کۆنتڕۆڵکردنی ڕێژەی پارە

بانکی ناوەندی بەرپرسە لەکۆنترۆڵکردنی ڕێژەی پارە لەوڵاتدا. کۆی پارە لە وڵاتدا بریتییە لە دراوی مامەڵەپێکراو و یەدەگی بانکەکان (Bank Reserves). ١- دراوی مامەڵەپێکراو (پارەی چاپکراو + پارەی سەرهەژمارە بانکییەکان): سادەترین هاوکێشە کە بەکاردەهێندرێت تا ڕێژەی پێویست پارەچاپبکرێت بریتییە لەم هاوکێشەیەیی میڵتن فریدمان[هەڵاوسان + گەشەکردنی ئابوری (Real GDP Growth) = زیادبوونی پارە (چاپکراوی نوێ) + زیادبوونی خێرایی جوڵانی پارە (خێرابوون یان سستبوونی مامەڵە بازرگانییەکان). بەکورتی: لەماوەی کورتخایەندا چاپکردن دەبێتە هۆی هەڵاوسان. وەک پێشتر باسمکرد ڕێژەی هەڵاوسان ١-٣% ڕێژەیەکی ئاساییە بەڵام دەرچوون لەو مەودایە کێشەیە. بۆ زانیاری لەنێوان ساڵانی ٢٠١٣ - ٢٠٢٠ هەرێمی کوردستان ڕێژەی هەڵاوسانی نێگەتیڤ بوو، واتە نرخی پارە ساڵ بەساڵ زیاددەبوو بەهۆی کەمی پارە لەبازاڕدا. بەداخەوە زانیاری ووردم لەبەردەست نییە تا بزانین ڕێژەکە چەند بوو بەڵام گومان نییە لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەرچاوی پارە بەجۆرێک ١٠٠٠ دۆلار لە ساڵی ٢٠١٨ دا توانای کڕینی (Purchasing Power) زۆر زیاتر بوو لە ١٠٠٠ دۆلار لەساڵی ٢٠١٢ دا. ئەمە پێچەوانەی هەڵاوسانە (Deflation) کە حاڵەتێکی نامۆیە و کەمجار ڕوودەدات. ٢- یەدەگی بانکەکان (Bank Reserves): هەر بانکێکی بازرگانی یەدەگێکی هەیە لە بانکی ناوەندی کە ناتوانێت بەکاری بهێنێت (بیدا بەقەرز بە خەڵک و کۆمپانیاکان یان وەبەرهێنانی پێوە بکات). بۆنموونە ئەگەر بانکێک بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری تێدابێت (ئەر پارەیەی کەلەلایەن خەڵک و کۆمپانیا و حکومەتەوە تیایدا داندراوە بۆ مەبەستی خەزنکردن یان وەبەرهێنان) بڕێکی، بۆ نموونە ١٠%، وەک یەدەگ دەبێت لە بانکی ناوەندی دابنرێت و بەکارنەهێندرێت. ئەم بڕە پارەیە پێویستە هەبێت تا لەکاتی نەخوازراودا کاتێک بەشێکی زۆر لەوانەی پارەیان داناوە لەبانک داوای پارەبکەن بانک توانای هەبێت بیدات، هەروەها بۆ بانکی ناوەندیش گرنگە تابتوانێت کۆنترۆڵی پارە بکات. بانکی ناوەندی چی دەکات؟ بانکی ناوەندی مامەڵە بەم بڕە پارەیەوە دەکات کەلەبانکە بازرگانییەکان وەریگرتووە وەک یەدەگ. بەشێوەیەکی گشتی لەکڕین و فرۆشتنی بۆندی حکومیدا بەکاری دەهێنێت (حکومەت پارە لەبانک وەردەگرێت و پشتگیری پڕۆژەکانی پێدەکات بەڵام بەدڵنیاییەوە سووی دەچێتەسەر). ئەگەر بانکی ناوەندی بیەوێت پارە بخاتە بازاڕەوە بڕێکی زۆر بۆند دەکڕێت، وە بەپێچەوانەشەوە ئەگەر بیەوێت پارە لەبازاڕدا کەم بکاتەوە بۆندەکان دەفرۆشێتەوە. بەم شێوازە بانکە ناوەندییەکان زۆر ئاسان دەیانتوانی کۆنتڕۆڵی پارەبکەن تا ساڵی ٢٠٠٨ چونکە تا ئەوکات ڕێژەی یەدەگ (یەدەگ لەسەر کۆی پارەی دانراو لەبانک) جێگیربوو. بەڵام پاش قەیرانی دارایی جیهان ئەم ڕێژەیە گۆڕانی بەسەردادێت (داینامیکە)، ئەمەش کارەکەی قورستر کردووە بۆ بانکە ناوەندییەکان. کرۆک: بۆ زیاکردنی پارە لە بازاڕدا بانکی ناوەندی پارە چاپدەکات و بۆند لە حکومەت دەکڕێت. بۆ کەمکردنەوەی پارە لەبازاڕدا چاپ کەمدەکاتەوە و بۆند دەفرۆشێت. ئەمەی لێرە باسیدەکەم کرۆکی بابەتەکەیە ئەگەرنا جێبەجێکردنەکەی زۆر لەمە ئاڵۆزترە.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە