ڕۆشنبیریی کڕین

تۆ سەیری ئەو ناونیشانە بکە، هەر بەجدی کڕینیش ڕۆشنبیری ئەوێ؟ ئەروەڵا، ئیتر ئاوایە. خوێندنەوەیەکی گشتی ئەکەم لەسەر ڕۆشنبیری کڕین لەچەند لایەنێکەوە. ١- پێویستیەکان: ڕەنگە ئەمە زۆر سەرەتایی بێت، بەڵام بڕوابکەن زۆرکەس هێشتا پێوسیتییەکانی ژیانیان نیە و شتگەلێک ئەکڕن کە بۆ ئەوان ئەکەونە خانەی لۆکژەرییەوە. بەپێی هەرەمی ماسلۆ مرۆڤ پێش هەموو شتێک پێویستی بە خواردن و خواردنەوە و شوێنی مانەوەیە. پاشان سەلامەتی و دڵنیایی، پاشان پەیوەندی و هاوڕێ و هتد. جا هەر بەم پێوانەیە، ناکرێ جەنابت دڵت نەیات شەش مانگ جارێک پشکنینی گشتی بکەیت و لە تەندروستی خۆت دڵنیابیتەوە بەڵام سەیارەکە دوو دەفتەریەکەت بگۆڕی بە مۆدێلی بەرزتر، یان مۆبایلەکەت کە ساڵێکە کڕیوتە و هێشتا بەزیادەوە هەموو ئەوشتانە ئەکا کە تۆ پێویستتە بەڵام خەمتە لە مۆدێل دواکەوی. کەواتە، تا پێویستییەکانت پڕنەکەیتەوە مەچۆ بۆ کەمالیات. ٢- بەها: بیرتنەچێ شتێک بکڕە کە بەهای بۆتۆ هەیە. بۆ نموونە ئەگەر جلێک ئەكڕی و لەبەری ناکەی مەیکڕە. ئەگەر شتێک نرخەکەی لەبەهاکەی زیاترە و بژاردەی ترت لەبەر دەستە دیسان مەیکڕە. شت مەكڕە تا دڵی خەڵک بتەقێنی، ئەوە بکڕە کە بەها ئەدا بەتۆ. من نازانم چی بەها ئەدا بەتۆ، بەڵام ئەزانم شتانێک هەن کە بەها نادەن بەتۆ و ئەیانکڕیت، بوەستە لەوە. دڵنیات ئەکەم کەس وەک خۆت لە ژیان و بیرکردنەوە و حەزەکان و پێویستییەکانت تێناگا، بۆیە بەقسەی کڕیار و دەوروبەر شت مەکڕە. بۆ نموونە ئەگەر ئایفۆنی ١٣ ئەوشتانەی تیایە کە تۆ ئەتەوێت و حەزت پێیەتی بیکڕە، بەڵام ئەگەر لەبەرئەوە ئەیکڕی هاوڕێکانت پێیانە و ئەگەر تۆ پێتنەبێ هەستەکەی کەمتری لەوان، مەیکڕە. خەڵک بەهای تۆ لەخۆتا ئەبینێ نەک لە ئایفۆنەکەت. ئەکرێ مۆبایلێکی سادەت پێبێ و پڕ بەهابی لای خەڵک، وە ئەشکرێ ئایفۆنی ١٣ پێبێ و بێ بەها بیت. وەک وارن بەفێت ئەڵێ "نرخ ئەوەیە کە ئەیدەیت، بەها ئەوەیە کە دەستت ئەکەوێت." ٣- بەرهەمی باش: هەوڵبدە لەو فرۆشیارانە بکڕە کە بەرهەمی باشیان هەیە. ئەمە کلتورێکی جوان دروست ئەکات و ئەگەر سەرجەممان وابکەین فرۆشیارەکان ناچارئەبن بەرهەمی باش بخەنە بازاڕەوە. قسەیەک هەیە ئەڵێ، "هەژارم، بۆیە ئەبێ شتی باش بکڕم. چونکە پارەم نییە شتی خراپ بکڕم کە بەرگە ناگرێ و ئەبێ دیسان بیکڕمەوە." قسەیەکیتر هەیە ئەڵێ، "شتی هەرزان گران ئەکەوێ." هەر بەڕاست نرخ گرنگە، بەڵام تا ئەو جێیەی کوالیتی تێکنایات. ئەگەر تێکیدا ئەوە هیچ. هۆکاری ئەو هەموو بەرهەمە خراپە لەبازاڕا ئەوەیە کە ئێمە بەس یەک سەنت هەرزانتربێ هیچ بەلامانەوە گرنگ نییە چەند کوالیتی خراپە. ٤- ڕێزگرتن: مرۆف پێویستە ڕێزی لێبگیرێ لەهەر شوێنێک بێت. پێشنیار ئەکەم ئەگەر شتێک کەتۆ ئەتەوێ لەیەک شوێن هەبوو لەشارەکەتا، بەڵام بێڕێزبوون بەرامبەرت هەر مەیکڕە. نابێ بهێڵین وا بۆ خەڵک بچێتە سەر هەر لەبەرئەوەی ئەو هەیەتی ئەتوانێ بێڕێزی بکات. ئەگەر نرخ و کوالیتیش باش بوو بیری بخەرەوە کە ڕێز لەو شتانە لەپێشترە. ٥- فرۆشیاری باش: فرۆشیاری باش ئەوکەسەیە کە گرنگی بەخۆت و پێداویستییەکانت ئەدا. کارەکەی خۆی خۆشئەوێ و جگە لە پەیاکردنی پارە ڕێز لە کارەکەیی و کڕیارەکانی ئەکڕێت. ئەکرێ تۆش ئەم جۆرە فرۆشیارانە لەیاد نەکەیت. ٦- دەستگێڕ و دوکان: پێشنیار ئەکەم تا بۆتئەکرێ پشتگیری کاسب و دەستگێڕ و خاوەنکارە بچووکەکان بکەیت. تۆ ئەتوانی باڵانس دروستبکەیت و یارمەتیدەری ئەمانەبیت، کۆمپانیا گەورەکان پێویستیان بەمە نییە. ئەو شتانەی لای ئەمان دەستت ئەکەوێ لایان بیکڕە، دڵنیام کەمتریشت لێوەرەگرن. ٧- چاکەی گشتی: پێوسیتە چاک و خراپ لێک جیا بکەینەوە. هەندێک کۆمپانیا و خاوەنکار بەدەر لە کارەکەی خۆیان شتگەلێک لە چاکەی گشتی ئەکەن و هەندێک پرۆژەی باش بەشێوەی جیا جیا ئەمجام ئەدەن. ئێمە ئەبێ ئەمە لەبەرچاو بگرین و ئەگەر پێوسیتمان بوو لەمان بکڕین تا بەرانبەرەکانیان. بەمشێوەیە هەموولا هەوڵی چاکەی گشتی ئەدەن. ٨- ژینگەدۆستی: تا بۆمان ئەکرێ پشتگیری ئەو کۆمپانیا و خاوەن کارانە بکەین کە چ لەشێوازی بەرهەمهێنانەکەیان چ لە ڕێگەی پرۆژەی تایبەت خزمەت بە ژینگە ئەکەن. ئەزانم زۆرکەس گرنگی بەمە نادا و وائەزانێ ئەم ژینگەیە هەروائەبێ، بەڵام پەیوەستە بە شێوازی بەکارهێنانی ئێمەوە.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە