هۆیایەتی (Causality)

پەیوەندی نێوان هۆکار و ئەنجام ئەمە باشترین پۆستە لام، تکایە ورد لەگەڵمبە. لە ساڵی هەشتاکاندا لە یەکێک لە کۆڕەکانی پرۆفیسۆر میڵتن فریدماندا ژنێک پرسیاری لێئەکات دەربارەی نایەکسانی سامان، گفتوگۆکە بەم جۆرەبوو: ژنەکە: نایەکسانییەکی زۆر هەیە، کەمینەیەک سامانێکی زۆر زۆریان هەیە کە پێویستیان نییە. فریدمان: ئەی چی لەو پارەیە ئەکەن؟ ئەیخەنە سەرینەوە (ئەم مەسەلەی سەرینە لە ئەمریکاش هەبووە 😁)؟ ژنەکە: نەخێر. فریدمان: ئەی خەرجی ئەکەن؟ ژنەکە: نەخێر تەنها کەمێک کە یەک کەس یان خێزانێک پێویستییەتی. فریدمان: ئەی ئەوەیتر، لە بانک خەزنی ئەکەن؟ ژنەکە: نەخێر، وەبەرهێنانی پێوە ئەکەن. فریدمان: لە چیدا؟ ژنەکە: لە ستۆک و بازاڕە داراییەکان و کۆمپانیاکاندا. فریدمان: ئەی ئەو پارەیە نابێتە هۆی گەشەکردنی ئابوری و زیادبوونی سەرمایە و دروستبوونی هەلی کار بۆ خەڵکی ئاسایی؟ ڕەنگە تێکستەکە ڕێک وەک خۆی نەبێ بەڵام فکرەکە بەوجۆرەیە. ئەمە شێوازی بیرکردنەوەی تەندروستە و تێگەیشتنە لە زنجیرەی هۆکارەکان و دەرئەنجامەکان. با بێینە سەر باسەکەی خۆمان، هێشتا دەستمان پێنەکردووە 🙃 پۆپۆلیزم ڕێک ئەوکاتە لەدایک ئەبێ کە گەل هیچ لە هۆیایەتی نازانێ. پۆپۆلیزم بریتییە لە پێدانی ئەوەی زۆرینە ئەیەوێت بۆئەوەی خۆت خۆشەویست و شیرین بکەیت. هۆیایەتی ئەوەیە تێبگەی چی دەبێتە هۆی چی، واتە ئەنجامەکان لەکوێوە هاتوون. بۆ نموونە ئەگەر باش بخوێنی (هۆ) دەرەجەی باش ئەهێنیت (ئەنجام). کێشەی گەورە ئەوەیە بابەتە کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسییەکان ئاڵۆزن و ئەکرێت خەڵک بگەمژێنیت بەتایبەتیش کەسی سادە کە بە بۆچونی من زۆرینەی خەڵکی ئێمە بە خاوەن شەهادە و پۆستی گەورەشەوە سادەن و ناتوانن ورد سەیری شتەکان بکەن. هۆکار ئەگەڕێتەوە بۆ نەگەیاندنی زانستی باش لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندندا. لەوەش کارەساتتر خوێندکار بەکالۆریۆس و هەندێجار ماستەریش تەواو ئەکات بابەتی هۆیایەتی بەباشی ناخوێنێ. هەڵبەتە بابەتەکە خۆی قوڵە، ئەکرێ دکتۆرا بەس لەسەر هۆیایەتی بخوێنیت بەڵام لانی کەمی تێگەیشتن لێی و شێوازی کارکردنی پێویستی هەموو کەسە. با تۆزێک زیاتر وردببینەوە بە هێنانەوەی نموونەیەک. لە ئێستادا ستۆرییەکی زۆر ئەبینم لەسەر گۆرانیبێژێک (هونەرمەند نا، گۆرانی بێژ). ئەمە چییە چوار ستۆری کردووە لەسەر بابەتی ژینا و ڕاپەرینی ڕۆژهەڵات (کە دەستی خۆشبێ) خەڵک وائەزانن خۆی یاوەتە بەر گولە، بابە گیان ئەوانەی بەر گولە کەوتن مردن و ناویشیانمان نەزانین. ئەو ڕێک ئەوکاتەی قۆزیەوە (پۆپۆلیزم ئەمەیە) تا بازاڕی داهاتووی گەرم بکات. ئەوەی جێیداخە لە ستۆرییەکان ئەبینم بە گۆرانیبێژی چاک باسی ئەکەن (نەک خاوەن هەڵوێست). ئەمە ڕێک وەک ئەوەیە تۆ لە وانەکانی کیمیا و فیزیا و بیرکاری خراپبیت و لە ئینگلیزی زۆر باشبیت، بەڵام مامۆستاکانی زانستەکان بڵێن ئافەرین با دەرجەی باشت بدەینێ چونکە لە ئینگلیزی زیرەکیت. ئەتوانی بڵێی کابرا خاوەن هەڵوێستە (هەرچەندە وەک وتم پۆپۆلیستە) بەڵام ناکرێ بڵێی وەڵا لە ناسری ڕەزازی و مەزهەری خالقی هونەرمەندی چاکترە و دەنگی خۆشترە 😁 ڕێک لێرەیا دەرئەکەوێ کە خوێندنی باش چەندە گرنگە. ئەو وێنەیەی لەگەڵ ئەم پۆستە دامناوە تێکستی کەسێکی ورد و خوێنەوارە کە ئەتوانێ لە یارییەکان تێبگات و نەگەمژێت. جا ڕێک لێرەیا قسەکەی ڕیچارد فاینمانم بیرکەتەوە کە ئەڵێ، "بنچینەی یەکەم ئەوەیە کە نابێ خۆت بگەمژێنیت، بەڵام تۆ ئاسانترین کەسیت بگەمژێیت." هەرکات وریابوویت کە نەگەمژێیت ئیتر خەڵکیش ناگەمژێنیت و خەڵکیش هەوڵی گەمژاندنت نادەن چونکە ئەزانن نێچیرێکی ئاسان نیت. کەواتە چی بکەین: ١- خۆت مەگەمژێنە و ڕاستگۆبە لەگەڵ خۆت. ٢- وردبە، بە دوو قسەی بریقەداری بێ بنەما لەسەرخەت لامەیە. ٣- کاتێ کەسێک کارێک ئەکات بزانە بۆچی ئەیکات بەدەر لەوەی کە خۆی ئاماژەی پێئەدات و لەبەرچاوانە. ٤- کاتێک ئارگومێنتێک ئەبیستیت بزانە لەسەر بنەمای چی دامەزراوە. ٥- بیر لەهەموو ئەو هۆکارانە بکەرەوە کە دەبنە هۆی دروستبوونی دەرئەنجامەکە، تەنها یەک دانەی بەدڵی خۆت هەڵمەبژێرە. ٦- کاتێ پشگیری پێشنیارێک (یاسایەک) ئەکەیت تەنها بیر لەو ئەنجامە مەکەرەوە کە ئەتەوێت بەڵکو بزانە ئەم پێشنیارە (یاسایە) کاریگەری لەسەر چیتریش ئەبێت. ٧- تەنها لەگۆشەنیگای خۆتەوە مەبینە و بزانە چیتریش لە ئارادایە. ٨- لەکۆتایدا دەرئەنجامەکان بگشتێنە (ماکرۆ) و بزانە سەرجەم قازانج و زیانەکانی چین، پاشان بەڵێ و نەخێر بکە. ٩- ئەگەر دوای ماوەیەک دەرکەوت بەڵێ یان نەخێرەکەت هەڵەیە، بەلاتەوە ئاسایی بێت، خۆت ئەپدەیت بکە بۆ جاری داهاتوو وردتربە. بۆ نموونە من تێناگەم بۆچی شانازی بە بەڵێی ڕیفراندۆمەوە ئەکەیت کە هیچی باشی بۆ نەهێناین. ئەوسا قەینا نەتئەزانی بەس ئێستا چی؟ ئەزانم بابەتەکە وردتر لەوەیە کە دەرئەکەوێت بەڵام لەم پۆستەدا هەر ویستم شتێکی سادە باسبکەم. کۆی ئەم بابەتە لە داهاتوودا بە دە کاتژمێر ئەکەمە کۆرسێک. هیوادارم لە بنچینەکەی گەیشتبیت.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە