ناهاوسەنگی دینار

ئەگەر موچەکەت ١٠ هەزار کەمبکا قبوڵی ناکەیت بەڵام هیچ ناڵێی لەگەڵ هەڵاوسانی ٥% کە دەکاتە لەدەستدانی ٥٠ هەزار لەهەر ملیۆنێکی موچەکەت. ئێستا هەڵاوسان لە عێراقدا لەهاوکێشەی نێودەوڵەتی دەرچووە، جگە لە گرانبوونی پەیوەست بە لێکەوتەکانی کۆڤید و شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا، ناهاوسەنگی دیناریشی چووەسەر. ناهاوسەنگی دینار کێشەیەکی نێودەوڵەتی وەک شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا یان کێشەیەکی سروشتی وەک کۆڤید نییە. بەڵکو کێشەیەکی سیاسی ناوچەییە و پەیوەندی بە خراپی ڕەوشی سیاسی و گەندەڵیەوە هەیە لە عێراقدا. کەواتە هەروەک چۆن وەستانەوە بەڕووی گەندەڵی و ئاڵۆزی سیاسی ڕەنگە چارەنوسازبێت، هەمان کاردانەوە بۆ ئەم ناهاوسەنگییەی دینار دروستە. ڕاستە تۆ لەبازار بە دینار شتومەک ئەکڕیت بەڵام لەدەرەوە هاتووە و بەدۆلار کڕدراوە، وە نرخەکەی لەگەڵ نرخی دۆلار یاری ئەکات، نەک دینار. کەواتە تۆ بە دۆلار شتومەک ئەکڕیت و بە دینار موچە وەرئەگریت. ئەوە باسی ئەو شتومەکانە هەر ناکەم کەنرخیان کەمێک گرانە، ئەوانە بەدینار پارە هەر وەرناگرن. برادەرێک وتی چومە لای فیتەریش وتوویەتی حەقدەست ئەکاتە ٢٠ دۆلار! عێراق یەکێکە لەو وڵاتە دەگمەنانەی کە ئەتوانی بە دینار و دۆلار و یۆرۆ و پاوەند شت بکڕیت. هەر ئەمە ڕێخۆشکەرە کە خەڵک تا بۆیان بکرێ دراوی خۆیان بەکارنەهێنن. لە وڵاتانیتر مامەڵە بەهیچ دراوێکەوە ناکرێت جگە لە دراوی خۆیان، تەنها لە بازاڕە داراییەکاندا نەبێت. چارەسەری ڕیشەیی ئەم کێشەیە زۆر قورسە، وەک مایکرۆ کۆنەکەی منە کە بەس کۆنسوڵەکەی مابوو، چووم دەسک و شریتم لای دراوسیێەکمان بۆ هێنا، وەڵا کۆنسوڵەکەش ئیشینەکرد. ئیتر داوای ئەوەشم لێکرد عەیبی نەما بەڵام هیچ پارچەیەکی مایکرۆکەی خۆم لە هاوکێشەکەدا نەمابوو. ئەمە بە کۆمیدی، بە تراژیدی ئەبێ بڵێم گەندەڵی نەمێنێ، بانکەکان ڕێکبخرێن و ببەسترێنەوە بە سویفتەوە، دەستی ئێران لە عێراقدا نەمێنێ، لە مەریخ ئایسکرێم بفرۆشرێ، هتد.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە