پڕکردوەتەوە بەڵام هیچ ڕێگەیەکی خێرا نییە کە جێی ڕوسیا بگرێتەوە لە ماوەی کورتخایەندا. ئابڵوقەی ئەوروپا ئەکرێ ڕوبدات بەڵام ئاسان نابێت. ڕووداوەکانی ماوەی ڕابردوو لە ئۆکرانیا نرخی کانزا و دانەوێڵە و وزەی یەکجار بەرزکردەوە. وزە بەشێکی گەورە و گرنگی ئابوری ڕوسیایە، نەوت و گاز نزیکەی نیوەی بەهای هەناردەی ڕوسیا پێکدەهێنن. کەواتە ئابڵوقە لەسەر نەوتی روسیا کاریگەری گەورە لەسەر ئابورییەکەی دروست ئەکات تەنانەت ئەگەر بازرگانی بەردەوام بێت لەگەل ئەو وڵاتانەی کە ناچنە بەرەی ڕۆژئاوا لە ئابڵوقەی سەر ڕوسیادا. پوتین بازرگانی نەوت و گازی بە بڕی ١١٨ ملیار دۆلار لەگەل چین ڕاگەیاند لەپاش ئۆڵۆمپیادی مانگی ڕابردوو. ڕەنگە ئەمە باشبێ بۆ پوتین، بەڵام ئەگەر چین تەنها لایەنبێت کە بازرگانی لەگەل ڕوسیا بکات، پوتین ئەکەوێتە ژێر دەستی خی جینپین کە بارودۆخێکی باش نییە بۆ پوتین. کەمبوونەوەی داواکاری نێودەوڵەتی لەسەر نەوتی ڕوسیا ڕەنگە ببێتە هۆی داخستنی هەندێک بیری نەوت لەلایەن ڕوسیاوە کە ڕەنگە نەتوانێ جارێکیتر بینخاتەوە کار چونکە کردنەوە و داخستنی بیر وەک سویچی پلاک نییە هەرکات ویستت دایگیرسێنی و بیکوژێنیتەوە. یەکێکیتر لە بژاردەکانی ئەوروپا ئەوەیە کە هاوردەی نەوتی ڕوسیا کەمبکەنەوە لەجێگەی ئەوەی ڕاستەوخۆ ئابڵوقەی بخەنەسەر. پێشتر ئەمە لەگەل ئێران کراوە کە ٢٠% داواکاری کەمئەکرێتەوە هەموو شەش مانگ جارێک. لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرمادا ئەمە ئاسانترە جێبەجێکردنی. ٢٠ وڵاتی یەکێتی ئەوروپا ئەندامی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتین کە مەرجە لەسەریان بەلای کەمەوە نەوت خەزن بکەن بەقەدەر پێوسیتی ٩٠ ڕۆژ. لەحالەتی کێشەی گەورەی خستنەڕوودا ئەتوانن ئەم یەدەکە بخەنە بازاڕەوە. ئەگەر ئابڵوقە بخرێتە سەر ڕوسیا، ئابوریناسەکان بروایان وایە کە هەمان کاریگەری هەبێ کە لەسەر ئێران هەیبوو لەساڵی ٢٠١٨. ئامانجەکە ئەوەبوو کە داهاتی ئێران لە هەناردەکردنی نەوت کەمبکەنەوە بۆ سفر. لەکاتێکا ئابوری ئێران ئەنالێنێ بەدەست ئەو سزایەوە، هەڵئاوسان گەیشتە لوتکە لە ٤٨% و چاوەڕوانی ئەوە ئەکرێ لە سەروو ٢٥% بمێنێتەوە، ئێران هێشتا توانی نەوت بنێرێتە دەرەوە بۆ دۆستەکانی وەک چین، وە دەوڵەمەندە ئێرانییەکان کە لەدەسەڵاتەوە نزیکبوون پارێزگاریان لە ژیانە شاهانەکەیان کرد. ئابوری ئێران باش نییە بەلام هێشتا کار ئەکات، ئەمەش وا ئەکا کە دەسەلات بڵێ توانیمان بمێنینەوە و شەڕەکە ببەینەوە. هەروەک دیارە بابەتەکە ئالۆزە و کەس بەئاسانی ناتوانێ بباتەوە.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە