هێڵی هه‌ژاری

کەسێک لە کوردستان ٥٠٠ هەزار کەمتری هەبێت هەژارە، لە عێراقیش ٣٧٠ هەزار کەمتر. ئەمەی خوارەوە سەلماندنەکەیەتی قسەکردن لەسەر عێراق قورسە چونکە داتای وردی نییە بەڵام بە ڕەچاوکردنی داتاکانی بانکی جیهانی و تێگەیشتنی خۆم قسەیەک لەسەر مەسەلەی هەژاری ئەکەم. کۆی ژمارەی دانیشتوانی عیراق ٤٠ ملیۆنە. ژمارەی هێزی کار (ئەوانەی کار ئەکەن و ئەوانەش کە بەدوای کاردا ئەگەڕێن) نزیکەی ١١ ملیۆنە و ڕێژەی بێکاری ١٣% یە لە هێزی کار. ڕێژەی پشت پێبەستووی (ڕێژەی ئەوانەی لە خوار ١٥ ساڵ و سەروو ٦٥ ساڵن بۆ ئەوانەی لە نێوان ١٥ - ٦٥ ساڵن) ٧٠% یە. ئەمە واتە ١٦،٥ ملیۆن کەس مناڵ و پیرن و ناتوانن کار بکەن. باقیەکەی کە دەکاتە ٢٣،٥ ملیۆن دابەش دەبن بەسەر چەند گروپێکدا؛ ١١ ملیۆن هێزی کار پێکدەهێنن، ماوەکەی کە دەکاتە ١٢،٥ بریتین لە خوێندکار (سەرو ١٥ ساڵ)، ئەوانەی نایانەوێت کار بکەن (ژنی ماڵەوە بە نموونە)، ئەوانەی ناتوانن کار بکەن (نەخۆش، کەم ئەندام). کۆی هێزی کار کە دەکاتە ١١ ملیۆن تەنها ٩،٥ ملیۆنی کاردەکات چونکە ڕێژەی بێکاری ١٣% یە. بە پێی ئەم قسانە ڕێژەی دامەزران (کەرتی گشتی و تایبەت: ٩،٥ ملیۆن دابەشی ٤٠ ملێۆن) دەکاتە ٢٤% ی کۆی دانیشتوان بەڵام بە داتای بانکی ناوەندی ڕێژەکە ٣٦% یە. ئەمە بەشێکی پەیوەندی بە خراپی کوالیتی داتاوە هەیە، بەشەکەی تریش ڕەنگە حسابکردنی سەروو ٦٥ ساڵیش بێت، ئەمە جگە لە گەندەڵی و ناوی تەزویر و بن دیوار لە کەرتی گشتیدا. جا وەرە ئەوروپی تێبگەیەنە #بندیوار چییە 😁 با بڵێین داتاکە ڕاستە و ٣٦% خەڵکی عێراق کار ئەکەن. کەواتە لە سێ کەس تەنها یەک کەس کار دەکات و دەبێت دوانەکەیتر بژێنت. دیراسەیەکی بانکی ناوەندی هێڵی هەژاری لە عێراقدا بە ١٠٥ هەزار دینار خەمڵاندووە بۆ ساڵی ٢٠١٢ (بۆ کەسێک لە مانگێکدا). لەهەمان کاتدا ١٤٢ هەزار دانراوە بۆ کوردستان چونکە تێچووی ژیان لە کوردستان گرانترە. جا ئەگەر ئەو بڕە پارانە بگۆڕین، پاش هەڵاوسان (هەڵاوسان لەعیراقدا لەماوەی ١٠ سالێ رابردوودا ٢٧% یە)، ئەوا هێڵی هەژاری عێراق ئەبێتە ١٣٣ هەزار و کوردستانیش ١٨٠ هەزار. ئەگەر ئەم پارانە زەڕبی سێ بکەین (چونکە هەر کەسێک ئەبێ خۆی و دوانیتر بژێنێت) ئەوا دەکاتە ٣٧٠ هەزار بۆ عێراق و ٥٠٠ هەزار بۆ کوردستان. کەواتە بۆ ئەوەی بەکەسێک بڵێین لەژێر هێڵی هەژارییەوە نییە لە کوردستان ئەبێت پارەکەی لە ٥٠٠ کەمتر نەبێت، وە بۆ عێڕاقیش ٣٧٠ هەزار. تێبینی: لەم ژمارانەدا ناوەند وەرگیراوە و ڕەنگ نییە بەسەر دانە بە دانەی خەڵکدا جێبەجێ ببێ. بۆ نموونە ئەگەر چوار کەس لە ماڵێکا یەکی ٣٠٠ هەزار وەربگرن هەژار نین، یان کەسێک مانگی ٦٠٠ هەزاریش وەربگرێت بەڵام خێزانێکی چوار کەسی بەخێو بکات هێشتا بە هەژار حسابە.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە