یاریکردن بە ئاگر (چاپکردنی پارە)

لە ڕابردوودا زۆربەی حاڵەتەکانی چاپکردنی پارە (زیاد لەڕێژەی گەشەکردنی ئابوری) ئەنجامەکەی هەڵاوسانێکی بێشوماربووە و بە بێنرخ مانەوەی ئەو دراوە کۆتایی هاتووە. هەروەک دەڵێن دروستکردنی متمانە تەمەنێکی دەوێت بەڵام ساتێک بەسە بۆ لەدەستدانی، ئەمە بۆ دراویش ڕاستە. دراوی کاغەز هیچ بەهایەکی سەربەخۆی نییە جیا لەمتمانەی خەڵک پێی، ئەویش بەهۆی پشتگیریکردنی لەلایەن حکومەتێکەوە. هەموو ئەگەرەکان بۆ چارەسەری کورتهێنان خراپن بەڵام لەهەموویان خراپتر چاپکردنی پارەیە کە بانکی ناوەندی وڵات دەتوانێت ئەو بڕیارەبدات و لەئاکاما نرخی ئەو دراوە بەرامبەر بەدراوەکانیتر بەقەدەر ڕێژەی زیادی چاپکراو دادەبەزێت. بۆچی خەڵک لەبڕینی مووچە خۆشنابێت بەڕێژەی ٢٥% بەڵام بێدەنگە بەرامبەر زیادکردنی پارە بەڕێژەی ٢٥%؟ ئەگەر مانگی ملیۆنێکت هەبێت، بە نموونە، کاتێک ڕێژەی پارە ٢٥% زیاددەکات توانای کڕینی پارەکەت دەبێتە ٧٥٠ هەزار (بەنزیکی)، وە ئەگەر ٢٥% ی پارەکەی ببڕدرێت ٧٥٠ هەزار وەرەگریت. جیاوازییەکە چییە؟ زیادکردنی ڕێژەی پارە متمانەی دراوەکە لە بازاڕدا لاوازدەکات و هێنانەوەی ئەو متمانەیە لەداهاتوودا ئاسان نابێت. جا ئەگەر بانکی ناوەندی چەند جارێک لەسەریەک بەهەمانشێوە ئەوکارە بکات ئەوە ڕەنگە کۆتایی بە متمانەی دراوەکەی بهێنێت. ئایا لەکاتی زیادکردنی ڕێژەی پارە، توانای کڕینی دراوەکە ٢٥% کەم دەکات بەیەکسانی بەسەر شتومەکەکاندا؟ بەگشتی لەدەستچوونی بەهای دراوەکە نزیکە لەڕێژەی زیادبوونی پارەکە (ڕێژەی چاپکردن) بەڵام زیاتر ئەو شتومەکانە نرخەکەیان بەرزدەبێتەوە کە هاوردەن، بەتایبەتتریش ئەوانەی کە پێویستین. لەڕاستیدا ئەمە خراپە چونکە پێویستییەکان ئەوانەن کە بەکارهێنانی ڕۆژانەی خەڵکن و خۆیان لێنابوێردرێت. لەوەش خراپتر ئەوەیە کە ئێمە وڵاتێکی بەرهەمهێن نین، واتە زۆربەی زۆری پێداویستییەکانمان لەدەرەوە بۆدێت و نرخەکەیان بێگومان بەرزدەبێتەوە. هاوکات نرخی ئەو بەرهەمانەی لەناوخۆ دروست دەکرێن یان وەکخۆی دەمێنێتەوە، یان زۆر کەم دەگۆڕێت. ئەمەش وادەکات بەرهەمی ناوخۆ کەمێک ببوژێتەوە.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە