فیسكاڵ پۆڵسی (باج و خه‌رجی): لیز تره‌س و ڕیشی سوناك

پاش ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی بۆریس جۆنسن له‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌ریتانیا هه‌ریه‌كه‌ له‌ لیز تره‌س و ڕیشی سوناك خۆیان هه‌ڵبژراد بۆ وه‌رگرتنی سه‌رۆكایه‌تی پارتی پارێزگاران و حكومه‌تی به‌ریتانیا. له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ڕیشی سوناك باشتر و كاریگه‌رتر ده‌ركه‌وت به‌ڵام ماڵی میدیا ئاوابێت شتیوات بۆ زیندووئه‌كاته‌وه‌ هه‌ر خۆشت بیرت نه‌ماوه‌. چه‌ند هۆكارێك وایانكرد ڕیشی سوناك چانسی بردنه‌وه‌ی كه‌مبكات، له‌وانه‌ ده‌ركه‌وتنی له‌ دۆكۆمێنتارییه‌كدا كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ئه‌كات كه‌ هاوڕێی نییه‌ له‌ چینی ئاسایی كۆمه‌ڵگا (ۆركین كلاس). جگه‌ له‌وه‌ش زۆر به‌ توندی دژی پرسی كۆچی نایاسایی قسه‌ی كرد هه‌رچه‌نده‌ خۆیشی له‌ خێزانێكی هینده‌ و دایك و باوكی له‌ هیندستانه‌وه‌ هاتوون بۆ به‌ریتانیا. جا ئه‌مه‌ له‌ به‌ریتانیا كێشه‌یه‌ چونكه‌ واقعه‌‌كه‌ شتێكیتره‌ و به‌رده‌وام پێویستی به‌ چینی كرێكار هه‌یه، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ كاریگه‌ری به‌ریتانیه‌ به‌ڕه‌گه‌ز بیانییه‌كان‌. له‌مانه‌ خراپتر مه‌له‌فی ژنه‌كه‌ی ئاشكرابوو كه‌ باج له‌ هیندستان ئه‌دا له‌جێی به‌ریتانیا، ئه‌مه‌ش وایكرد متمانه‌ی كزببێت له‌ ‌به‌ڕێوه‌بردنی دارایی وڵاتدا. به‌ده‌ر له‌م فاكته‌رانه‌ سوناك له‌خێزانێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌، به‌ خۆی و خێزانه‌كه‌ی خاوه‌نی نزیكه‌ی‌ ٧٣٠ ملیۆن پاوه‌ندن. ئه‌مه‌ ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن هه‌بوو چونكه‌ زۆرێك له‌ ئه‌ندامه‌كانی پارتی پارێزگاران وابیرده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ سوناك ناتوانێ نوێنه‌ری فعلی خه‌ڵكی به‌ریتانیا بێت و ڕه‌نگه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا پارته‌كه‌یان كورسی زۆر له‌ده‌ست بدات ئه‌گه‌ر سوناك ببێته‌ سه‌رۆك. سوناك باگراوندێكی به‌هێزی له‌ ئابوری و بزنز هه‌یه، له‌ زانكۆكانی ئۆكسفۆرد و ستانفۆرد خوێندویه‌تی.‌ زۆربه‌ی فكره‌كانی له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی ئابوری به‌ریتانیا كۆكبوون له‌گه‌ڵ بیردۆزه‌كانی ئابوریدا، له‌كاتێكدا لیز تره‌س ته‌ركیزی له‌سه‌ر سیاسه‌ت زیاتر بووه‌ و ئه‌زموونی ئابوری كه‌متره‌. ئه‌وه‌ی به‌ده‌ست حكومه‌ته‌ فیسكاڵ پۆڵسیه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ دوو لایه‌نی سه‌ره‌كی: خه‌رجكردن و باج. لیز پلانه‌كه‌ی وابوو كه‌ پێویسته‌ به‌ریتانیا باج كه‌مبكاته‌وه‌ تا كۆمپانیاكان به‌ریتانیا جێنه‌هێڵن، به‌م شێوه‌یه‌ بزنزه‌كان ئۆفیسه‌ سه‌ره‌كییه‌كانیان ده‌هێننه‌ له‌نده‌ن و له‌وی باجئه‌ده‌ن له‌جێی وڵاتانیتر. له‌ به‌رامبه‌ردا خه‌رجكردنی زیادكرد، به‌تایبه‌ت گره‌نتیكردنی نرخی سوته‌مه‌نی بۆ هه‌موو ماڵێك و كۆمپانیایه‌ك له‌ به‌ریتانیا، باقیه‌كه‌ی حوكمه‌ت ئه‌یدات. به‌م شێوه‌یه‌ حكومه‌ت‌ داهاتی كه‌م ده‌بێت (كه‌مكردنه‌وه‌ی باج) و خه‌رجی زیادده‌كات (دانی پاره‌ی سوته‌مه‌نی ماڵان و كۆمپانیاكان). ئه‌ی ئه‌م بۆشاییه‌ به‌چی پڕ ئه‌كرێته‌وه؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی بریتییه‌ له‌ قه‌رز (بۆند). ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌‌ پێویست بوو بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆشاییه‌ بریتیبوو له‌ ٤٥ ملیار پاوه‌ند. چی ڕووئه‌دات ئه‌گه‌ر پێویستت به‌ قه‌رزی ده‌ره‌كی بێت به‌و قه‌باره‌ گه‌وره‌؟ بێگومان سه‌قامگیری ئابوری كزئه‌بێت، سودی قه‌رز (سوو) به‌رزده‌بێته‌وه‌، نرخی دراوه‌كه‌ت دائه‌به‌زێت، ڕیسك زیادده‌بێت. هه‌ر له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا ئه‌مانه‌ هه‌موویان ڕویاندا و قه‌رزی خانوو (مۆرگه‌یج) و بیمه‌ (ئینشورانس) فڕین، له‌كاتیكدا پاوه‌ند چوه‌ نزمترین ئاستی. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه،‌ به‌هۆی ناجێگیری سیاسی و دارایی به‌ریتانیه‌وه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا (به‌هۆی برێگزته‌وه‌) گۆڕانه‌كان زۆر خێرابوون و له‌وه‌ش به‌هێزتربوون كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كر‌ان. به‌م شێوه‌یه‌ گرانی له‌ به‌ریتانیا زیاتربوو كه‌ خۆی له‌خۆیدا هه‌رهه‌بوو به‌هۆی هه‌ڵئاوسانی په‌یوه‌ندیدار به‌ گرانبوونی سه‌رچاوه‌كانی وزه‌وه‌ له‌ ئاكامی شه‌ڕی ڕوسیا و ئۆكرانیادا، ئه‌مه‌ چووه‌ بان ئه‌و هه‌ڵاوسانه‌ی كه‌ كۆرۆنا به‌دیاری هێنابووی. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ له‌كاتی بانگه‌شه‌كاندا له‌ لیز تره‌سیان پرسی ئایا ئه‌م پلانه‌ كارئه‌كات له‌كاتێكدا زۆربه‌ی ئابوریناسه‌كان له‌گه‌ڵیدانین؟ لیز وتی به‌لامه‌وه‌ گرنگ نییه‌ ئابوریناسه‌كان چی ئه‌ڵێن، من ئه‌وه‌ ئه‌كه‌م كه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ ڕاسته‌. خۆی ڕه‌نگه‌ ئه‌م فیسكاڵ پۆڵسیه‌ی لیز له‌ بارودۆخی ئاسایدا كاربكات، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر بارودۆخی سیاسی و ئابوری وڵات جێگیربێت، حكومه‌ت پاره‌ی یه‌ده‌گی زۆربێت و پێویستی‌ به‌ قه‌رزی گه‌وره‌ نه‌بێت. ئه‌وسا ئه‌كرێ به‌و پاره‌یه‌ی كه‌ حكومه‌ت هه‌یه‌تی ئه‌و بۆشاییه‌ پڕبكرێته‌وه‌ تا گه‌شه‌ی ئابوری ئه‌كه‌وێته‌ سه‌رپێ. كاتێ باج له‌سه‌ر كۆمپانیاكان كه‌مئه‌كه‌یته‌وه‌ بێگومان سێ گۆڕانكاری ڕووده‌ده‌ن به‌ڵام هیچیان كورتخایه‌ن نین. یه‌كه‌م دروستبوونی كۆمپانیای نوێ، دووه‌م گواستنه‌وه‌ی ئۆفیسی سه‌ره‌كی و باجدانی كۆمپانیا بیانییه‌كان بۆ وڵات، سێیه‌م كه‌مكردنه‌وه‌ی دووباره‌ وه‌به‌رهێنان له‌كۆمپانیاكان و ڕاپۆرتكردنی قازانج. ئه‌م سێ هۆكاره‌ ده‌بنه‌هۆی زیادبوونی داهاتی حكومه‌ت و هه‌ڵكشانی دامه‌زراندن كه‌ هه‌ردوولاوه‌ پاره‌ بۆ حكومه‌ت ده‌هێنن. به‌ڵام لیز تره‌س پلانه‌كه‌ی تیۆری بوو،ئابوریناسه‌كان زیاتر پراكتیكی بوون و ئه‌یانزانی ئێستا كاتی ئه‌وه‌ نییه‌، حاڵی بازاڕ به‌ده‌ست كێشه‌ی وزه‌وه‌ شڕبوو، تۆش كێشه‌یه‌كیتری بۆ زیادبكه‌یت. هه‌چه‌نده‌ لیز بووه‌ سه‌رۆك و بۆ ماوه‌ی ٤٤ ڕۆژ سه‌رۆكایه‌تی كرد به‌ڵام هه‌ر ئه‌و‌ ڕۆژه‌ دۆڕا كه‌ وتی (به‌قه‌ولی خۆمان) حساب بۆ ئابوریناسه‌كان ناكه‌م. با بیرتان بخه‌مه‌وه‌ له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان ئابوری ڕه‌گوڕیشه‌ی سیاسه‌ته‌، بچوكترین هه‌ڵه‌ی ئابوری كۆتایی به‌ ژیانت ئه‌هێنێت. بازاڕه‌ داره‌ییه‌كان ده‌سه‌ڵاتیان له‌ سیاسیه‌كان زیاتره‌. ته‌نها كاتێك سیاسی سه‌لامه‌ته‌ كه‌ كاریگه‌ری خراپ نه‌كاته‌ سه‌ر بازاڕه‌كان چونكه‌ داینه‌مۆی ئابورین.

نوێترین بابەت

بابەتی هاوشێوە