تویتەر چووە گیرفانی مەسکەوە

کەمێک پێش ئێستا: ئێلۆن مەسک گرێبەستی ٤٤ ملیار دۆلاری خۆی بۆ کڕینی تویتەر گەیاندە ئاکام، بەوتەی سێ کەس کە ئاشنان بەم بابەتە. ئەمەش کۆتایی بە یەکێک لە گەورەترین و دراماتیکیترین مامەڵەکان هێنا لەم دواییەدا دوای چەند مانگێک لە ناکۆکی یاسایی لە نێوان دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان و تویتەردا. سەرۆکی جێبەجێکاری تویتەر، پاراگ ئەگراوال و بەرپرسی دارایی نید سیگال چیتر لەگەڵ کۆمپانیاکە نین، بەوتەی دوو کەسی ئاگادار، مەسک ئێستا کاپتنی کەشتیەکەیە. بەپێی ماڵپەڕی بۆرسە، پشکەکانی تویتەر لە ڕۆژی هەینی لە بازرگانیکردن لە NYSE ڕادەگیرێن. ئەمە کۆتایی دەهێنێت بە مامەڵەیەکی چاوەڕواننەکراو و پێشتر نەکراو. مەسک بەپێی قسەی خۆی کەسێکە بڕوای بە ئازادی ڕادەربرین هەیە، بەمجۆرە دەبێتە قەڵغانی پلاتفۆڕمێک کە زۆربەی خەڵکی جیهان پشتی پێدەبەستن بۆ دەستکەوتنی هەواڵ، وە لەلایەن زۆربەی سیاسیەکانەوە بەکاردەهێنرێت. مەسک بەڵێنی داوە کە ژمارەی کارمەند و تێچوونەکان لە تویتەر کەمبکاتەوە، لە هەمانکاتدا ئاستی داهێنان بەرزبکاتەوە لە هەوڵێکدا بۆ دروستکردنی "ئەپێکی نایاب" کە پارەدانی ئۆنلاین، بازرگانی، و نامە لەخۆدەگرێت. هەروەها پەیمانی داوە کە یاساکانی میانڕەوی نێوەڕۆک لە سەکۆکە شلبکات و بان لاببات لەسەر بەکارهێنەرەکانی ڕابردوو،ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ دۆناڵد ترامپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، کە لە کاتی هێرشەکەی شەشی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ بۆ سەر کاپیتۆڵ دەرکرا، بگەڕێتەوە سەر سەکۆکە. وا چاوەڕوان دەکرێت کە ماسک وەک سەرۆکی جێبەجێکار کار بکات تا ئەو کاتەی سەرکردایەتی نوێ هەڵدەبژێرێت. ڕۆژی چوارشەممە سەردانی ئۆفیسی سان فرانسیسکۆی تویتەری کرد بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ستافەکان. هەروەها بە چەند فەرمانبەرێکی گوت کە بەنیاز نییە لەسەدا ٧٥ی کارەکان ببڕێت، بەپێی وتەی کەسێکی ئاشنا بە بارودۆخەکە، ئەمەش ڕاپۆرتێکی پێشووی واشنتن پۆستی پوچەڵکردەوە. لە لێدانی ئاوازێکی جدیتر لە ڕۆژی پێنجشەممە، ماسک بەدوای دڵنیاکردنەوەی ڕیکلامکەرەکان بوو کە زۆرینەی داهاتی ساڵانەی (پێنج ملیار دۆلار) پلاتفۆڕمەکە پێکدێنێت، کە تویتەر نابێتە "ئازاد بۆ هەموو شەڕخوازان" بەڵکو "ئاواتەخوازە ببێتە ڕێزدارترین پلاتفۆرمی ڕیکلام." مەسک لە بنەڕەتدا لە مانگی نیسان ڕازی بوو کە تویتەر بکڕێت بە ٥٤.٢٠ دۆلار بۆ پشکێک. چەند مانگێک دواتر سکاڵای لەسەر کۆمپانیاکە تۆمارکرد بۆ ئەوەی لە ڕێکەوتنەکە پاشگەزبێتەوە و گوایە کۆمپانیاکە وەبەرهێنەکان و یاسادانەرانی چەواشە کردووە بە حسابی ساختە و سایبەر سێکوریتی. تویتەر بەرپەرچی دایەوە و ئەویش سکالای تۆمارکرد لە هەوڵێکدا بۆ ناچارکردنی ماسک بۆ داخستنی کڕینەکە، ئەمەش جەنگی یاسایی هەڵگیرساند. تەنها چەند هەفتەیەک پێش ئەوەی ئەو دووانە بوەستنەوە لە دادگای دێلاوەیر لەسەر بابەتەکە، ماسک ڕایگەیاند کە ئامادەیە کۆمپانیاکە بکڕێت بە نرخەکەی یەکەمجار ئەگەر ڕێکارە یاساییەکە لاببرێت. دادگا فەرمانی بە لایەنەکان کرد کە ڕێگایەک بدۆزنەوە بۆ داخستنی ڕێکەوتنەکە تا ٢٨ی تشرینی یەکەم یان ڕووبەڕووی دادگاییەکی مانگی تشرینی دووەم ببنەوە. ئەمە وەرگێڕان و دەستکاریکردنی هەواڵێکی فاینانشڵ تایمزە، بۆچوونی منی تیا نییە. ٢٨ ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٢٢

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە