کێ پارە دروست دەکات؟

ئەوکات لەکۆلێژی ئەندازیاری ئەمخوێند، ئەم پرسیارە لەمێشکمدا دروستبوو: کێ پارە دروست دەکات؟ لەچەند کەسێکم پرسی بەڵام نەگەیشتمە ئەنجامی ڕوون. وەڵامێکی سادە: ھەر وڵاتێک بانکێکی ناوەندی ھەیە کە پارە چاپدەکات یان دەکرێت گڵۆپی سەوز دابگیرسێنێت بۆ بانکەکانیتر کە پارە چاپبکەن بەپێی ئەوڕێژەیەی کە بانکی ناوەندی ڕەزامەندی لەسەردەدات. بڕیاردەرانی بانکی ناوەندی گوڵبژێرێکن لە شارەزایانی ئابووری بەتایبەت (monetary policy). بڕیاردان لەسەر چ ئەساسێکە؟ ١- پارە لەئابوریدا ھیچ واتایەکی نییە جگەلە پێوەری تێکڕای ئاستی بەرھەم (GDP). لەپۆستێکیتردا باسی کاری (function) پارە دەکەم. جی دی پی بریتییە لە تێکڕای ئەو بەرھەمەی وڵاتێک ھەیەتی لە ساڵێکی تەواودا. سادەترین ھاوکێشەی جی دی پی بریتییە لە کۆی خەرجیەکانی حکومەت، خەرجیەکانی ھاووڵاتیان، وەبەرھێنان، ھەناردەکردن (لێدەرکردنی ھاوردەکردن). بەواتایەکیتر تۆ دەبێت ئەوەندە پارە چاپبکەیت کەپەیدات کردووە. ٢- لەڕاستیدا بانکە ناوەندییەکان کەمێک لەوەزیاتر پارە چاپدەکەن کە وڵاتەکەیان پەیدایکردووە! بۆچی؟ ئەمە وادەکات کە پارەی وڵاتەکە کەمێک بێنرختربێت (بەشێوەیەکی گشتی لەنێوان ١-٣ ٪‏. واتە ھەموو ساڵێک پارە ڕێژەی ١-٣٪‏ ی نرخەکەی لەدەست دەدات. ھۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێگریکردن لە خەزنکردنی پارە لەلایەن ھاوڵاتیانەوە. بەشێوەیەکی گشتی مرۆڤەکان لە ڕیسک دەترسن (کەسی ئاسایی ڕێژەی دڵخۆشبوونی لە بردنەوەی ١٠٠ دۆلاردا کەمترە لە ڕێژەی دڵتەنگبوونی لە دۆڕانی ١٠٠ دۆلاردا). کەواتە ئەگەر ھەڵگرتنی پارە لەحساب بانکیی خەڵکدا ھیچ زیانی نەبێت و پاش چەندین ساڵ ھەمان نرخی خۆی ھەبێت، زۆرینە پارەکانیان خەزندەکەن و ڕێژەی وەبەرھێنان دادەبەزێت. بەمەش چالاکییە ئابووریەکان پەکیاندەکەوێت و ئابوری وڵات شکست دەھێنێت.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە