پارە چییە؟ ڕۆڵی پارە چییە؟

پارە هەرشتێکە کە بتوانێت ئەم سێ ڕۆڵە بەباشی ببینێت: ١-ئاڵوگۆڕ: شتێک کە بتوانرێت ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی پێبکرێت. ٢- مانەوەی بەها: بۆئەوەی کاری ئاڵوگۆڕی پێبکرێت پێویستە بەهاکەی لەدەست نەدات لەگەڵ کاتدا. ٣- یەکەی پێوانە: پارە دەبێت یەکەی پێوانەبێت و بتواندرێت هەموو کاڵاکانی پێبەراورد بکرێت بەجۆرێک کە کڕیار و فرۆشیار لەسەری ڕەزامەند بن. دراو (fiat money): بەو دراوانەی ئەمڕۆ بەکاردەهێندرێن کە پشتگیری نەکراون بە زێڕ یان هەر کاڵایەکیتر (دۆلار، یۆرۆ، پاوەند، هتد.) دەوترێت فیات. ووشەی فیات وشەیەکی لاتینییە بەواتای -با ببێ- دێت. حکومەت یان بانکی ناوەندی دەڵێت "من پێی دەڵێم پارە و تەواو" یان "ببە بە پارە". بەمشێوەیە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی بەهێز و متمانەپێکراودا پارەی کاش (کاغەز یان پارەی سەر هەژماری بانک) هەرسێ ڕۆڵە سەرەکییەکەی پارە دەبینێت و کاریخۆی دەکات. دراو دەبێت ئەم مەرجانەی تێدابێت، ئەگەر نا ناتوانێت سێ کارە سەرەکییەکەی بەباشی بکات: ١- ئەو یەکانەی هەمان بەهایان هەیە هەمان شێوە و کوالیتی بن تا ئاڵوگۆڕیان پێبکرێت. ٢- توانای مانەوەی هەبێت و بەرگەبگرێت (لێرە مەبەست لە پارەی چاپکراوە). ٣- یەکەی بەها جیاوازەکان بەئاسانی مامەڵەو گۆڕینەوەیان پێبکرێت لەنێوان خۆیاندا. ٤- باوەڕپێکراوبێت بەجۆرێک کە هەموولایەک لەسەر بەهاکەی ڕێکبکەون و ئاڵوگۆڕی پێوەبکەن. ٥- بەهاکەی جێگیر بێت لەگەڵ کاتدا بەڕێژەیەکی بەرز.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە